لەکاتێکدا هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە مووچەخۆر و بازرگان و سەرجەم توێژە جیاوازەکانی ترەوە بەدەست نەبوونى مووچە و گرانی نرخی سووتەمەنی و کاڵاو پێداویستییەکانی ڕۆژانە و سەپاندنی باج و ڕسوماتێکی زۆرەوە دەناڵێنن، لەم کاتەدا حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێم داوای قەرزی کارەبا دەکاتەوە، کە لای هاووڵاتییانە.
قەرزەکان تەنیا هی کارەبا نین، بەڵکو قەرزی (ئاو، کشتوکاڵی، پیشەسازی، نیشتەجێبوون،هاوسەرگیری، گەشتوگوزار) چەندین قەرزی ترن کە چەند ساڵێکە لای هاووڵاتییانن، بەڵام ئەم بڕیارە لە ئێستادا تەنیا پڕۆژەی ڕووناکی و کرێی مانگانە دەگرێتەو، دواتر دەیەوێت بە ڕێگای تر قەرزەکانی تر وەربگرێتەوە.
ئەم بڕیارەی حکومەتى هەرێم لە کاتێکدایە، کە چەندین ساڵە مووچەخۆران داوا دەكەن كرێی خزمەتگوزارییەكانی ئاو و كارەبا و هاتووچۆ و فەرمانگەكانی دیكە یان قەرزی پێشینەكان بخرێتە بەرامبەر مووچە نەدراو و پاشەكەوتكراوەكان، بەڵام حكومەتی هەرێم ڕازی نییە و دەیەوێت بە کاش قەرزەکەیان وەربگرێتەوە.
قەرزەکانی حکومەت لای هاووڵاتییان
بە پێی داتاو ئامارەکانی وەزارەتى دارایی هەرێم ئەو پارەیەی حکومەت لای هاووڵاتییان و بازرگانەکانە زیاترە لە سێ ترلیۆن دینار، ئەو قەرزانەشی ماون و تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ نەدراونەتەوە نزیکەی یەک ترلیۆن و ٩١٨ ملیار و ٨٨ ملیۆن دینارە، بڕی زیاتر لە یەک ترلیۆنیش لای بارزگانەکانە.
بە هەردوو کابینەی هەشتەم و نۆیەمی حکومەتی هەرێم، ٢٤ ترلیۆن و زیاتر لە ٤٠٠ ملیار دینار قەرزداری هاووڵاتییانن وتا ئێستا یەک دینارییان نەگێڕاوەتەوە، بەڵام حکومەت نزیکەی دوو ترلیۆنی لای هاووڵاتییانە داوای دەکاتەوە و هەڕەشەی بڕینی خزمەتگوزارییەکانیش لە خەڵک دەکات ئەگەر قەرزەکە نەگەڕێننەوە، بەڵام هاووڵاتییان لە ساڵی ٢٠١٩ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥، لە بەرامبەر قەرزی جۆراوجۆر بڕی ٥٣٩ ملیار و ٥١١ ملیۆن ٤٨٩ هەزار دیناریان بۆ حکومەت گەڕاندووەتەوە.
قەرزەکانی هاووڵاتییان لای حکومەت
بەگوێرەی داتا و ئامارەکان، حکومەتی هەرێم بەهۆی "پاشەکەوت" و "لێبڕین" لە ساڵی ٢٠١٤ وە تا کۆتایی ٢٠٢٥ لە مووچەی مووچەخۆران وەک قەرز لایەتی، بەجۆرێک لە کابینەی هەشتەم بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی ٥٤ مانگدا، ٤٢ مانگ بە خەرجنەکردن و لێبڕین و پاشەکەوتەوە مووچەی نەداوە بەمەش لەم کابینەیە، بە کۆی گشتیی بە نزیکەیی ١٠ ترلیۆن و ٥٩٧ ملیار و ٩٩٧ ملیۆن دینار قەرزداری مووچەخۆرانە.
لە کابینەی نۆیەمیش بە سەرۆکایەتى مەسرور بارزانی، لە ٧٨ مانگدا ٢٣ مانگی بە خەرج نەکردن و بە کەم و کوڕی و لێبڕینەوە مووچەی داوە، بەوەش لەم کابینەیە کە حەوت ساڵە بەردەوامە، بە کۆی گشتیی و بەنزیکەیی ١٣ ترلیۆن و ٨١٤ ملیار دینار قەرزداریی مووچەخۆرانە.
ئێستا حکومەت دەیەوێت، لە دوای ئەو ٥٠ ڕۆژەوە ئەگەر هاووڵاتییان قەرزەکانیان نەگەڕاندەوە، ئەوا کارەباکەیان ببڕێت و دواتریش مانگانە لە سیستەمی هەژماری من لە مووچەکانیان بگێڕێتەوە، بەڵام مووچەخۆران بەمە ڕازی نین، ئەوەش ئەوترسە بوو، کە هەر لە سەرەتاوە مووچەخۆران لە پڕۆژەی هەژماری من هەیان بوو.
کامیان دۆخی ئابووری دەگۆڕێت؟
وەزارەتى دارایی هەرێم لە پەرتووکی کار و چالاکییەکانی خۆیدا تەنیا باسی قەرزەکانی حکومەتى لای هاووڵاتییان کردووە، بەڵام بە هیچ شیوەیەک ئاماژەی بە قەرزەکانی هاووڵاتییان و بازرگانان لای حکومەت نەکردووە، بەمەش حکومەت بە کوردی و بە کورتی بە هاووڵاتییان دەڵێت: ئەوەی خۆم بۆخۆم ئەوەی تۆش دەخۆم!
ئــ.ع
