لە سنووری زێی بچووک بە درێژایی زیاتر لە ٧٦ کیلۆمەتر ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی لە دەوروبەری درووست کراون، بەڵام خاوەن پڕۆژەکان دەڵێن، لەگەڵ ئەوەی ئەم بوارە دەتوانێت سەرچاوەیەکی گرنگی داهات و هەلی کار بێت، ئێستا لە نێوان گرانی پێداویستییەکان، دابەزینی نرخ، کێشەی کارەبا و بەربەستە کارگێڕییەکاندا تووشی قەیران بووە.

بەشدار عوسمان

بەشدار عوسمان، دانیشتووی گوندی قەسرۆکە لە سنووری شارەدێی ئاخجەلەر لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، یەکێکە لە خاوەن پڕۆژەکانی ماسی و کڕین و فرۆشتنی بەرهەمەکەش دەکات، بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: ئێمە وەک خاوەن پڕۆژەی ماسی گیروگرفتێکی زۆرمان هەیە، حکومەت داوا دەکات مۆڵەتی پڕۆژەکانمان وەربگرین، بەڵام ئەم پرۆسەیە کات و پارەی زۆر دەخوازێت، هەندێک جاریش دەوترێت حەوزەکان لە ڕێگای هاتووچۆوە نزیکن، لە کاتێکدا ئەو زەویانە هیچ پڕۆژەیەکی حکومەتیان تێدا جێبەجێ ناکرێت و هەرکاتێک حکومەت بیەوێت پڕۆژەیەک لەو شوێنە جێبەجێ بکات، ئێمە ئامادەین پڕۆژەکەمان جێبهێڵین.

ئاماژە بە کاریگەریی هاوردەکردنی ماسی لەسەر بازاڕی ناوخۆ دەکات و دەڵێت ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخ و لاوازبوونی توانای بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ بۆ بەردەوامبوون.

هەمزە ئەحمەد

هەمزە ئەحمەد، خاوەنی پڕۆژەیەکی ماسییە لە گوندی قەسرۆک، بە ڕۆژنیوزی وت، بڕێکی زۆر پارەی بۆ پڕۆژەکەی خەرج کردووە، بەڵام گرانی عەلەف، نەخۆشیی ماسی، کێشەی کارەبا و دابەزینی نرخ، زیانی زۆریان لێ داوە.

وتیشی: خوێندنم تەواو کردووە و خاوەنی دوو بڕوانامەم، بەڵام هیچ هەلی کارێکم نەبوو، بۆیە خۆم دەستم  بەو کارە کرد و لەگەڵ ئەوەشدا هەلی کارم بۆ چەندین کەسی دیکە ڕەخساندووە، بەڵام حکومەت هێشتا بەربەست لەبەردەم کارەکانمان دادەنێت، لە کاتێکدا زیانی ساڵی پێشوو هێشتا پڕ نەکردووەتەوە.

لە گوندی قامیشە لە سنووری شارەدێی شوان، فەخرەدین کاکەمین کە ئەمساڵ یەکەم جار دەستی بەو بوارە کردووە و ئەزموونەکەی بووەتە هۆی پەشیمانی و دەڵێت: ئەمساڵ یەکەم جارە دەستم بەو کارە کردووە، بەڵام زۆر پەشیمانم، زەرەری زۆرم کردووە، چونکە نرخی ئەلف و گاز زۆر گرانە، کارەبا زۆر خراپە و لەگەڵ ئەوەشدا بەرهەمەکەمان بە نرخێکی باش لە بازاڕدا نافڕۆشرێت.

فەخرەدین کاکەمین

فەخرەدین ئاماژە بەوە دەکات کە ناوچەکە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە حکومەتی عێراقە و دەڵێت: نە حکومەتی هەرێم و نە حکومەتی عێراق پشتیوانییەکی کاریگەر بۆ ئەم بوارە دابین نەکردووە، بەڵکوو خاوەن پڕۆژەکان بەردەوام ڕووبەڕووی گرفت دەبنەوە.

زۆربەی ئەم پڕۆژانە لە کەناری زێی بچووک، لە سنووری شارەدێی ئاخجەلەر، شارۆچكەی تەقتەق، شارەدێی ئاشتی و سێگردکان لە شارۆچكەی كۆیە، دروست کراون، بەڵام بەشێکیان لە ڕووی کارگێڕییەوە دەكەونە سنووری شارەدێی شوانی پارێزگای کەرکووک، لە ئێستادا، یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی بەرهەمهێنەران دابەزینی نرخی ماسییە کە  بەپێی قسەی خاوەن پڕۆژەکان، هەر کیلۆیەک ماسی ئێستا بە نزیکەی ٣ هەزار تا ٤ هەزار دینار دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا نرخی ئەلف، گاز، کارەبا و پێداویستییەکانی بەخێوکردن بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە.

بە پێی ڕێنماییەکانی حکمەتى هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرچاوەی ئاوی پڕۆژە نابێت ئاوی بیر بێت، پڕۆژەکە نابێت بە شێوەیەکی نادروست لە نزیکی ڕێگای سەرەکی و لاوەکی بێت و ڕووبەری زەویش نابێت لە سێ دۆنم کەمتر بێت.

لە بەرامبەر ئەم سکاڵایانەدا، کامەران ئەمیر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی کۆیە بۆ ڕۆژنیوز ڕایگەیاند: مەرج و ڕێنماییەکانی دامەزراندنی پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی، بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییان بەسەردا نەهاتووە، بەڵکوو ئێستا هاوکاریی خاوەن پڕۆژەکان زیاتر کراوە بۆ ئەوەی مۆڵەتی فەرمی وەربگرن و کارەکانیان بەگوێرەی ڕێنماییەکان جێبەجێ بکەن.

کامەران ئەمیر

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کۆیە دەڵێت: تا ئێستا هیچ ڕێنمایی یان بڕیارێکی نوێ لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان یان حکومەتی عێراقەوە نەگەیشتووە کە باس لە تێکدان یان گۆڕینی پڕۆژەکانی ماسی بکات و ئەوەی لەبارەی ئەم بابەتەوە دەگوترێت، دەنگۆیە و پشتگیریی فەرمی نییە.

لە هەمان کاتدا، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كۆیە ئاماژە بە بوونی ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی ماسی لە سنووری شارۆچكەی  تەقتەق و کۆیە و شارەدێی ئاشتی دەکات و دەڵێت، بەشێکی زۆر لەوانە مۆڵەتی فەرمییان نییە و بە شێوەیەکی نازانستی دروست کراون؛ بۆیە ئامارێکی ورد و فەرمی لەبارەی کۆی پڕۆژەکان و بڕی بەرهەمەکانیان بەردەست نییە.

6 وێنە
1 / 6

هـ.ح