له گوندى به‌ڵخه‌ى سنووری هه‌ورامان دایە مەعسووم و مام عوسمان وەک دوو هاوژینی بەتەمەن کە لە سەروو ٧٠ کانی تەمەنیاندا ته‌مه‌نیان شانیان داوه‌ته به‌ر سه‌ختیه‌كانى ژیان، جگە لەوەی کاری ڕۆژانەی ناو ماڵ دەکەن، جار جاریش کاری جووتیاریش دەکەن، کاتێک پەیامنێری ڕۆژنیوز بە ڕێککەوتن ڕێی کەوتە گوندەکە، بینی ئەوان سەرقاڵی درووست‌کردنی دۆشاوى توون.
درووست‌کردنی دۆشاو کارێکی قورسە و ئاسان نییە، بەڵام ئەو دوو هاوژینە بەیەکەوە هاوکاری یەکتر دەکەن، ئەگەرچی توانای دایە مەعسوم زۆر لاواز بووە و وەک پێویست ناتوانێت لە کاروباری دەرەوەی ماڵ یارمەتی مام عوسمان بدات، بەڵام ئەمجارە لە درووست‌کردنی دۆشاوی توودا هەر چۆنێک بێت یارمەتی دەدات.

مه‌عسومه عه‌بدولقادر كه ئێستا ته‌مه‌نى ٧٠ساڵى تێپه‌ڕاندوه، به وته‌ى خۆشى دكتۆره‌كان پێیان وتوه نابێت كار بكات به‌هۆى ئازار له‌پشت و قاچه‌كانیدا، به‌ڵام ئه‌و به‌رده‌وامه له‌كاركردن و وه‌ك ژنێكى ماندوو شانى داوه‌ته به‌ر قورسیه‌كانى ژیان و چیرۆكى كاركردنى خۆى بۆ ڕۆژنیوز گێڕایه‌وه، وتى: ئه‌م دۆشاوه‌ى دروستیده‌كه‌ین تووى داره‌كانى خۆمانه كۆمانكردوەته‌وه، دۆشاوى تووى لێدروستده‌كه‌ین.
دایه مه‌عسومه وه‌ك خۆشى ده‌ڵێت: كاره‌كه زه‌حمه‌ت و ماندوبوونى زۆرى تێدایه، ڕۆژێك پێش ئه‌وه‌ى تووه‌كه بكەم به دۆشاو، تووه‌كان به جوانى ده‌بژێرم و پاكى ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ى شتى پیسى تێدا نه‌بێت، ئه‌و كاته ده‌یانكوڵێنم ده‌یكه‌م به دۆشاو پاشان ده‌یفرۆشێت به‌كڕیار و موشته‌رییه‌كانى خۆى.
دایه مه‌عسومه، كه ئێستا ته‌مه‌نى هه‌ڵشكاوه، به‌ڵام به‌رده‌وامه له كاركردن و كۆڵنه‌دان وتى: ئه‌گه‌ر گاڵۆكه‌کەم به‌ده‌سته‌وه نه‌بێت ده‌كه‌وم ناتوانم بڕۆم، به‌هۆى ئازار له ئه‌ژنۆكانى قاچمدا، ژنى هه‌ورامان له ڕابردوو هه‌مووى سه‌رقاڵى كاركردن بوون به‌باخدارى و ئاژه‌ڵدارییه‌وه، ئێستا ئه‌وه نه‌ماوه، به‌م ته‌مه‌نه‌مه‌وه خۆم ئێشده‌كه‌م و حه‌ز ده‌كه‌م ئاودێران بكه‌م، ئێستاش خه‌ریكى دروستكردنى دۆشاوى توم، به‌ڵام توانا‌و هێزى جارانم نه‌ماوه.
مام عوسمانیش به‌هه‌مان شێوه‌ى هاوژینەکەی، نه‌خۆشى پشتى بۆ درووستبووه، تواناى كاركردنى جارانى نه‌ماوه، به‌ڵام به‌ده‌م هه‌ڵكشانى ته‌مه‌نییه‌وه، هاوكارێكى باشى هاوژینەکەی بوو بۆ درووستكردنى دۆشاوى توو، له ژێر كه‌پرێكى فێنكى خانووه‌كه‌ی و له‌سه‌ر هه‌رزاڵێك دانیشتبوو بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد.

مام عوسمانی وتى: ژیانى ئێمه لێره ئاودێرانى ئه‌م باخه‌مانه، كه‌شو هه‌واى ناوچه‌كه‌مان فێنكه، شه‌وان به‌بێ به‌تانى نا‌توانیت بخه‌ویت، پێشوتر تا گه‌نج بووم خێزانم هاوكارییه‌كى باشم بوو بۆ كاركردنى باخ و ئاودێران، ئێستا ئه‌و تواناكه‌ى جارانى نه‌ماوه من هاوكارێكى زۆر باشى ئه‌وم، هه‌رشتێكى پێویست بێت بۆی ده‌كه‌م، درووستكردنى دۆشاوى توو زه‌حمه‌تى زۆره پێكه‌وه كاره‌كه ده‌كه‌ین.
مام عوسمان وه‌ك خۆی باسى لێوه‌كرد، ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ى ڕابردووش به‌هۆى كه‌م ئاوییه‌وه هه‌موو باخه‌كانى له‌بێ ئاویدا وشكبوو، بۆیه خۆشییه‌كه‌ى جاران تێدا نه‌ماوه ناوچه‌كه، ژیانى ئێمه لێره باخدارى و چه‌ند كارێكى دیكه‌یه، به‌ڵام هیچ داهاتیكى ئه‌وتۆى نییه، هه‌ورامان ناوچه‌یه‌كى فێنك و خۆشه، وه‌ته‌ن و خاك خۆشه‌ویسته بۆیه من لێره دانیشتوم.
ئ پ
