پێگەى جوگرافیی عێراق شوێنێکى ستراتیژییە، بەڵام لە هەمان کاتدا بووەتە هۆی ئەوەی ئەم وڵاتە هەمیشە لە ناوەندی ئاڵۆزی و گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێت، هەروەها دۆخى ناوخۆش زۆر باش و جێگر نییە، لەم دۆسییەدا تیشک دەخەینە سەر گرنگترین ڕووداوەکانى عێراق لەماوەى ئەم هەفتەدا.
هەڕەشەکردن لە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانى عێراق
دواى ئەوەى دەنگۆى گەمارۆدانى گرووپە چەکدارەکان لە جورف سخر بڵاو بوویەوە، محەمەد ناجی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی ڕێکخراوی بەدر ڕایگەیاند، بەکارهێنانی هێز لە داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکانى عێراق ڕەتدەکەنەوە، ئەوەی پێمان گەیشتووە ئاماژە بە سەپاندنی هێز دەکات، ئەگەر ڕاست بێت، بەزاندنێکی گەورەیە و ڕێگە بە سەرۆکوەزیران و بە هیچ کەسێکی تر نادەین بگەنە ئەم ئاستە لە مامەڵەکردن لەگەڵ براکانی بەرگری (مقاوەمە)، چونکە ئەوە دەرگا لەسەر فیتنەیەکی ناوخۆیی دەکاتەوە کە سوودمەندی یەکەم و کۆتایی لێی ئەمریکا و ئیسرائیلە و ئەوانەن کە زەفەرمان پێ دەبەن.
وەرگرتنەوەى چەند بنکەیەکی سەربازی لە حەشدی شەعبی
هێزەکانی سوپا چەند بنکەیەکی سەربازییان لە حەشدی شەعبی وەرگرتووەتەوە لە سەماوە و ناوچەی ئامرلی، ئەوەش دوای ڕێککەوتنێکی هەردوولا بوو.
ڕێکخستنەوەى چەک کام گرووپانە دەگرێتەوە؟
سەعد مەعن سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ڕایگەیاند، حەشدی شەعبی بە بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەژمار دەکرێت و تەواوی ئەندامەکانی لە چورچێوەى یاسا سەربازییە بەرکارەکانن، بڕیاری کۆکردنەوە چەک و هێشتنەوە لە دەستی دەوڵەت ئەو لایەنانە دەگرێتەوە، کە پەیوەندیدار نین بە دامەزراوە ئەمنییەکانەوە.
هاوکات وتیشی: ژمارەیەک لە گرووپەکان بە کردەیی دەستیان بە ڕێکارەکانی ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە لایەنە فەرمییەکانی حکومەت کردووە، ڕێکخستنەوەى چەکیش هەموو چەکێک دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدایە.
مەرجەکانى گرووپە چەکدارەکان بۆ دانانى چەکەکانیان
کەتیبەکانی حزبوڵای عێراقی سێ مەرجیان بۆ دانانى چەکەکانیان دیارى کردبوو، مەرجەکانیش، کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا، کشانەوەى هێزەکانى دەوڵەتی تورک، هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە بوو.
سەردانى شاندێکى عێراق بۆ هەولێر
سەرەتای ئەم هەفتەیە قاسم عەبودیی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی بە سەرۆکایەتی شاندێکى ئەمنیی باڵا گەیشتە هەولێر، دواتر لیژنهی باڵای تایبهت به جێبهجێكردنی بڕگهكانی ڕێككهوتنی ئهمنی نێوان عێراق و ئێران له ههولێر كۆبووهوه، له كۆبوونهوهكهدا تاوتوێی ئهو بڕگانهی ڕێككهوتنهكه كرا كه جێبهجێكراون، جهختیشی له بهردهوامیی ههماههنگیی هاوبهشی نیوان حكومهتی فیدراڵی و حكومهتی ههرێم كرایەوه بۆ جێبهجێكردنی ڕێككهوتنه ئهمنییهكه.
هەڵوێستى حکومەتى عێراق لەسەر هێرشەکەى هەولێر
دواى ئەوەى بەدرۆنێک هێرش کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەرى هەرێمی کوردستان، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانى عێراق فەرمانی بە پێكهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە کرد، بۆ ئاشکراکردنی سەرچاوەی ئەو هێرشە.
سەردانى قالیباف بۆ عێراق
دوێنێ محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانى ئێران بە سەرۆکایەتیی شاندێکی پەرلەمانیی گەیشتە بەغداد و لەلایەن عەدنان فەیحان جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراقەوە پێشوازى لێکرا، دواتر لەگەڵ هەیبەت حەلبوسی و سەرۆکى لیژنەکانى پەرلەمان کۆبوویەوە، پاشان ڕۆشتە لاى سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران.
هەروەها ئەمڕۆش لەگەڵ فایەق زەیدان سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی کۆبوویەوە، قالیباف بۆ بەجێگەیاندنى مەراسیمى ئاینى گەیشتە کەربەلا و بڕیارە چەند ڕۆژێک لە عێراق بمێنتەوە.
