سلێمانی

لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران، هونەرمەندان و توێژە جیاوازەکان، لە لایەن گرووپی کیژانی کوردستان بە میوزیک و گۆرانی ٥٤هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی کورد، حەسەن زیرەک بەرز ڕاگیرا.

ئەمشەو، لە ماڵی ئەحەی کوڕنو لە شاری سلێمانی، گروپی کیژانی کوردستان بە هاوکاری کۆمەڵەی هونەری میلی کوردستان، بە ئاواز و گۆرانی یادی ٥٤هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی کورد، حەسەن زیرەکیان کردەوە.

لە کۆنسێرتەکە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و ئاشقانی دەنگی حەسەن زیرەک بەشداربوون، گرووپی کیژانیش چەند گۆرانییەکی حەسەن زیرەکیان پێشکەش بە ئامادبووان کرد.

نۆژەن بورهان

لەو بارەیەوە نۆژەن بورهان، ئەندامی گروپی کیژانی کوردستان وتی: من لە گروپی کیژانی کوردستان بەشدارییم کردووە، ماوەی هەفتەیەکە پرۆڤە دەکەین و ئەم گروپە لە ماوەیەکی کەمدا توانیوێتی جێی خۆی بکاتەوە لە ناو خەڵکدا.

وتیشی: لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆنسێرتێک ئەنجامد دەدەین، من ئامێری سۆڵۆم ژەنی لەم ئێوارە کۆنسێرتەدا و بەشداریم  لە سەرجەم گۆرانییەکان کرد، بۆ ئێمە گرنگە ئێمە چاومان لە هونەری ڕابردووی خۆمان بێت.

نۆژەن بورهان ئاماژەی بەوەشکرد، ڕابردووی ئێمە پڕە لە هونەرمەندی مەزنی وەک حەسەن زیرەک و ماملێ، وەک ژنێکی گەنج پێم خۆشە بەشداریم کردوە  وجێی شانازییە بۆمن بە تایبەت لەم گروپەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، داواکارم هەرکەس حەزی هونەری هەیە، شوێنکەوتووی ئەو هونەرمەندە گەورانەی کورد بن، ئێستاش ئەو هونەرمەندانە خەڵکێکی زۆر گوێیان لێدەگرێت، گۆرانیەکان تێک نەدەن بە ناوی هونەری مۆدێرن، پێویستە گەنجان دەست بە کەلتووری خۆیانەوە بگرن.

8 وێنە
1 / 8

س. ع