ئەم ڕووداوە مێژووییە کە لە ئەدەبیاتی سیاسیی کورددا بە "هەڵمەتی ١٥ـی ئاب" یان "جەژنی ژیانەوە" دەناسرێت، تەنیا چالاکییەکی سەربازیی ئاسایی نەبوو، بەڵکو وەچەرخانێکی گەورەی فکری، کۆمەڵایەتی و سیاسی بوو کە تەواوی هاوکێشە ناوچەیییەکانی گۆڕی.
بۆچی دەستی پێکرد و ئامانجەکەی چی بوو؟
دوای کودەتا سەربازییەکەی ١٢ـی ئەیلوولی ١٩٨٠ لە تورکیا، سیستەمێکی سەرکوتکەر و دڕندانە بەسەر تەواوی کۆمەڵگەدا سەپێندرا، شوێنەواری تاوانە زۆردارەکانی زیندانی ژمارە پێنجی ئامەد، سیاسەتی قڕکردنی کولتووری، شێواندنی مێژوو و ئینکارکردنی ڕەهای بوونی نەتەوەیی کورد، کۆمەڵگەی کوردی خستبووە ژێر سایەی ترس، بێدەنگی و بێهیواییەکی زۆر قووڵەوە.
هەڵمەتی ١٥ـی ئاب وەک وەڵامێکی مێژوویی بۆ ئەم بێدەنگییە سەری هەڵدا و دروستکردنی باوەڕبەخۆبوون بوو لەناو گەلدا کە دەکرێت ڕووبەڕووی سیستەمی داگیرکاری و سەرکوتکاری ببنەوە و ڕاگەیاندنی ئاشکرای ئەوە بوو کە گەلی کورد زیندووە و بە هیچ شێوەیەک ڕادەستی زوڵم و چەوسانەوە نابێت، هەروەها دامەزراندنی سەکۆیەکی سەربازیی و جەماوەری بۆ بەرگریکردن لە مافە ڕەوا و بنەڕەتییەکانی نەتەوەیەکی زوڵملێکراو.
هەڵمەتەکە چۆن کوردی ژیاندەوە؟
پێش ئەم هەڵمەتە، کورد لە ژێر فشارێکی سەختی تواندنەوەدا بوو، تا ئەو ئاستەی زمان، کولتوور، جلوبەرگ و ناوی کوردیش بە تەواوی قەدەغە کرابوو، هەڵمەتەکە وەک بەردی بناغەی ڕێنیسانسی کوردی سەیر دەکرێت، هەر بۆیە گوللـەی یەکەم تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەیەک نەبوو، بەڵکو شکاندنی ئەو دیوارە بێدەنگییە بوو کە بەسەر کولتوور و ناسنامەی کورددا سەپێندرا بوو.
ڕێبەر ئاپۆ هەڵمەتی ١٥ـی ئاب وەک ڕووداوێکی تەنیا سەربازی یان کاتی سەیر ناکات، بەڵکو لە چوارچێوەی فەلسەفەکەیدا بە "بازدانێکی دیالێکتیکی" و "تەقینەوەی هوشیاریی نەتەوەیی" لەقەڵەم دەدات، لە دیدی ڕێبەر ئاپۆدا، ١٥ـی ئاب ئامرازێک بوو بۆ بوونی نەتەوەیی، نەک شەڕی هەمیشەیی؛ ناچارییەکی مێژوویی بوو بۆ ڕێگریکردن لە سڕینەوەی یەکجارەکیی کورد.
لەگەڵ ئەوەی گوللـەی یەکەم، گوللـەیەک بوو بەرامبەر بێدەنگی و کۆیلایەتیی دەروونی لە ناخی تاکی کورددا، ڕێبەر ئاپۆ جەخت دەکاتەوە کە خەباتی چەکداری هەرگیز ئامانجی کۆتایی نەبووە، بەڵکو ئامرازێک بووە بۆ سەلماندنی بوونی کورد و ناچارکردنی سیستەم بۆ دانپێدانانی سیاسی.
پەکەکە توانی ڕاگواستنێکی فکری و دەروونی گەورە لە ناخی تاکی کورددا دروست بکات، هەڵمەتەکە کوردی لە حاڵەتی بێهیوایی و قبوڵکردنی زوڵمەوە گواستەوە بۆ قۆناغی تێکۆشان، بەردخۆدان و داواکاریکردنی مافەکان، ژنان و گەنجان بوونە بڕبڕەی پشتی ئەم شۆڕشە و کۆمەڵگەیەکی زیندویان خوڵقاند کە ئیتر سڵ لە ئاستەنگەکان ناکاتەوە و بە سەربەزییەوە شانازی بە ناسنامەی ڕەسەنی خۆیەوە دەکات.
