گرووپی کیژانی کوردستان کە پێکهاتووە لە نزیکەی ٦٠ موزیکژەن و دەنگبێژ، ١ـی نیسانی ٢٠٢٦ بە پاڵپشتی دکتۆر تەها ڕەسوڵ، خاوەنی دامەزراوەی کەریمی عەلەکە لە سلێمانی دامەزراوە و ئامانجی زیندووکردنەوەی کەلەپوور و بەهێزکردنی متمانەی ژنانە بە تواناکانیان.

سەبارەت بە گرووپەکە لازۆ لەتیف، دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی و ئەندامی کۆرسی گرووپەکە بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: تەواوی ئەندامانی ئەم گرووپە موزیکییە لە ژنان پێکهاتوون و تەنها مامۆستا هۆگر وەک سەرپەرشتیار لەگەڵیاندا بەشدارە.
باس لەوەشدەکات، هۆکاری دامەزراندنی گرووپەکە ئەوەیە کە شاری سلێمانی بە شاری ڕۆشنبیری، کولتوور و ڕەسەنایەتی ناسراوە، بۆیە ویستویانە بە گرووپێکی جیاواز بەشداری لەو ڕۆشنبیرییەدا بکەن و تەواوی ئەندامانی ژن بن.
دەشڵێت: دەمانەوێت جیاواز بین لە گرووپەکانی تر و دەنگ و بەهرەی ئەو ژنانە بگەیەنین کە تا ئێستا ڕێگەیان بۆ نەڕەخساوە تواناکانیان دەربخەن.
ئاماژە بە ئامانجی گرووپەکە دەکات و دەڵێت: گرووپی موزیکی کیژانی کوردستان گرنگی بەو گۆرانییە کۆنانە دەدات کە لە گوێی گوێگراندا فەرامۆش بوون، دەمانەوێت بە نەوەی تازەی بگەڕێنینەوە و نیشانی بدەین کە کورد خاوەنی کولتوورێکی جوان و ڕەسەنە، دەمانەوێت لە ڕێگەی هونەرەکەمانەوە پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکەین کە پێشتر بەدەست هاتوون.
لە کۆتایشدا پەیامی لازۆ لەتیف بۆ ژنان ئەوەیە، هیچ کات لە بەدەستهێنانی خەونەکانتان مەوەستن، ئەگەر ڕۆژێک تووشی دۆڕان بوون، مانای ئەوە نییە کۆتایی ڕێگەکەیە، گوێ بە قسەی دەوروبەر مەدەن و سەرنجتان لەسەر ئامانجەکانتان بێت، جەختیش دەکاتەوە کە گرنگە خێزانەکان پاڵپشتی کچەکانیان بن بەتایبەت لە بواری هونەردا.

هاوکات، لیرە یادگار، تەمەن ١٥ ساڵ کە خوێندکاری پۆلی ١٠ـیە بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: وەک گیتارژەنێک لە ساڵی ٢٠١٨ـوە خەریکی کاری موزیکیم و ماوەیەکە پەیوەندیم بە گرووپی کیژانی کوردستانەوە کردووە.
لیرە یادگار ئاماژە بەوەش دەکات، خێزانەکەی گەورەترین پاڵپشتی بوون و خۆشی گوێگرێکی بەردەوامی گۆرانیی کوردییە.
هەروەها، لیرە باس لە ئەزموونی یەکەم ساتی چوونە سەر شانۆ دەکات و دەڵێت: بەشداری کۆنسێرتێکم کرد، کاتێک چوومە سەر شانۆ هەستێکی زۆر خۆشم هەبوو، دەمەوێت پەرە بە بەهرەکانم بدەم و ببمە گیتارژەنێکی زۆر باش.
لە کۆتاشدا لیرە پەیامێک ئاراستەی ژنان دەکات و دەڵێت: ڕەخنەکان ساردتان نەکەنەوە، بەڵکو گوێیان لێ بگرن بۆ پەرەپێدانی بەهرەکانتان، لە هەموو بوارێکدا، تەنانەت لە جەنگیشدا شوێندەستی ژنان دیارە، بۆیە کاتێک دەچنە ناو موزیکیشەوە، هاوشێوەی بوارەکانی تر جوانییەکی تایبەت بە هونەر دەبەخشن.
ب. چ
