دوای زنجیرە هێرشەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییانی پارێزگای دیوانیە لە باشووری عێراق بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و ئەو هێرشانە بە هێرشکردنە سەر تەواوی عێراق دەزانن.

عەلا تالیب دانیشتوویەکی دیوانیە و بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، بە ئامانجگرتنی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، بە ئامانجگرتنی سەروەریی عێراق و سەرجەم پارێزگاکانییەتی، چونکە وڵاتەکە یەک سەروەریی هەیە، داوای لە حکومەتی عێراق کرد هەڵوێستی توند بەرامبەر ئەو هێرشانە وەربگرێت، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک ئەنجام دەدرێن.
ئاماژەى بەوەشکرد، سەروەریی عێراق بەستراوەتەوە بە توانای لە پاراستنی تەواوی خاکەکەی، لە باشوورەوە تا دەکاتە هەرێمی کوردستان.
وەرچەرخانێکی ئەمنیی مەترسیدارە و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان
سەیف عەلی ڕۆژنامەنووسە و وتی: دەستدرێژییە دووبارەبووەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە ڕووداوی ئەمنیی تێپەڕبوون و بوونەتە ئاماژەیەکی مەترسیدار کە

هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری دەکات.
باسی لەوەشکرد، بە ئامانجگرتنی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، وەرچەرخانێکی ئەمنیی مەترسیدارە و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان سنوورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنێن و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی بەزاندنی سەروەریی عێراق بکەن.
ڕوونیکردەوە، ئەم هێرشە یەکەم هێرشی لەو شێوەیە نییە، چونکە لە ماوەکانی ڕابردوودا هەرێم شایەتی بۆردوومانی دووبارەبووەوە بووە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، هۆشداریی دا لەوەی ئەمە هەڕەشە لە ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان دەکات.
حسێن عەلی غانمی شێخی گەورەى عەشائیرەکانی غوانی، پشتیوانیی عەشائیرەکانی دیوانیەی بۆ سەروەریی عێراق و ڕەتکردنەوەی هەموو دەستوەردان و دەستدرێژییانە دووپاتکردەوە کە خاکەکەی دەکەنە ئامانج و وتی: عێراق دەوڵەتێکی سەربەخۆیە و کیان و سەروەریی خۆی هەیە، ئێمە ئەم دەستوەردان و دەستدرێژییانە بە یەکجار و بە سەرجەم ڕەت دەکەینەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە یەک ڕیزدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵدا دەستەووەستین بۆ پاراستنی خاک و ئاسمانی عێراق لە هەموو دەستدرێژییەک، چی لە وڵاتانی دراوسێوە بێت یان لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە.
جێگەى ئاماژەیە، هەفتەى ڕابردوو دوو درۆنی بۆمڕێژکراو لە سنووری ئێرانەوە بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵدراوە، کە نووسینگەی تایبەتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەرى هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری دەزگای پاراستن بە ئامانج گیراوە، بەڵام هیچ زیانێکى گیانى نەبووە.
هـ.ئ
