لە ٤٢ـەمین ساڵیادی هەڵمەتی گەورەی ژیانەوەدا کە لە ١٥ـی ئابی ١٩٨٤ـدا ئەنجام درا، ئەو یاسایەی لە ١٠ـی ئابی ٢٠٢٦ـدا لە پەرلەمانی تورکیادا پەسەند کرا، بەستراوەتەوە بە شەڕی هەبوونەوە کە گەلی کورد بە بەخشینی قوربانی گەورە بەڕێوەی دەبات.

بێگومان یاساکە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە کەموکوڕی جدی تێدایە، هەندێک خاڵ هەن کە گەلی کورد و تەڤگەری ئازادی دژی دەوەستنەوە و دەیانەوێت تەواو بکرێن و بۆ ئەمەش تێکۆشان دەکەن، بەڵام لەگەڵ هەموو کەموکوڕییەکانی یاساکەشدا، ئەم یاسایە وەک ئەنجامی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد و ڕەنجە گەورەکانی ڕێبەر ئاپۆ کەوتە ڕۆژڤی پەرلەمانی تورکیاوە.

تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ، تەڤگەری ئازادی و گەلی کورد بۆ ئەوەیە کە بوونی کورد لە دەستووردا مسۆگەر بکرێت و پرسی کورد لە زەمینەی شەڕ و پێکدادان دەربکرێت، لەم بابەتەدا هێشتا ڕێگەیەکی دوورودرێژ هەیە کە دەبێت ببڕدرێت، بەڵام دەبێت مرۆڤ ئەم یاسایە، کە ڕێبەر ئاپۆ وەک "لە سێدارەدانەوە بەرەو مێزی چارەسەری" پێناسەی دەکات و بۆ یەکەم جار چارەسەریی دیموکراتییانەی پرسی کورد (هەرچەندە لاوازیش بێت) دەباتە سەر زەمینەی یاسایی-سیاسی، بە ڕاستی هەڵسەنگێنێت.

لە ئەنجامی بەرخۆدانی چەکداریدا بوونی کورد دانیپێدانرا

هەرچەندە دەوڵەتی تورکیا لەم یاسایەدا باسی کورد ناکات و یاساکە بە دروستی ناوزەد ناکات، بەڵام ناچار بوو وەک ئەنجامێک بۆ هەڵمەتی ١٥ـی ئاب و شەڕی هەبوونی گەلی کورد یاسایەکی لەو شێوەیە ئامادە بکات. لە ١٥ـی ئابی ١٩٨٤ـەوە دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی گەلی کورد ڕووبەڕووی قڕکردن بکاتەوە هەموو شتێکی کرد، لە ئاستێکدا کە چەمکی شەڕیش تێری ناکات هێرشێکی قڕکردنی بەڕێوەبرد؛ بەڵام نه توانى گەلی کورد قڕ بکات، نه توانى تەڤگەری ئازادی پاکتاو بکات، نه توانى مەشخەڵی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆش بکوژێنێتەوە.

ئەم یاسایە دەبێتە یاسایەک کە لە ئەنجامی ڕەنج و قوربانییەکی گەورەدا هاتووەتە ئاراوە و دەوڵەتی تورک کە بێجگە لە قبووڵکردنی بوونی کورد هیچ ڕێگەیەکی دیکەی بۆ نەمابووەوە، ناچار بوو ئەم یاسایە ئامادە بکات.

یاسای ١٠ـی ئاب، دانپێدانانە بە سەرکەوتنی هەڵمەتی ١٥ـی ئابدا کە ئەم هەڵمەتە پەیامی گەلی کوردی "ئێمە هەین و بوونمان ڕەتناکرێتەوە"ـی لەخۆدەگرت، واتە ١٥ـی ئاب ئامانجی ئەوە بوو کە پرسی کورد لەسەر بنەمای ستراتیژیی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی بخاتە ڕۆژڤی دەوڵەتی تورک و هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە.

ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت "شەڕ ڕۆڵی سەرەکیی خۆی جێبەجێ کردووە، بوونی کورد ئیتر سەلمێنراوە، دەبێت ئەمە ئیتر بە یاساکانی ئازادی تەواو بکرێت و بۆ ئەمەش پێویستی بە ستراتیژییەکی نوێ هەیە." گواستنەوە لە ستراتیژیی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕییەوە بۆ ستراتیژیی سیاسەتی دیموکراتیک گوزارشت لەمە دەکات.

گوللـەی یەکەم، پرسی بوونی کوردی لە ڕێگەی بەرخۆدانی چەکدارییەوە خستە ڕۆژڤی دەوڵەتەوە؛ یاسای یەکەمیش کە لە ١٠ـی ئابی ٢٠٢٦ـدا کەوتە ڕۆژڤی پەڕلەمان و پەسەند کرا، بووە دانپێدانانی مێژوویی ئەم ڕاستییە، لەم واتایەدا یاسای پەسەندکراو لە پەرلەمان؛ دەبێتە یەکەم هەنگاو کە پرسی کورد لە زەمینەی شەڕ و پێكدادان و توندوتیژییەوە بگوازێتەوە بۆ زەمینەی پەرلەمان و یاسایی.

