بەپێی زانیاریی دەسەڵاتدارانی ئوکرانیا کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیشەوە بڵاو کراونەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ڕووسیا هێرشێکی مووشەکیی چڕی کردووەتە سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا و لە ئەنجامدا لانیکەم هەشت کەس کوژران و ٣٣ کەسی دیکەش بریندار بوون.
هاوکات هێرشەکان بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە چەندین باڵەخانە و پچڕانی کارەبا لە چەند ناوچەیەکی شارەکەدا.
ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ ڕایگەیاند، ژمارەیەک هاووڵاتی لەنێو باڵەخانەیەکی نیشتەجێبووندا گیریان خواردووە و ئاگر لە چەندین شوێن کەوتووەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە، جگە لەو شوێنانە، چەندین کۆگا و تەنانەت نەخۆشخانەیەکی منداڵانیش بەئامانج گیراون.
سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ئەورووپا، تا ئێستا هیچ هەوڵێکی دیپلۆماسی نەیتوانیوە بگاتە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و ڕاگرتنی پێکدادانە خویناوییەکان لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤدا.
ئـ.ع
