گرووپی پیادەڕەوی هەوری ماوەی چەند مانگێکە بە دەستپێشخەری ژنێکی گەنج بە ناوی کەوسەر فاتح دامەزراوە بە مەبەستی پیادەڕەوی، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان تێیدا بەشدارن و بەیانیان زوو بەرەو شاخەکانی هەورامان لە سنووری هەڵەبجە بەڕێ دەکەون بە مەبەستی پیادەڕەوی.

گرووپی پیادەڕەوی هەوری؛ ژنان بەرەو شاخەکانی کوردستان 

کەوسەر فاتح

کەوسەر فاتح کە ژنێکی دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری گرووپەکەیە بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: ئامانجی دامەزراندنی ئەم گرووپە هاندانی ژنانی هەڵەبجەیە بۆ وەرزش و گرنگیدان بە تەندرووستیی جەستەیی، تا بتوانن هەفتانە بێنە دەرەوە و پیادەڕەوی بکەن و لە سوودە جەستەیی و تەندرووستییەکانی وەرزش کەڵک وەربگرن، ئێمه‌ ته‌نیا ڕۆژانى شه‌ممە پیاده‌ڕه‌وى ده‌كه‌ین و لە کاتی گەشتەکاندا بۆ بەشداربووان خەڵات و دیاریش ئامادە دەکرێت، کە بە شێوەی پرسیار و وەڵام لەنێوان ئەندامەکاندا دابەش دەکرێن.

کەوسەر فاتح وتیشی: پشتیوانی و هەوادارییەکی باش بۆ گرووپەکەمان هەیە و هەفتانە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان پەیوەندیمان پێوە دەکەن بۆ بەشداریکردن لە پیادەڕەوییەکان، بەڵام بەشدارییەکان سنووردارن و ناتوانن ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لەگەڵ خۆمان بهێنینە دەرەوە، ئەندامانی گرووپەکە بەیانیان كاتژمێر شه‌ش ده‌چنە ناوچه‌ جیاوازه‌كان بۆ پیاده‌ڕه‌وى، پاشان له‌كاتژمێر ١٠ ده‌گه‌ڕێینه‌وە ماڵه‌وه‌.

ئاماژە بەوە دەکات، ژنان زۆر دڵخۆشن بە گرووپەکە و بە شێوەیەکی زۆر حەز دەکەن بەشداری لە پیادەڕەوییەکاندا بکەن، چونکە سوودی باشیان لەم چالاکییە وەرگرتووە، لە گرووپەکەدا ژنان لە تەمەنە جیاوازەکان بەشدارن، بەڵام بەشداریی ژنان لەسەرو تەمەنی ١٥ ساڵییەوە قبوڵ دەکرێت.

چارەسەریی تەندرووستی ژنێکی بە تەمەن لەڕێگەی چالاکیی جەستەییەوە

حەمدیە عزیز

حەمدیە عزیز ژنێکی بە تەمەن و بەشداربووی پیادەڕەوییەکەیە بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت، بەهۆی کێشەی تەندرووستییەوە هاتووەتە ناو گرووپەکە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پیادەڕەوی و چالاکیی جەستەییەوە گرنگی بە تەندرووستی و دڵخۆشیی خۆی بدات.

ئاماژە بەوەش دەکا، نەخۆشیی دڵ، شەکرە، فشاری خوێن و ڕەبۆی هەیە، بەڵام بۆ دڵخۆشی و باشترکردنی تەندرووستیی خۆی هاتووە بۆ پیادەڕەوی، مەبەستی بەشداریکردنی تەنها پاراستنی تەندرووستی و دڵخۆشیی خۆی، هەروەها گرووپەکە بۆی شوێنێکی خۆش و ئارامە و ئەندامەکان بەیانیان پێکەوە دەچنە دەرەوە و کاتێکی خۆش بەیەکەوە بەسەر دەبەن.

پیادەڕەوی؛ ڕێگایەک بۆ تەندرووستیی جەستەیی و دەروونی ژنان

مژدە حەمەعەلی

مژدە حەمەعەلی، ژنێکی دیکەی بەشداربووی گرووپی پیادەڕەویی هەورییە، بۆ ڕۆژنیوز ئاماژە بەوە دەکات، ئەمە یەکەم جارە بەشداری لەم گرووپەدا دەکات و حەزی کردووە بەیانییان لە ماڵەوە بێتە دەرەوە و پیادەڕەوی بکات.

ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە، پیادەڕەوی بۆ تەندرووستیی جەستەیی و دەروونی زۆر بەسوودە و ئاماژە بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان دەکات، دەشڵێت، هیوادارن چالاکییەکە لە هەفتەیەکدا دوو ڕۆژ زیاد بکرێت، تا ژنان بتوانن زیاتر لە ماڵەوە بێنە دەرەوە و بە پیادەڕەوی و چالاکیی جەستەیی کات بەسەر ببەن.

پیادەڕەویی ژنان؛ هەنگاوێک بۆ دوورکەوتنەوە لە هەوای پیسی شار

عافیە عەلی

عافیە عەلی، ژنێکی دیکەی بەشداربووی گرووپەکەیە، بۆ ڕۆژنیوز باس لەوە دەکات، خۆی لە ڕووی تەندرووستییەوە نەخۆشی، بەڵام پیادەڕەوییە بەیانییەکانی گرووپەکە بە ڕادەیەکی بەرچاو سوودی جەستەیی بۆ بەشداربووان هەبووە.

پێشیوایە، پیادەڕەوی بەیانیان ٨٠٪ سوودی جەستەیی هەیە و بەتایبەتی بۆ ئەو ژنانەی کێشی زۆریان هەیە و زیاتر لە ماڵەوە دەمێننەوە، بەڵام دەتوانن لە ڕێگەی ئەم چالاکییەوە کەمێک لە ژیانی ڕۆژانە دوور بکەونەوە و گرنگی بە تەندرووستیی خۆیان بدەن.

عافیە عەلی باس لەو ەدەکات، حەزی کردووە لەگەڵ ئەندامانی گروپوەکە بێتە دەرەوە و لە هەوای پاک و سرووشتی جوانی ناوچە شاخاوییەکان کەڵک وەربگرێت، بە تایبەتی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەوای پیس و ژینگەی پڕ لە قەرەباڵغیی ناو شار.

س.خ

12 وێنە
1 / 12