دوو ساڵ بەسەر شەهیدبوونی دوو ڕۆژنامەنووسی ژن، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین تێدەپەڕێت، کە لە ٢٣ـی ئابی ٢٠٢٤ لە کاتی ئەنجامدانی کاری میدیایی لە سنووری سەیدسادق- هەڵەبجە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک تیرۆرکران، کە سەر بە کۆمپانیانیی چەتر و ڕاگەیاندنی ئازاد بوون.

گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کێن؟

گوڵستان تارا لە ساڵی ١٩٨٣ لە شاری ئێلحی باکووری کوردستان لە خانەوادەیەکی وڵاتپارێز و ئازادییخواز چاوی بە ژیان هەڵهێناوە، دوای لێگەڕێنەکانی بە دوای حەقیقەتدا لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٩٩ تەواوی ژیانی ئاوێتەی خەباتی گەلی کورد دەکات، وەک ژنێکی تێکۆشەر لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بۆ ئازادیی گەلەکەی و ئازادیی ژن کار دەکات.

گوڵستان تارا لە ساڵی ٢٠٠٠ بەشداری کاری ڕاگەیاندن دەبێت و لەم گەشتە دوور و درێژە ٢٤ ساڵەی ڕاگەیاندنی ئازاددا لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان، بۆ چەندین دامەزراوە و دەزگای ڕاگەیاندن بە بێوچان خەبات دەکات، لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا چاوی کامێراکەی کۆڵان بە کۆڵان تۆمار دەکات و نووکی پێنووسەکەی دەخاتە خزمەت ئازادیی ژن و گەلەکەی.

هاوکات هێرۆ بەهادین، ساڵی ١٩٩٢ لە شارەدێی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی لە دایک بووە و بەشی ئەندازیاری زانکۆی پۆلیتەکنیکى سلێمانى تەواو کردووە، لە ساڵی ٢٠١٧ـوە لە کۆمپانیای چەتر وەک ڕۆژنامەوانێکی ئازاد دەست بە کار و خەبات دەکات، ئەندامى دەستەی پەخشی دەزگاکە و لە بواری تەکنیکی کامێرا و مۆنتاژ و گرافیک دیزاین جێگا دەگرێت، هیچکات لە ئاست مافەکانى ژن و ڕۆژنامەنووسانى ژن بێدەنگ نەبووە و پارێزگارێکى سەرسەخت بوو و بە پاراستنی ئیتیکی ڕۆژنامەنووسی کارەکانی ڕادەپەڕاند.

شەهید گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین تەنها ڕۆژنامەنووس نەبوون، بەڵکو ژیانیان بە هەڤاڵێتی، فیداکاری و خزمەتکردن بە ڕاستی و ئازادی پێکهێنابوو.

گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین؛ میراتی قەڵەم و دەنگی ڕاستی

ئەو ڕۆژەی ئەوان تیرۆر کران، بەڵێنمان دا کە هەرگیز کامێرا و پێنووسەکانیان لەسەر زەوی نەهێڵینەوە، ڕێبواری ئەو ڕێگایە بین کە ئەوان پێیدا ڕۆیشتن و بەردەوام بین لە پەردەلادان لەسەر ئەو ڕاستییانەی دەیانەوێت لە شەوەزەنگدا بیانشارنەوە.

سنوور ڕەحمان

سنوور ڕەحمان ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازاد دەڵێت، ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە لە کاتێکدا شەهید بوون کە باشووری کوردستان و ڕاگەیاندنی ئازاد لە ژێر هێرشی هەمەلایەنەدا بوون، ئەو هێرشانە هاوکات بوون لەگەڵ قۆناغێکی سەخت و مەترسیداری نەتەوەیی، کە پێشهاتە سیاسییەکان لە گۆڕاندا بوون و کاریگەریی خەباتی تەڤگەری ئازاد و ڕاگەیاندنی ئازاد لە کۆمەڵگەدا هەستی پێدەکرا، لە بەرامبەردا، دەوڵەتی تورکیا ئاگاداری ئەو پێشکەوتنانە بوو.

وتیشی: کەسایەتیی هەردوو هەڤاڵ پێناسی وەفادارییان بە حەق، مێژووی نەتەوە و دەنگی ڕاستی بوو، ئەوان میراتی ڕاگەیاندنی ئازادیان لە کەسایەتیی خۆیاندا هەڵگرت و بۆ هاوڕێ و هەڤاڵانیان گواستەوە، پیادەکردنی ئەخلاق و پرەنسیپەکانی ڕۆژنامەنووسی لە هەردوو هەڤاڵدا بە شێوەیەکی ڕوون دەبینرا.

لە وەسفی شەهید گوڵستان تارا سنوور ڕەحمان ئاماژە بەوە دەکات، لایەنێکی دیاری کەسایەتیی ئەو گەیاندنی دەنگی بەرخودانی ژنان بوو، بە تایبەتی ئەو دەنگە بێدەنگانەی کە لە کۆمەڵگەدا بێدەنگ کرابوون، ئەو باوەڕی زۆری بەوە هەبوو کە دەبێت دەنگی ڕاستی بنووسرێت، بەو شێوەیەی بتوانێت کۆمەڵگە و ژنان بپارێزێت، لە دیدی ئەوەوە، ژنی ئازاد خاوەنی بیرکردنەوەیەکی ڕاست و توانای دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگەیە.

