لە ٤٢ـەمین ساڵیادی هەڵمەتی گەریلایی ١٥ـی ئابی ١٩٨٤ـدا، لە ١٠ـی ئابی  ٢٠٢٦ـدا لە پەرلەمانی تورکیا یاسای "پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەریی کۆمەڵایەتی" بە پشتیوانیی بەشێکی گەورەی پەرلەمان پەسەند کرا، بێگومان لەلایەن کوردان و هێزە دیموکراسییەکانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و ڕەخنە لە کەموکوڕەکانی دەگیرێت و داوا دەکرێت کە ئەم یاسایە بە یاسای دیموکراتیزەبوون بەهێزتر بکرێت کە چارەسەری دیموکراتییانەی پرسی کورد مسۆگەر دەکات.

لە هەمووشی گرنگتر، گەلی کورد و هێزە دیموکراسیی و ئاشتییخوازەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت پێگەی ڕێبەر ئاپۆ ڕوون بێت تاوەکو بتوانێت لە هەلومەرجی ئازاددا ڕێبەرایەتیی ئەم قۆناغە مێژووییە بکات، کە ئەو هەم ڕێبەری هەڵمەتی گەریلایی ١٥ـی ئابە و هەم ڕێبەری قۆناغی کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتیکە، بێگومان یاسای چوارچێوە دەبێتە بابەتی دانوستانی ڕۆژانە و یاسایی، بەڵام لەبەر ئەوەی دەرچوونی ئەم یاسایە هاوكات بوو لەگەڵ ساڵڕۆژی هەڵمەتی مێژوویی گەریلا لە ١٥ـی ئابدا و لەبەرئەوەی ئەم یاسایە وەک ئەنجامێکی بەرخۆدانی گەریلا کە شەڕی هەبوون دەکات هاتە ئاراوە، تێڕوانینێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتیشی پێویستە.

ئەگەر ١٥ـی ئاب نەبووایە، یاسای ١٠ـی ئابیش نەدەبوو

ئەم یاسایە تەنیا ئەنجامی شەڕی ٤١ ساڵەی پەکەکە نییە لەگەڵ کۆماری تورکیادا، بەڵكو گەلی کورد لە دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە تاوەکو ڕۆژگاری ئەمڕۆمان کە نزیکەی ١٠٠ ساڵە، دژی ڕەتکردنەوەی هەبوونی، شەڕی خۆپاراستن دەکات، تەنانەت ئەگەر سەردەمی کۆتایی عوسمانیش بژمێرین، کورد نزیکەی ٢٠٠ ساڵە لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا لەناو شەڕدایە، واتە ئەم یاسایە، دەبێت وەک ئەنجامی شەڕی هەبوونی ٢٠٠ ساڵەی کورد و شەڕی ٤١ ساڵەی پەکەکە هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت، ئەم یاسایە لە دوای مێژووی شەڕێکی گەورە و خوێناوییەوە هاتووەتە ئاراوە و ڕێبەر ئاپۆ هەوڵ دەدات بەم یاسایە دەست بە ڕێککەوتنێکی مێژوویی و چارەسەرکردنی پرسی ١٠٠ ساڵەی کورد بکات، بە جەوهەری؛ ئەگەر یەکەم گوللـەی ١٥ـی ئابی ١٩٨٤ نەبووایە، ئەو یاسا یەکەمەی لە ١٠ـی ئابی ٢٠٢٦ـدا کەوتە ڕۆژەڤی پەرلەمانی تورکیاوەش نەدەبوو.

کورد لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا دژی ڕەتکردنەوەی، گەلێک جار سەرهەڵدان و بەرخۆدانی چەکداریی دەستپێکرد، سەرهەڵدانەکانی میرنشینی بابان و سۆران (میر محەمەد) لە سەرەتای ساڵانی ١٨٠٠ـدا، پێش فەرمانی تەنزیمات دژی سیاسەتە ناوەندگەراییەکانی عوسمانی گەشەیان سەند، بەڵام ئەم سەرهەڵدانانە بە پاکتاوکردنی میرنشینە خۆبەڕێوەبەرەکان کۆتاییان پێهات.

سەرهەڵدانی کورد بە پێشەنگایەتیی شێخ عوبەیدوڵا کە لە کۆتایی ساڵانی ١٨٠٠ـدا پێشکەوت، سەرەڕای ئەوەی لە سەرهەڵدانە ناوچەیییەکان زیاتر بوو و بیری سەربەخۆیی (خۆبەڕێوەبەری)ـی نەتەوەیی گەشە پێدا، بەڵام بە هێرشی سەربازیی هاوبەشی عوسمانی و ئێران (قاجارییەکان) نەگەیشتە سەرکەوتن و ئەم سەرهەڵدانەش بە سیاسەتی نکۆڵیکردن و دوورخستنەوە کۆتایی هات.