گرنگترین ئەو دۆسییانەى قالیباف لەگەڵ حکومەتی عێراقدا تاوتوێیان کرد، بریتین لە چەک داماڵینی گرووپەکان و تاوتوێکردنی هاوکاریی ئابووریی نێوان هەردوو وڵاتە، هاوشانی بەرزبوونەوەی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگ لەگەڵ ئەمریکادا، هەروەها تاوتوێی ڕێگەدان بە حکومەتی عێراق کرا بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە لە بەرامبەر دانانی بەشێک لەو قەرزە داراییانەی کە کەوتوونەتە سەر عێراق.
قالیباف لەگەڵ حکومەتی عێراقدا تاوتوێی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەى کرد، کە دەست ئێران کەوتوون و پەیوەندیدارن بە چەکدارکردنی کۆمەڵێک هێزی ئۆپۆزسیۆنی کوردیی ئێرانی لەلایەن ئەمریکاوە کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، بە مەبەستی جوڵاندنیان بەرەو سنوورەکانی ئێران و کردنەوەی بەرەیەک دژی ئێران لە ناوخۆی عێراقەوە.
دەستگیرکردنى گەندەڵکاران و گەڕاندنەوەى پارەى دەوڵەوت
هێزێكی ئهمنی سهر به دهستهی دهستپاكی خالید غهزای عهتییه بریكاری وهزارهتی كارهبایان بۆ كاروباری گواستنهوه و دابهشكردن دهستگیركرد.
هاوکات دەستەی دەستپاکیی عێراق دەستگیرکردنی ئەفسەرێکی بە پلەی عەمید ڕاگەیاند، بە بڕی ١٥ هەزار دۆلار بەرتیلی وەرگرتووە لەبەرامبەر گۆڕینی زانیارییەکانی نێو دۆسییەی تاوانبارێک.
هەروەها دادگا سزای حەوت ساڵ زیندانیکردن بە شێوەی ئامادەنەبوو بۆ عەمار جەبر خەلیل، پارێزگاری پێشووتری سەڵاحەدین دەرکرد، بەهۆى ئەو سامانەی خۆی و خێزانەکەی بە نایاسایی بەدەستیان هێناوە.
دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە عێراق ئاشکرای کرد، توانیویانە زیاتر لە ٣٨٠ هەزار خێزانی سەرپێچیکار بدۆزنەوە، کە بە هەڵە یان نایاسایی لە مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی سوودمەند بوون.
دەستەی دەستپاکی عێراق، دەستگیرکردنی شەش تۆمەتباری ڕاگەیاند، کە یەکێکیان بەرپرسی یەکێک لە فەرمانگەکانی شارەوانیی پارێزگای ئەنبارە، بەهۆی وەرگرتنی بڕە پارەیەک بە شێوەیەکی نایاسایی، لە پرۆژەیەکی وەهمی.
وەزارەتى کارەبای عێراق بڵاوى کردەوە، دەستیان بەسەر یەکێک لە گەورەترین و بەرفراوانترین تۆڕەکانی گەندەڵی وەزارەتەکەیان گرتووە، کە ٥٤٩ کەسیان بە بن دیوار دامەزراندووە، ئەم کارەش بە هاوبەشی لەگەڵ چەند لایەنێک بووە، دیارترینیان بانکى ڕەشیدە، هەروەها ڕێنماى بۆ دوورخستنەوەى هەموو ئەو ناوانە دەرکراوە.
ئەحمەد لوعەیبی وتەبێژى وەزارەتی دادی عێراق ڕایگەیاند، دواى ئەوەى سکاڵای یاسایی لەسەر ژمارەیەک کۆمپانیا بیانی و عەرەبییەکان لە دەرەوەی وڵات تۆمارکرا بوو و سزادرابوون، توانرا بڕی زیاتر لە ٦٨ ملیۆن دۆلار بۆ دامەزراوە حکومییەکان بگەڕێندرێتەوە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە دەستکاریی وەسڵە داراییەکان و زیانگەیاندن بە سامانی گشتی، توانیویانە پێنج بەرپرس لە یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی لە پارێزگای بابل دەستگیر بکەن.
پایتەختی کشتوکاڵی عێراق
لەمیانەی کۆبوونەوەیەکی عەلی زەیدی و شاندێکی پارێزگای دیوانیە، زەیدی پارێزگاکەی وەک پایتەختی کشتوکاڵی و سەبەتەی خۆراکی عێراق ناساندووە و بڕیاریشیداوە بە تەرخانکردنی یەک ترلیۆن دینار بۆ گەشەکردنی کەرتی کشتوکاڵ و کەرتەکانی دیکەی پارێزگاکە.
خۆپیشاندانى دەرچووانى زانکۆ
دەرچووانى بەشە پزیشکییەکانی زانکۆکانى عێراق ماوەى چەند ڕۆژێکە دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و داواى دامەزراندن دەکەن، بەڵام لە بەشێکى خۆپیشاندانەکاندا گرژی درووست بوو و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە گازی فرمێسکڕێژ و بۆمبی دەنگی هەوڵی بڵاوەپێکردنیان درا، خۆپیشاندانەکان تا ئێستاش بەردەوامە.
هـ.ئ