ڕێبەر ئاپۆ لەبەر ئەم ڕاستییە، یاساکەی وەک "یاسای ڕەگ (بنەڕەت)" و "یاسای چوارچێوە" پێناسە کردبوو، بێگومان ئەو یاسایەی لە پەرلەماندا پەسەند کراوە دیدگاکانی ڕێبەر ئاپۆی بەتەواوی لەخۆنەگرتووە، بەڵام وەک یەکەم یاسای ئەم پڕۆسەیە لە پەرلەماندا پەسەند کراوە.

بۆ یاسای یەکەم؟

لە پڕۆسەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا و دواتریشدا، یاسا تایبەتەکان، بڕیارنامە و بڕیارە ئیدارییانەی کە بۆ کورد و کوردستان دەرکراون، بە مەبەستی کۆنتڕۆڵی ئیداری، سەربازی و یاسایی بەسەر کورددا ئامادە کرابوون، لە بنەڕەتدا هەموو ئەم یاسایانە، یاسای قڕکردن بوون کە لەسەر بنەمای "یاسای دوژمنکارانە" داڕێژرابوون.

لە مێژووی کۆماری تورکیادا بۆ یەکەم جار یاسایەک، دوور لە بڕیاری لەسێدارەدان، دوورخستنەوە و کۆمەڵکووژی لە پەرلەمانی تورکیا بە بەشداریی زۆرینەی پارتە سیاسییەکان پەسەند کرا، لەم واتایەدا نە تەنها دەسەڵاتدارێتی-حکومەت، بەڵکو هەموو ئەکتەرە سیاسییەکان بەرپرسیارێتیی چارەسەرکردنی پرسی کوردیان گرتە ئەستۆی خۆیان.

پرسی بوونی کورد کە لە دامەزراندنی کۆمارەوە تا ئێستا لە چوارچێوەی کۆنسێپتی ئەمنییدا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا، بە هەموو کەموکوڕییەکانییەوە بۆ یەکەم جار لەسەر بنەمای ئەنتێگراسیۆنی یاسایی و دەرچوون لە زەمینەی پێكدادان هاتە ڕۆژڤ و گۆڕەپانی دانوستانەوە، بێگومان دەوڵەتی تورک هێشتا عەقڵییەت، ستراتیژ و نەخشەڕێگاکانی خۆی دژی کورد لە ڕەگەوە نەگۆڕیوە؛ بەڵام بەم یاسایە، درزێکی جدی لە سیستەمی دژە-کورددا دروست بوو.

ڕۆڵی ڕێبەر ئاپۆ لە دیالێکتیکی گوللـەی یەکەم و یاسای یەکەمدا

ڕێبەر ئاپۆ کە لە ساڵی ١٩٧٨ـدا پەکەکەی دامەزراند، بێگومان ئەندازیاری هەڵمەتی گەریلایی ١٥ـی ئابی ١٩٨٤ و ستراتیژیی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕییشە، لە پڕۆسەی دامەزراندنی پەکەکەوە تا کۆتاییهێنان بە چالاکییەکان لەژێر ئەو ناوەدا، دیسان لە شەڕی بوونی کورددا کە لە هەڵمەتی ١٥ـی ئابەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامە، ڕێبەر ئاپۆ لەسەر بنەمای هەلومەرجی سەردەمەکان ستراتیژیی پەرەپێدا، ڕێگەی لەبەردەم گۆڕانکاریی پارادیگمایی کردەوە و کوردی گەیاندە ستراتیژ و بەرنامەیەکی نوێی بوون و ئازادی.

لە دامەزراندنی پەکەکەوە تا هەڵمەتی گەریلایی و هەنگاوی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، هەموو پڕۆسە ستراتیژی و بنیاتنەرەکان لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە پلانڕێژی و ڕێبەرییان کراوە، ئەم سەردەمە نوێیەش کە چارەسەری دیموکراتیک-دەستووریی پرسی کورد لەخۆدەگرێت، هەر بە پێشەنگایەتیی ڕێبەر ئاپۆ پێش دەکەوێت.

ڕێبەر ئاپۆ لەسەر ناوی کوردان بەرنامەیەکی نوێ پێش دەخات

لە ماوەی ٤٢ ساڵدا، شەڕی بوونی کورد لە قۆناغی جیاوازدا بەرەو "ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک" گوازرایەوە، لە هەر قۆناغێکدا ڕێبەر ئاپۆ بەگوێرەی هەلومەرج و بارودۆخی سەردەمەکە ستراتیژیی خۆی نوێ کردەوە، لە دۆخی ئێستاشدا ڕێبەر ئاپۆ بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان لە هەلومەرجی جەنگی جیهانیی سێیەمدا سەرلەنوێ هەڵدەسەنگێنێت و بۆ کورد و کوردستان بەرنامەیەکی ستراتیژیی نوێ پێش دەخات.

