وەزارەتی تەندروستی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، لەبارەی تۆمارکردنی حاڵەتێکی نوێی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە، حاڵەتێکی نوێی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە شاری دهۆک تۆمارکرا کە گەنجێکی تەمەن ٢٣ ساڵی دانیشتووی گوندی بازێ لە ئیدارەی سۆرانە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو کەسە دوای بەرکەوتنی بە ئاژەڵی تووشبوو و سەردانیکردنی نەخۆشانە و ئەنجامدانی پشکنین و پشتڕاستکردنەوەی حاڵەتەکە، لە ئێستادا خراوەتە ژێر چاودێری پزیشکەوە لە نەخۆشخانە و باری تەندروستی جێگیرە.

وەزارەتەکە داوای لە هاووڵاتییان کردووە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی جێبەجێبکەن و لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە و هاووڵاتییانی بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.

لەمساڵدا ئەمە سێیەم حاڵەتی تووشبوونە بە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان و دوو حاڵەتی دیکەش لە دەرەوەی سنووری هەرێم تووشبوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان.

 

ب. جـ