کەرتی تایبەت و کۆنتڕۆڵکردنی سێکتەرەکانی ژیان
لە چەند ساڵی ڕابردوودا حکومەتی هەرێم هێواش هێواش زۆرینەی سێکتەرەکانی ژیانی خەڵکی لە کۆڵ خۆی کردووەتەوە و ڕادەستی کەرتی تایبەتی کردووە کە نزیکەی لە ٧٠%ـی ئەو کەرتەش خاوەنەکەی حزب و دەسەڵاتدارانن، بەمەش حکومەت ئامانجی ئەوەیە سەرجەم خزمەتگوزارییەکان لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە بگاتە هاووڵاتییان، ئەمەش گەورەترین قەیرانی بۆ ژیانی خەڵک درووستکردووە، چونکە کەرتی تایبەت بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی ئەو خزمەتگوزارییانە دەگەیەنێت، نەک بەپێی بەرژەوەندی و توانای دارایی هاووڵاتییان.
لەناو سیستەمی حکومڕانیدا هەندێک خزمەتگوزاریی هەیە هەرگیز نابێت ڕادەستی کەرتی تایبەت بکرێت، بە نموونە کەرتی تەندرووستی و پەروەردە، بەڵکو دەبێت لە ژێر چاودێرو سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی حکومەت دابێت، بەڵام لە هەرێم ئەو دوو کەرتەش خەریکە بە تەواوی ڕادەستی کەرتی تایبەت دەکرێت.
سیستەمێکی تەندرووستیی بە بازرگانیکراو و ناسەقامگیر هەیە کە تێیدا نەخۆش ناچارە بە نرخێکی زۆر گران پەنا بۆ نەخۆشخانە و دەرمانخانە تایبەتەکان بەرێت و ژیانی بە پارە لە کەرتی تایبەت بکڕێتەوە، بازاڕی دەرمان لەلایەن بازرگانانی حزبەکەوە کۆنترۆڵ کراوە.
پەروەردەش لە هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی زانستی گەورەدایە پاشەکشەی خوێندنی حکومی و بازرگانیکردن بەو کەرتە لەڕێگەی دامەزراوە حزبی و ئەهلییەکانەوە بووەتە دیاردە.
جیا لەمانەش خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان وەک کارەبا لە هەرێم قۆرخ کراون لەلایەن کۆمپانیا حزبی و سێبەرەکانەوە بە نرخێکی بەرز و کوالێتییەکی نزم پێشکەش دەکرێن، نرخی ئێستای بەنزین و نەوت و گاز بەڵگەی سەلمێنەری ئەم قۆرخکارییە پیشان دەدات.
لەهەرێمی کوردستان تێکەڵاوکردنی دەسەڵاتی سیاسی و سەرمایەداری بووەتە هۆی بەتاڵانبردنی سامانی هەرێم و تەرخانکردنی داهات بۆ توێژی دەسەڵاتدار، بەشێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێم بوونەتە بازرگان و لە یەک کاتدا کاری حزبی و بازرگانی و وەبەرهێنان دەکەن.
بە کۆمپانیاکردنی کەرتە خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستان، جگە لە درووستکردنی چینێکی دەوڵەمەندی کەمینەی نزیک لە دەسەڵات، هیچ بەرهەمێکی تری نەبووە؛ بەڵکو هۆکاری سەرەکی بووە بۆ هەژارخستنی زیاتری چینی مامناوەند و کەمدرامەت و لەناوبردنی تەواوی متمانەی هاووڵاتیی بە دامەزراوە نیشتمانییەکان.
پەککەوتنی دەسەڵاتەکان
لە دەوڵەتانی مۆدێرن و خزمەتگوزاردا، دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانان و میدیا سێ کۆڵەکەی سەرەکیی چاودێری و پاراستنی مافی هاووڵاتییانن لە بەرامبەر گەندەڵی و بە کۆمپانیاکردنی دامەزراوەکاندا، بەڵام لە هەرێمی کوردستان، هەرسێکیان ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە.
دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێری کە پەرلەمانە بەتەواوی ئیفلیج و بێدەسەڵاتە، حزبەکان پەرلەمانیان کردووەتە شوێنی یەکلاییکردنەوەی ململانێیەکان و کوشتنی توانای چاودێری ئەو دەسەڵاتە.
نەبوونی سەربەخۆیی تەواوی دامەزراوەی دادوەرییش وایکردووە نەتوانێت لێپرسینەوەی ڕاستەقینە لەو کۆمپانیا حزبی و سێبەرانە بکات کە ئابووری و خزمەتگوزارییەکانیان قۆرخ کردووە و یاری بە قوتی هاووڵاتییانەوە دەکەن.
دەسەڵاتی چوارەمیش کە میدیایە لە ئەرکی گەیاندنی زانیاری و چاودێرەوە بۆ گەورەکردنی سیستەمی سەرمایەداری و پشتیوانیکردن لە گەندەڵی و شاردنەوەی ڕاستییەکان گۆڕاوە، هەربۆیە زۆرێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕاستەوخۆ لەلایەن حزبەکان یان کۆمپانیا سەرمایەدارەکانەوە خاوەندارێتی یان پارەدار دەکرێن بۆ داپۆشینی کەموکوڕییەکان و شاردنەوەی ناشرینییەکانی سیستەمەکە.
لە بەرامبەریشدا، ڕاگەیاندنی ئازاد و سەربەخۆ و پیشەیی هەیە کە بەردەوام ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی، سزای یاسایی و گوشاری سیاسی دەبێتەوە.
ئـ.ع