چۆن ڕێبەر ئاپۆ هەڵمەتی ١٥ـی ئابی گەریلای ڕێکخست، ئەمڕۆش وەک دانووستانکاری سەرەکی دانوستانەکانی گەلی کورد، وەک بنیاتنەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێشەنگایەتیی سەردەمی نوێ دەکات، واتە ئەوەی لە کوردستاندا هەم شەڕی گەورەی بوون بەڕێوە دەبات، هەم هەوڵ دەدات بوونی کورد بە یاساکانی ئازادی و دیموکراسی مسۆگەر بکات ڕێبەر ئاپۆ خۆیەتی.

ڕێبەر ئاپۆ شەڕی لە کوردستاندا هیچ کاتێک وەک ئامانج نەدیوە، بەڵکو وەک سەردەمێک و ئامرازێک دیویەتی کە بوونی کورد بە دەوڵەتی تورک بداتە قبووڵکردن، ئەمڕۆش بە هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە شەڕی بوونی کورد سەلمێندراوە و یەکلایی بووەتەوە، بەڵام بە ستراتیژیی ئێستاوە بنیاتنانی ژیانی ئازاد مەحاڵە" ستراتیژیی سیاسەتی دیموکراتیک پێش دەخات.

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بەتایبەتیش لە مێژووی کورددا، کردەوەیەک کە ڕێبەرێک هەم پڕۆسەیەکی پێكدادانی سەربازی دەست پێ بکات، هەم وەرچەرخانی یاسایی و سیاسیی ئەو پڕۆسەیە بەڕێوە ببات، هەم بخوازێت ئەم هەنگاوە بە بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک تەواو بکات کەم وێنەیە و بارودۆخێکی تایبەتە کە دەبێت لە هەر لایەنێکەوە لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت.

ڕێبەر ئاپۆ، ئاوەزی کورد و ستراتیژیی نوێ

ڕێبەر ئاپۆ بە هەڵمەتی ١٥ـی ئاب ویستی بوونی کورد بە ستراتیژیی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی بسەلمێنێت، لەبەر ئەمەش سوپای گەریلایی بەدیهێنا و هەڵمەتی ١٥ـی ئابی پەرەپێدا، کاتێک بینی بوونی کورد ئیتر یەکلایی بووەتەوە و سیستەمی ڕەتکردنەوەی بوونی کورد ئیتر هەڵدەوەشێتەوە، ئەو چەکەی کە وەک ئامرازێکی ناچاری بەکاردەهێنرا کێشایەوە؛ بە بەرنامەی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک ویستی کاریگەریی کۆمەڵایەتی-سیاسی-مێژوویی و کولتووریی هەنگاوی ژیانەوەی ١٥ـی ئاب بگوازێتەوە بۆ زەمینەی یاسایی-سیاسی و ڕێگە لەبەردەم بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، واتە ژیانی ئازاد بکاتەوە.

ڕێبەر ئاپۆ لەم واتایەدا ڕێبەرێکی مێژووییە کە ڕێبازی تێکۆشانی چەکداری کە خۆی دەستی پێکردبوو، دیسان بە دەستی خۆی هەڵیبووەشێنێتەوە و هەوڵ دەدات ئەمە بگۆڕێت بۆ هێزێکی گەورەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، هەربۆیە دەبێت مرۆڤ پڕۆسەی شەڕی ٤٢ ساڵەی لە ١٥ـی ئابی ١٩٨٤ـەوە تا ئەمڕۆ وەک 'شەڕێکی ناچاری' ببێنێت؛ هەنگاوی کۆمەڵگەی دیموکراتیکیش وەک ئاستی هۆشیاریی، کۆبوونەوە و ئەزموونێک کە تەڤگەری ئازادی پێی گەیشتووە هەڵبسەنگێنێت، ئەو یاسایەش کە لە پەڕلەماندا پەسەند کراوە لەسەر ئەم بنەمایە هەڵبسەنگێنێت.

ئەو گەریلایانەی کە پێشەنگایەتیی هەڵمەتی ١٥ـی ئابیان کرد، لە کوردستاندا بوونە پێشەنگانی ژیانی نوێ، نەک تەنها وەک هێزێکی شەڕ، بەڵکو وەک هێزێکی گەورەی هەست، فكر، مۆرال و وەک هێزێک کە پێوەرە ئەخلاقی-جوانیناسییەکان بەرز دەکاتەوە، سەرلەنوێ شێوەیان بە ڕۆح و مێشکی کۆمەڵگەی کورد دا.

ئەم کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەی گەریلا بێگومان ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت؛ گەریلاکانی ئازادی لە کوردستاندا بە فۆرم و ناوەرۆکێکی نوێوە بوونی خۆیان سەرلەنوێ مانادار دەکەنەوە و پێشەنگایەتی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکیش دەکەن تا هەڵمەتی ١٥ـی ئاب بە سەرکەوتوویی بگەیەننە ئەنجام.

ب. جـ

https://rojnews.news/?p=721830