​هاووڵاتییەکی خەڵکی شارۆچکەی بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک، کە لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە بێسەروشوێن بووە و لە تاران ژیاوە، دوای ٢٣ ساڵ لە تارانەوە کەسوکارەکەی لە بەردەڕەش دەدۆزێتەوە وئەمڕۆ گەشتەوە بەکەسووکارەکەی.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ڕۆژنیوز، ​قاسم حوسێن، خەڵکی گوندی کانی ئەسپانی مەزنە لە سنووری شرۆچکەی بەردەڕەش، لە ساڵی ٢٠٠٣ و لە تەمەنی ٣٥ ساڵیدا گوندەکەی جێهێشتووە و لەو کاتەوە هەموو پەیوەندییەکی بە خێزانەکەیەوە پچڕاوە، سەرەڕای گەڕان و بەدواداچوونی زۆری کەسوکارەکەی، هیچ سەرەداوێک لەسەر چارەنووسی دەست نەکەوتووە و خێزانەکەی پێشبینی ئەوەیان کردووە گیانی لەدەستدابێت.

​پەیامنێری ڕۆژنیوز ئەوەیشی زانیوە، قاسم حوسێن دوای ٢٣ ساڵ لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامەوە وێنەی باوک و براکانی لە ئەکاونتی برازایەکی دەبینێت و دەیناسێتەوە، بەمەش دەرگایەکی نوێ بۆ کۆتاییهاتن بە نەهامەتییەکانی چەندین ساڵە دەکرێتەوە.

​لەوبارەیەوە، سەمیر عەبدولقادر، برازای قاسم حوسێن،  سەبارەت بەم ڕووداوە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، قاسمی مامم چووەتە ناو ئەکاونتی ئینستاگرامەکەم، لەوێ وێنەی باوک و براکانی خۆی بینیوە و هەمووانی ناسیوەتەوە، بۆیە نامەیەکی بۆ ناردووم و تێیدا نووسیویەتی "سڵاوێک دوای زیاتر لە بیست ساڵ بۆ برازاکەم". ئێمە زۆر دڵخۆشین کە ماممان بە زیندوویی دۆزیوەتەوە و چاوەڕوانی گەڕانەوەی دەکەین.

​قاسم کە ئێستا تەمەنی ٥٨ ساڵە و لە تاران ژیاوە و کاری کردووە، پاش ئاشکرابوونی چارەنووسەکەی ڕێکارەکانی گرتەبەر، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کەسوکاری ناوبراو بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، کەوا ئێستا قاسم گەیشتووەتە کوردستان و بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ بگاتەوە بە کەسووکارەکەی لە  زێدی خۆی.

س. ع