کۆماری تورکیا؛ مێژوویەکی ١٠٠ ساڵەی شەڕ

مێژووی کۆماری تورکیا، مێژوویەکی شەڕی ١٠٠ ساڵەیە کە لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوە و لەناوبردنی کوردان بونیاد نراوە، بەرخۆدانەکانی کۆچگیری، شێخ سەعید و ئاگری (ئارارات) یەکەمین سەرهەڵدانەکان بوون کە دژی ئەم ڕەتکردنەوەیە سەریان هەڵدا، بەڵام هەموویان بە لەسێدارەدان، دوورخستنەوە و کۆمەڵکووژیی کۆتایییان پێ هات، هەرخۆی لە دوای سەرهەڵدانی ئاگری لە ١٦ـی ئەیلوولی ١٩٣٠ـدا، لە ڕۆژنامەی جومهورییەتدا چیای ئاگری وەک گۆڕێک کێشرابوو و لەسەری نووسرابوو "کوردستانی خەیاڵی لێرەدا نێژراوە." ئەم کاریکاتێرە لە ڕاستیدا ڕاگەیاندنی سنوورە سیاسی-جوگرافییەکانی بونیادنانی دەوڵەت-نەتەوەی تورک بوو، کوردستان هەم وەک جوگرافیا و هەمیش وەک سیاسی-کۆمەڵایەتی چیتر نەما و مردبوو.

بەڵام کوشتنی کوردستان و پەرتەوازەکردنی کۆمەڵگەی کورد هێندەش ئاسان نەبوو، کۆمەڵکووژیی دێرسیمی ساڵانی ١٩٣٧-١٩٣٨، بۆ پەرتەوازەکردن و لەناوبردنی ڕیشەی کۆمەڵایەتیی دێرینی کوردستان، سیستەمی باوەڕیی ڕەسەنی، ستراتیژیی هەبوونی کە پشتی بە چیاکان دەبەست و شێوازە ژیانەکەی ئەنجام درا، کۆماری تورکیا، بە ئاگری و دێرسیم "سەروەریی ڕەهای" لەسەر نەبوونی کوردان ڕادەگەیاند. واتە "بوونی تورک" لەسەر "نەبوونی کورد" بونیاد دەنرا.

ئیدی ئاگری چیایەکی ونبووە و دێرسیمیش شین و شەپۆڕێکی بەردەوام

قۆناغێکی درێژی بێدەنگی و تاریکی دەستی پێ کردبوو کە کوردان نەیان دەتوانی گۆرانییەکانی خۆیان بڵێن، نە لە چەمەکانیاندا مەلە بکەن، نە لە چیا و کوێستانەکانیاندا بە ئازادی بگەڕێن، چیای ئاگری بۆ دەنگبێژانی کورد "بەردی گۆڕ"ـێک بوو کە لە گەروویاندا گیری کردبوو و بۆ شاعیرانیش ئیتر "چیایەکی ونبوو" بوو، دێرسیم هێشتا شایەتیی شینی چەمە سوورە خوێناوییەکان و مردووە بێکفنەکانی ناو چەمەکانی دەدا، لە کودەتا سەربازییەکەی ١٢ـی ئەیلوولیشدا، زیندانی ئامەد ناوی نوێی دڕندایەتی و بەرخۆدان بوو.

گوللـەی یەکەم کۆتایی بە سەردەمی تاریکی هێنا

کاتێک گەریلا لە ١٥ـی ئابی ١٩٨٤ـدا چالاکییەکانی دهێ و شەمزینانی ئەنجام دا، ڕاستەوخۆ بە گوللـەی یەکەم ناودێر کرا ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارەی کە کورد کۆتایی بەم سەردەمە تاریکە هێنا، دەنا کورد لە سەرەتای ساڵانی ١٨٠٠ـەوە تا ئێستا گەلێک سەرهەڵدان و بەرخۆدانی چەکداریی گەشە پێدابوو، بە هەزاران گوللـەی تەقاندبوو و بە سەدان هەزار گوللـەشی بەرکەوتبوو، واتە گوللـەیەک کە تەقێندرابوو نوێ نەبوو، بەڵام واتای ئەم گوللـەیە نوێ بوو.

گوللـەی یەکەم؛

- کۆتاییهاتنی بێدەنگی، یەکگرتنەوەی جوگرافیای پارچەکراو، ڕاستبوونەوە و ژیانەوەی کۆمەڵگەی ئیفلیجبوو و شینبوونەوەی ئەوەی پێی دەوترا چیتر نەماوە...