هەوار محەمەد

هەوار محەمەد ڕۆژنامەنووس باس لە دەسپێکی ناسینی هەر دوو هەڤاڵ هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا دەکات لە ساڵی ٢٠٢١، ئاماژە بەوە دەکات، ناسینێکی جوان بوو، ڕۆژانە کە بەیەکەوە بووین، تەنها کار نەبوو، بەڵکو هاوڕێیەتی و کاتێکی خۆش و جوانیش بوو، بەردەوام کارمان لەسەر ڕۆژەڤەکان دەکرد و هەوڵمان دەدا بەردەوام کاری باشتر و باشتر بکەین.

ئەو پێیوایە، شەهید هێرۆ شارەزاییەکی باشی لە بواری مۆنتاژدا هەبوو، هەر کاتێک پێویستم بە هاوکاری بوایە، تەلەفۆنم بۆی دەکرد و پرسیارم لێ دەکرد، بە دڵسۆزی و پیشەییەوە هاوکاریی دەکردم لە کارەکەمدا، زۆر پیشەیی کاری دەکرد و وەک سەربازێک لە پشتی کامێرا وەستابوو.

هەوار باس لەوە دەکات، هەر کاتێک کۆبوونەوەیەک دەکرا، جا کۆبوونەوەی ژنان بێت یان کۆبوونەوەیەکی گشتی، هێرۆ پێشنیاری خۆی هەبوو و لەسەر کارەکەی زۆر جدی و ڕاشکاو بوو، یەکێک لە تایبەتمەندییە جوانەکانی هێرۆ ڕەخنەکردن بوو، بەڵام ئەو ڕەخنانەی هەموو کات ئامانجی چاککردن و چارەسەرکردنی کێشەکان بوون، هەر پێشنیارێکی دەکرد، بە ئامانجی گۆڕانکاریی باش بوو و کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر تەواوی بەرنامەکا دادەنا.

هەوار محەمەد باس لە تایبەتمەندییە ڕۆژانەکانی هاوکارەکەی، هێرۆ بەهادین دەکات و دەڵێت، هێرۆ زۆر حەزی بە سەیرکردنی فیلم بوو، هەروەها حەزی زۆری بە گوڵ بوو و بەردەوام گوڵێکی لەسەر مێزەکەی هەبوو، هاوڕێیەتییەکەی زۆر جوان و خۆش بوو و لە پەیوەندی لەگەڵ کەساندا هیچ جیاوازییەکی نەدەکرد، هەروەها زۆر حەزی بە پاکوخاوێنی بوو و هەمیشە گرنگیی زۆری بە ڕێک و پێکی دەدا.

بەپێی قسەکانی، دوای شەهیدبوونی هێرۆ، زیاتر لەگەڵ خێزانەکەی پەیوەندیم هەیە و لە نزیکەوە کاریگەرییەکەم لەسەر خوشکەکان و خانەوادەکەی بینی، ئەو تایبەتمەندی و خاسیەتانەی هێرۆ هۆکارن بۆ ئەوەی یاد و ناوی هەمیشە لەبیر نەکرێت.

میراتێکی بەردەوام بۆ ڕاستی و ئازادی

لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەندێک نەخش هەیە کە لەسەر بەرد هەڵدەکۆڵرێن، بەڵام گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین نەخشی خۆیان لەسەر دڵی ئێمە هەڵکۆڵیوە، ئەو دۆزەی ئەوان بە کامێرا و پێنووسەکانیان بەرگرییان لێکرد، هەروا بەردەوام دەبێت و قەڵەم و کامێراکانیان لەسەر زەوی نانرێن، بەڵکو ژمارەی کامێراکەکان زیاتر دەکەین و ڕووبەری خەباتەکەمان فراوانتر دەکەین، تا ئەو کاتەی دۆزی ئازادی بگاتە سەرکەوتن، یاد و کەسایەتیی گوڵستان و هێرۆ و میراتی ڕاگەیاندنی ئازاد بەردەوام دەمێنێتەوە.

شەهیدکردنی گوڵستان و هێرۆ لەئێستا بوونەتە هەوێنی لە دایکبوونی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک  کە دەرچوونی یاسای چوارچێوەی لێکەوتەوە و لە داهاتووشدا هیوای چارەسەری پرسی کورد و ئازادی ڕێبەر ئاپۆی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە.

ئەمڕۆ، لە ئامادەیی یادی پیرۆزیان و ئەو میراتە زەنگینەی تێکۆشان کە بۆیان جێهێشتووین، جارێکی تر بەڵێن دووپاتدەکەینەوە: بە هیچ جۆرێک لە شوێنپێهەڵگرتنی ڕاستی، ڕووناکردنەوەی هەموو تاریکاییەکان و گەیاندنی ڕاستییەکانی گەلەکەمان بە جیهان پاشگەز نابینەوە.

ئازار، خۆڕاگری، تێکۆشان و ئومێدی ژنانی باشووری کوردستان دەکەینە تابلۆیەک و دەیخەینە بەرچاو و دەبینە دەنگ و ڕەنگ و پەیامیان، باش دەزانین کە ڕاستی بێدەنگ ناکرێت و کامێرا و پێنووسەکانمان لە بەرامبەر شەوی تاریکدا، وەک چرای ڕاستی دەهێڵێنەوە.

س.خ