ئەحمەد ساحاف باڵیۆزی عێراق لە لیبیا سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندەوەى چەندین کۆچبەرى عێراق لەو وڵاتە، بۆ میدیا عێراقییەکان دەدوێت.
ساحاف ڕایگەیاند، باڵیۆزخانەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پسپۆڕی لیبیا توانیویەتی چارەنووسی ٣٦ کۆچبەری عێراقی ئاشکرا بکات، کە بە شێوەیەکی نایاسایی چووبوونە لیبیا،هەنگاوەکانی پاڵپشتیی مرۆیی بۆ کۆچبەران بە بەردەوامی لەلایەن باڵیۆزخانەکەوە ئەنجام دەدرێن، کە ڕەخساندنی دەرفەتی پەیوەندیکردنیان بە خێزانەکانیانەوە، سەرباری دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەرمانی بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتییان لەخۆدەگرێت.
ڕوونیشی کردەوە، هەوڵەکانی باڵیۆزخانەکەیان خێران بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی گەڕاندنەوەیان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە بۆ عێراق، ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا توانیویەتی ٣٥٢ کۆچبەر بگەڕێنێتەوە.
جەختی لەوە کردەوە، وەزارەتی دەرەوە گرنگییەکی زۆر بە دۆسیەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەى هاوڵاتییەکانىدەدات، بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتییانی عێراقی لە مەترسییەکانی تۆڕەکانی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.
جێگەى ئاماژەیە، ناو بەناو گەنجانى عێراق و هەرێمى کوردستان ڕێگاى لیبیا دەگرنەبەر بۆ ئەوەى لەوێوە بپەڕنەوە بۆ ئەوروپا، بەڵام زۆرجار ڕووبەڕووی گرووپ و باندە ڕێگرەکان دەبنەوە و پار و موبایلیان لێوەردەگیرێت و داواى پارە لە کەسوکارەکانیان دەکرێت.
هـ.ئ
