ناوەندى هەواڵەکان
ڕۆژنامەى شەرقلئەوسەت سەبارەت بە ڕاگرتنى هاوکارییەکانى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ هێزەکانى پێشمەرگە و گەڕان بەدواى جێگرەوەیەکى دیکەدا، ڕاپۆرتێکى بڵاوکردەوە.
دوێنێ، فەریق ڕوکن بەختیار محەمەد سدیق ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ماوەی دیاریکراو بۆ هاوکارییە داراییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە پێشوەختەی لە نێوان هەردوولادا کرابوو کۆتایی هات، هاوکارییە داراییەکانی مانگەکانی ئاب و ئەیلوولی ٢٠٢٦ دواین گوژمە بوون بەپێی ڕێککەوتنەکە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەداوە، ئەم ڕاگەیاندنە دوای کەمتر لە هەفتەیەکە بەسەر ئەوەی کە هەرێم سەرکەوتوو بوو لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، کە پێشتر دابەشبوون بۆ دوو هێزی سەر بە دوو حزبە سەرەکییەکە (پەدەکە و یەنەکە)، ئەمە هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە وڵاتەکە لە کۆتایی ئەم مانگەدا.
بەپێی ڕۆژنامەکە هەولێر داوای لە حکومەتی عێراق کردووە قەرەبووی ئەم هاوکارییانە بکاتەوە، بە دەستکاریکردن و هەموارکردنەوەی مووچەی پێشمەرگە هاوشێوەی هێزەکانی دیکەی عێراق.
جگە لە هاوکارییە داراییەکان، لە چوارچێوەی پلانەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەهێزکردنی توانا بەرگریییەکانی هێزە کوردییە هاوبەشەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا، واشنتۆن ساڵی ڕابردوو و بە ڕەزامەندی حکومەتی عێراق، ٢٤ تۆپی قورس و ناوەندی لە جۆری هاوتزەر M119ـى ١٠٥ ملیمەتری ڕادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کرد، کە ئەوەش ناڕەزایەتی لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانی بەغدادی لێکەوتەوە.
ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە، ئەگەر بەغداد بەردەوام بێت لە وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکانی کورد، ڕاگرتنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان کاریگەرییەکی گرنگی دەبێت لەسەر مووچەی پێشمەرگە، پێشبینی دەکرێت ئەمریکا دەستپێشخەری بکات بۆ نوێکردنەوەی یاداشتی هاوکارییەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ یان چوار ساڵ.
پێشتر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کردبوو، شاندی حکومەتی هەرێم بە فەرمى لە کاتی گفتوگۆ بەردەوامەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ داوای زیادهیەکی بە بڕی ٤٥٠ ملیار دینار کردووە بۆ تەرخانکردنی مووچەی ١٤٨ هەزار پێشمەرگە.
ڕۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئامانج لە زیادکردنەکە بەدیهێنانی یەکسانی تەواوە لە مووچە و دەرماڵە داراییەکان لە نێوان کارمەندانی هێزەکانی پێشمەرگە و هاوتاکانیان لە هێزە سەربازییەکانی عێراقدا.
هێزەکانی پێشمەرگە، هێزی سەربازیی فەرمییە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان، لە ڕووی مێژووییەوە وەک بزووتنەوەی بەرگریی چەکداری لە چیاکاندا بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی کورد سەریهەڵداوە، دوای ساڵی ٢٠٠٣ گەشەی کرد بۆ دامەزراوەیەکی ئەمنیی ڕێکخراو و ئامادەکراو.
هـ.ئ