- سەرلەنوێ دەرکەوتنەوەی بوونی کورد و کوردستان لەسەر شانۆی مێژوو کە بانگەشەی ئەوە دەکرا لە چیای ئاگریدا نێژراوە، لێپرسینەوە لە دڕندایەتیی زیندانی ئامەد...

- گەریلا؛ ناوێکی نوێ بۆ ژیان، شینگێڕان نا بەڵكو سەرهەڵدان، بێچارەیی نا بەڵکو هیوا و ڕەتکردنەوەی ناسنامەی قوربانیبوون...

- هەنگاوی ژیانەوەی نەتەوەیی هەرە درێژخایەن کە تەواوی کوردستان و ناوچەکەی هەژاند.

لە سەردەمی ڕەتکردنەوەوە بەرەو سەردەمی بوونی کورد

یەکەم گوللـەی گەریلا بە پێشەنگایەتیی فەرماندەی مەزن (عەگید) تەنیا چالاکییەکی سەربازی نەبوو، بەڵكو داستانێکی بەرخۆدانی مەزن بوو کە مێژوو و ژیانێکی نوێی خولقاند، کۆتاییهاتنی سەردەمی ڕەتکردنەوە و دەستپێکردنی سەردەمێکی بوونی کورد بوو، خوڕەی چەم و ڕووبارەکانی کوردستان، چوونی گەنجانی کوردستان بەرەو چیاکان، ڕێک وەک چوون بۆ زەماوەندێکبوو، لەم سەردەمە نوێیەی هەبووندا لە کوردستان تەنیا چەم و ڕووبارەکان نا، بەڵكو چیاکانیش دەجووڵان، ڕێگەیەکی نوێ کە تا نەگاتە ئامانجی خۆی گەڕانەوەی لێ نییە.

١٥ـی ئاب شۆڕشی بوونی گەلی کوردە

ڕێبەر ئاپۆ کاتێک واتای پەکەکەی بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتی هەڵسەنگاند، وتوبووی: "پەکەکە ڕۆمانێک، شیعرێک و گۆرانییەکی تەواونەکراوە." لەم واتایەدا یەکەم گوللـە لە بواری سەربازی دەرباز بووە و گەیشتووەتە ئاستێکی شاعیرانە و داستانی، یەکەم گوللـە بووەتە زمان بۆ ئاخاوتن، عەقڵ بۆ بیرکردنەوە و دەست بۆ چالاکیی گەلی کورد، ئەو گەلەی کە زمانی بڕدرابوو، فەرماندە عەگیدیش، فەرماندەی هاواری بوونی گەلی کورد بوو، ئەو ئاگرەی کە تاریکیی کوردی گۆڕی بۆ ڕووناکی.

١٥ـی ئابی ١٩٨٤؛ لە ڕووی مێژووی سیاسییەوە بە تایبەتیش لە ڕووی مێژووی کۆماری تورکیاوە گرنگە، تەنانەت ئەگەر دەستپێکی گۆڕینی پێگەکەش  بێت، ڕستە سەرەتاییەکانی سەرلەنوێ نووسینەوەی مێژووی کوردە، کورد بەهۆی ئەم ڕاستییە گۆڕانکارییە مێژوویی، کۆمەڵایەتی و زەینییانەی کە هەڵمەتی "گوللـەی یەکەم"ـی ١٥ـی ئابی ١٩٨٤ بۆی خولقاندوون، تەنیا وەک چالاکییەکی سەربازی سەیری ناکات، بەڵکو وەک شۆڕشی هەبوون و ناسنامەی کۆمەڵایەتیی خۆیانی هەڵدەسەنگێنن.

هەڵمەتی ١٥ـی ئاب لە کوردستانێکدا کە لە نێوان چوار وڵاتی داگیرکەردا پارچەکرابوو، ڕێگەی خۆش کرد تاوەکو سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوە لە دڵ و مێشکدا ببەزێندرێن، زمان، موزیک، هونەر و ئەدەبیاتی کوردی سەرەڕای قەدەغە و سانسۆرەکان بوونە گۆڕەپانی هەبوونی کۆمەڵایەتی و هەم کورد و هەمیش کوردیی سەرلەنوێ زیندووکردەوە.

بە جەوهەری؛ ١٥ـی ئابی گەریلا تەنیا چالاکییەکی سەربازیی ئاسایی نییە؛ بەڵکو یەکەم چەخماخە و پریشکی ژیانەوەی ئەو گەلەیە کە گۆرەکەی هەڵکەندرابوو و نووسینی سەر کێلی گۆرەکەشی نووسرابوو، ئەو ڕووداوانەی لە ١٠ـی ئابی ٢٠٢٦ـدا لە پەرلەمانی تورکیا ڕوویان دا، یەکەم دیمەنی ئەنجامەکانی ئەم شەڕە گەورەیەی هەبوونی گەلی کوردن.

ب. جـ