گەیشتن بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک
ئەمڕۆ، دوای چەندین دەیە لە تێکۆشان، دەستکەوتەکانی هەڵمەتی ١٥ـی ئاب ڕەنگدانەوەی بەرفراوانیان لە گۆڕەپانی سیاسیی تورکیادا بەدیار کەوتووە، کاریگەرییەکانی ئەم تێکۆشانە تەنیا لە مەیدانی چەکداریدا نەمایەوە، بەڵکو بناغەیەکی تۆکمەی بۆ درووستبوونی تەڤگەری سیاسی، مەدەنی و کۆمەڵایەتیی بەهێز دانا.
بەردەوامیی تێکۆشانی سەربازی و جەماوەری، دەسەڵاتدارانی تورکیای ناچار کرد دان بەوەدا بنێن کە پرسی کورد بە ڕێگەی سەربازی و سەرکوتکردن چارەسەر ناکرێت، ئەم ڕاستییە دەوڵەتی ناچار کرد بێتە سەر مێزی دانووستان و پرۆسەکانی ئاشتی دەست پێبکات.
هەروەها بەرخۆدانی گەل داواکارییەکان لە چوارچێوەی ئامانجی تەسکەوە گەشەپێدا بۆ مۆدێلی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، بڵاوکردنەوەی فکری پێکەوەژیان و خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتییانە.
لەگەڵ ئەوانەشدا فشاری نەپساوەی تێکۆشانی ڕەوا، پەرلەمانی تورکیای ناچار کرد کە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا گفتوگۆ لەسەر پرسی کورد بکات، هەرچەندە کەموکوڕی زۆریشی تێدا بێت بەڵام یاسا و بسته چاکسازییەکان لەسەر مافەکانی کورد پەسەند بکات و ڕەوایەتی یاسایی بباتە ناو سیستەمی وڵاتەکەوە.
لە پەیام و هەڵسەنگاندنەکانیدا بەتایبەت لە چوارچێوەی پرۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـدا، ڕێبەر ئاپۆ جەخت لە گواستنەوە لە "بەرپەرچدانەوەی سەربازی"ـیەوە بۆ "بنیادنانی دیموکراتیک" دەکاتەوە، ڕوونی دەکاتەوە کە قۆناغی خەباتی چەکداری ئەرکی مێژوویی خۆی (کە ڕێگریکردن بوو لە قڕکردن و درووستکردنی کەسایەتیی ئازاد) بەباشی جێبەجێ کردووە؛ بۆیە لەم قۆناغەی ئێستادا سیاسەتی توندوتیژی و شەڕی چەکداری ناتوانێت ببێتە وەڵامدەرەوە و بەسەرچووە و دەبێت قۆناغی "ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک" و "کۆماری دیموکراتیک" لەسەر بنەمای تێکۆشانی مەدەنی و سیاسی دەست پێبکات.
سەرەنجام؛ هەڵمەتی ١٥ـی ئاب لە وەڵامێکی دەستپێکییەوە بۆ سەرکوتکاری، وەرگەڕا بۆ شۆڕشێکی گەورەی فکری، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی، ئەم هەڵمەتە نە تەنها پشتیوانی لە مانەوەی نەتەوەیی کورد کرد، بەڵکو دەوڵەتیشی هێنایە سەر ئەو باوەڕەی کە بەبێ دەستەبەرکردن و چارەسەرکردنی بەدیهێنانی مافەکانی کورد، هیچ سەقامگیرییەک لە تورکیادا نایەتە دی.
ئەمرۆکە، ئەم ڕووداوە وەک بەردی بنچینەیی هەموو ئەو دەستکەوتە مەدەنی، سیاسی و کۆمەڵایەتییانە دەنوسرێتەوە کە گەلی کورد لە باکوور و سەرتاسەری کوردستاندا پێی گەیشتووە، ١٥ـی ئاب هەڵمەتێک بوو کە هەم کوردی لە لەناوچوونەوە ژیاندەوە و هەم ڕێگەی بەرەو ئاشتی، دیموکراسیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بە تەواوی ڕوون کردەوە.
ب. جـ
