هونەرمەندی باکوری کوردستان هۆزان جۆمەرد، جەخت لەسەر یەکبوونی کورد دەکاتەوە و بە گرنگی دەزانێت کە هونەرمەندانی کورد لە ڕێی هونەرەکەیانەوە ناسنامەی کورد بە جیهان بناسێنن، هونەرمەند هۆزان لە میانی بەشداری ئاهەنگی پیرۆزکردنی ١٥ـی ئابی لەبناری قەندیل بۆ ڕۆژ نیوز دووا.

هۆزان جۆمەرد دەڵێت: پڕۆسەی تێکۆشانی گەلی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان، مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، سەدان ڕێبەر و هەزاران شەهید نرخی زۆر گەورەیان بۆ پاراستنی ناسنامەی کورد داوە لەم ٥٠ بۆ ٦٠ ساڵەی دواییدا، تەڤگەری ئازادی لەسەر بنەمای فەلسەفەی دیموکراتیی مۆدێرن بە ڕابەرایەتیی ڕێبەر ئاپۆ بووەتە تەڤگەری ئاشتی، توانیویەتی گەنجان، ژنان و تەواوی گەل لە دەوری ئازادی کۆبکاتەوە.

وتیشی: ئێستا کە پڕۆسەی دیموکراتیی مۆدێرن بەڕێوەدەچێت، پڕۆسەیەکی دوو لایەنەیە، لە لایەک بڕیاری کۆتایی لای ڕێبەر ئاپۆیە، لە لایەکی تر دەوڵەتە کە ڕێگە لە شەڕ بگرن و مافەکانی کورد بچەسپێنن.

​هونەرمەند هۆزان جۆمەرد دەشڵێت: مێژووی ئەوروپا نیشانی داوە کە دوای سەد ساڵ لە جەنگ و کوژرانی ملیۆنان مرۆڤ لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، لە کۆتاییدا توانینیان یەکێتیی ئەوروپا دروست بکەن و ئاڵا و دراوەکانیان بکەنە یەک، لێرەش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستە کورد دەست لەناودەست بکات بۆ چەسپاندنی ناسنامەکەی، چونکە ئەگەر کورد یەک نەبێت، دەسەڵاتداران هەمیشە یاری بە چارەنووسی  کورد دەکەن ئەگەر کورد ناسنامەی خۆی بەدەستبهێنێت، دەبێتە پێشەوای ناوچەکە.

​ئەو هونەرمەندە وتیشی: لە لایەکی ترەوە سەروەتێکی گەورەی هونەری و کلتووری لە دەڤەرەکانی وەک خۆراسان، کرماشان و بۆتان بە ئەکادیمی و بوونی هەیە، بەڵام خاڵی لاواز ئەوەیە کە هونەرمەندانی ئێمە لە ئاستی جیهانیدا نەناسراون لە کاتێکدا سیاسەتمەدار، گەریلا و پێشمەرگەکانمان لە سەرتاسەری جیهاندا ناسراون، دەبێت هونەرمەندانیش هەمان ڕۆڵی مێژوویی ببینن

​هونەرمەند هۆزان جۆمەرد لە کۆتاییدا بانگەواز لە تەواوی هونەرمەندانی کورد دەکات کە وەک گەریلا و پێشمەرگە تێبکۆشن، تاوەکو بتوانن لە ڕێگەی بەرهەمەکانیانەوە ڕەنگ و دەنگ و ناسنامەی گەلی کورد بە تەواوی جیهان بناسێنن.

ئـ. پـ