دوانیوڕۆی ڕۆژی شەممە لەسەر ڕێگای ڕووباری شین لە شارەدێی شیلادزێی سەربە شارۆچکەی ئامێدی، سوپای تورک ڕێگە بە ئۆتۆمبێلێکی بار هەڵگر دەگرن کە شۆفێرەکەی دانیشتووی ناوچەکەیە، بەپێی گرتەڤیدیۆیەکە کە دەست ڕۆژنیوز کەوتووە، سەربازانی تورک ناهێڵن شۆفێرەکە تێپەڕ بێت بەبێ هیچ هۆکارو بیانوویەک کێشە بۆ ئەو هاووڵاتییە درووست دەکەن و واز ناهێنن تا زیانی مادی لە ئۆتۆمبێلەکەی دەدەن، ئەمە نوێترین مامەڵەی شەڕانگێزانەی سوپای تورکە بەرامبەر گوندنشینان و هاووڵاتییانی هەرێمی بادینان.

لەگەڵ وەستاندنی شەڕو بێدەنگبوونی چەکەکان، ئیدی گوندنشینان لە سنووری بادینان هیوای ئەوەیان بۆ درووست بوو بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکەکانیان، بۆیە ڕۆژانە کاتێک هاووڵاتییان دەیانەوێت بگەڕێنەوە گوندەکانیان، بەڵام سوپای تورک ڕێگرییان لێدەکات و شەرت و مەرجی قورسیان بۆ دادەنێت.

بەپێی بەدواداچوونێکی نێردراوی ڕۆژنیوز لە هەرێمی بادینان سوپای تورک ڕۆژانە ڕێگای زیاتر ڕادەکێشێت و بنکە و بارەگای زیاتر درووست دەکات، بەردەوام دارستان و سەوزایی دەربڕێتەوە، لە ئێستاشدا سەرجەم ئەو ڕێگایانەی درووستیکردوون بە درێژایی و پانتایی سنووری بادینان بەیەکەوە بەستوونییەتەوە.

ئێستا کە کاتی پێگەیشتنی بەرووبوومی هاوینەیە و جوتیاران و هاووڵاتییان بچنەوە سەر باخ و موڵکەکانیان، سەربازانی تورک لەسەرجەم ئەو ڕێگایانە بازگە و بنکەیان داناوە و ڕێگە نادەن هاووڵاتییان بچنەوە سەر گوندەکانیان، کاتێکیش ڕێگەیان پێدەدەن، دەبێت ناسنامە و بەڵێننامە دابنێن، هاوکات دەبێت لە کاتژمێری دیاریکراودا بڕۆن و بگەڕێنەوە.

جیا لەوەش ئەو هاووڵاتییانەی ڕێگەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە نابێت خێزانێکی زۆر بێت و ناشبێت خواردنی زیاتر لە خۆیان پێ بێت، هەروەها بەهیچ جۆرێک نابێت چەکیان بێت، زۆر جار هەر بەبێ مەبەست و بەبێ هیچ بیانوویەک گەنجەکان دەگرن و ئەشکەنجەیان دەکەن و دەیان ترسێنن، وەک ئەوەی لەماوەی ڕابردوو شەش گەنجیان لە شیلادزێ گرت و ئەشکەنجەیان دان.

لەگەڵ دەستپێکی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک هاووڵاتییانی هەزار و ١٩٢ گوندی ناوچە سنوورییەکانی باشوورو باکووری کوردستان هیوایان ئەوە بووە بگەڕێنەوە گوندەکانیان کە بەهۆی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک یان ترس لە شەڕ و بۆردوومانەکان لە چەندین ساڵی ڕابردوودا گوندەکانیان چۆڵکردووە، ئەوەش بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی.

جیا لە سوپای تورک ئێستا هێزە چەکدارەکانی پەدەکەش کێشە و بەربەست بۆ گەڕانەوەی گوندنشینان درووست دەکەن و ئەوانیش بازگە و بنکەیان لەسەر ڕێگای گوندەکان داناوە و لێپرسینەوە لەگەڵ هاووڵاتییان دەکەن، بە نموونە لە بازگەی گوندی کانێ لە بناری چیای گارە، ئاسایشی پەدەکە سیستەمێکی توندی خستووەتە گەڕ کە تێیدا ڕێگرییەکان بە توندی لە کاتی شەوەوە دەستی پێدەکات.

هێزە ئەمنییەکان لەو بازگەیەدا ڕێگە دەدەن هاووڵاتییان تەنها بە ڕۆژ سەردانی گوند و باخەکانیان بکەن، بەڵام لە کاتی ئێوارە و بە شەو هاتووچۆ و مانەوە بە تەواوی قەدەغە دەکەن و ئاسایشی پەدەکەش ڕێگە نادات هیچ کەسێک بە شەو لە گوند و ماڵ و حاڵی خۆیدا بمێنێتەوە.

گوندنشینانی بادینان بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز قسەیان کردووە و نیگەرانن لە مامەڵەی سوپای تورک و هێزە ئەمنییەکانی پەدەکە و دەڵێن: کاتێک شەڕ لە ناوچەکەدا نەماوە و پڕۆسەی ئاشتی ڕاگەیەندراوە، ئیستا ناهێڵن بچینەوە گوندەکانمان، کاتێک ڕێگەش دەدەن، ناهێڵن شەو بمێنینەوە، ئیستا بە تورکیا و پارتی ناوچەکەیان لە ئێمە کردووە بە زیندان، تەنیا ئامانجیان ئەوەیە ژیانی و ئاوەدانی ڕوو لە ناوچەکە نەکاتەوە.

سوپای تورک تەنیا بەوە نەوەستاوە، بەڵکو بەرووبوومی جوتیاران تاڵان دەکەن، بە ئۆتۆمبێل ترێ و هەنجیرو گوێز و سماق و بەرهەمەکانی تری باخەکانیان دەبەن بۆ تورکیا، هیچ گوندنیشینێکیش ناتوانێت ناڕەزایەتى دەرببڕێت، ئەگەرنا دەستگیری دەکەن یان جارێکی تر ڕێگەی پێنادەن بگەڕێتەوە گوندەکەی.

ئێستا دۆخەکە بەم ڕەنگەیە گوندنشیان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر موڵک و باخ و ڕەزەکانیان، کاتێک دەگەڕێنەوە لە ژێر ترس و چاودێرییەکی توندی ئەمنیدا ڕۆژەکە بەسەر دەبەن، بە سوپای تورک و پەدەکە گەمارۆ و دۆخێکی سەربازی توندیان بەسەر هەرێمی بادیناندا سەپاندوە، خەڵک لەسەر زێدی ڕەسەنی خۆی دەربەدەر کراوە و هەڵکەندراوە، گەڕانەوەشی قەدەغە کراوە یان لە ژێر سێبەری ترس و مردندا دەچن و دەگەڕێنەوە.

هـ.ح

https://rojnews.news/?p=724611