موھەند عوقابی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی جەنگی لە دەستەی حەشدی شەعبی، سەبارەت بە هەوڵی چەند کەسانێک بۆ تێکدانى هەڵمەتی کۆتاییهێنان بە بوونی هێزی بیانی لە خاکی عێراق و پەسەندکردنى یاسای حەشدی شەعبی، بۆ میدیا عێراقییەکان دەدوێت.
عوقابی ڕایگەیاند: ٣٠ـى ئەیلوول ڕووداوێکی مێژوویی و دەستکەوتێکە کە زۆر لایەنەکان بەشدارییان لە بەدیهێنانیدا کردووە، ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی ئێستا عێراق لێی بەهرەمەندە بە فەزڵی دەزگا ئاسایشییەکان بووە.
ئاماژەى بەوەشکرد، کەسانێک هەیە هەوڵی تێکدان و تێکەڵکردنی کارتەکان دەدەن سەبارەت بە دۆسییەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، هەروەها لایەن هەیە هەوڵی ئاڵۆزکردنی دۆخەکە دەدەن، گرووپەکانی مقاوەمە پەرۆشی سیستەمی سیاسی و سەقامگیری عێراقن.
ڕوونی کردەوە، چاوەڕوان دەکرێت عێراقییەکان ئاهەنگ بگێڕن بە بۆنەی ٣٠ـى ئەیلوولەوە، وەک ڕۆژێکی سەروەری و خۆشی، هەروەها سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی لەبارەی قسەکردن لەسەر ڕوودانی پێکدادان یان ڕووبەڕووبوونەوە دوای ئەو بەروارە، چونکە عێراقییەکان ناگەنە قۆناغی پێکدادان لە نێوان خۆیاندا، سەرجەم لایەنەکان پەرۆشی سەلامەتی، ئاسایش و یەکپارچەیی عێراقن.
جەختى کردەوە، دیالۆگ گونجاوترین ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی هەر ناکۆکییەک، حەشدی شەعبی ڕۆڵی هەیە لە لێکنزیککردنەوەی تێڕوانینەکانی نێوان حکومەت و گرووپەکان، عێراق لە ئێستادا لە هەر کاتێک زیاتر سەقامگیرە.
عوقابی سەبارەت یاسای حەشدی شەعبی پێشبینى کرد، لە ڕۆژانی داهاتوودا یاساکە پەسەند بکرێت و وتی: سەرجەم ئاماژەکان بەرەو پەسەندکردنی دەچن لەم نزیکانەدا، هیچ پەستانێک نییە بۆ ڕێگری لە پەسەندکردنی یاساکە، یاساکە مافی چەکداران و خێزانەکانیان مسۆگەر دەکات و بەشدار دەبێت لە سەقامگیری دەستەکەدا.
ئەوەشی خستەڕوو، حەشدی شەعبی پاڵپشت و پشتیوانی هێزە ئەمنییەکان و دەوڵەتە، ناتوانرێت دەستبەرداری ببێت، حەشد لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندایە و بێ ڕێنماییەکانی ئەو یەک مەتر جۆڵە ناکات، بەشێکی گرنگە لە سیستەمی هێزە ئەمنییەکان، جەختیشی لەسەر پێویستی دابینکردنی مافی برینداران و کوژراوانی حەشدی شەعبی و خێزانەکانیان کردەوە.
لە کۆتایدا وتى: گرووپەکانى مقاوەمە مەترسییان هەیە لە کۆتایینەهاتنی بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
هـ.ئ
