هۆزان سەرحەد بڕوای تەواویی بەم ڕستە بەناوبانگە هەبوو کە دەڵێت" مۆسیقا چەکی پاراستنی مانەوە و تێکشکاندنی نەیارەکانە" لە بنەمای ئەم تێڕوانینە مۆسیقای کردە چەکی شانی و دژ بە داگیرکەران تۆنەکانی لەرزاند، هونەرمەندەکان چرای شۆڕشەکانن، بەرزکەرەوەی ورەو ئیرادەی گەریلاو شەڕڤانەکانن، ئەمڕۆ دوای ٢٦ ساڵ بەدوای بۆشایی نەبوونی ئەو هونەرمەندە زیاتر دەردەکەوێت و وەک چاڵێکی ڕەش ماوەتەوە.

سلێمان ئالی دۆغان، ناسراو بە هۆزان سەرحەد، لە ٢٤ـی تەمووزی ساڵی ١٩٧٠ لە شارۆچکەی ئەلەشکیردی سەر بە ناوچەی ئارارات، لە باکووری کوردستان لە دایکبووە، هەر لە مێرمنداڵییەوە خولیای هونەر لە ناخیدا چەکەرە دەکات و هێدی هێدی پەرەی پێدەدات.

ئەستێرەی هۆزان لە ساڵی ١٩٨٨ لەناو هەزار و ٨٠٠ خوێندکاردا لە زانکۆی شاری ئیزمیر زیاتر دەگەشێتەوە کاتێک لە بەشی میوزیک پلەی دووەمین بە دەست دەهێنێت، هەر لە زانکۆدا فێری زیاتر لە پێنج ئامێری میوزیکی دەبێت.

لەسەرەتای ساڵی نەوەدەکان هۆزان سەرحەد ئاشنایەتی ڕێبازی ئاپۆیی دەبێت و لەم رێبازە شوێنی شیاوی خۆی دەگرێت، بۆیە هەر زوو دەوڵەتى تورک بەم ئاشنایەتییەی هۆزان و رێبازی ئاپۆیی دەزانێت و دەستگیری دەکات، دەخرێتە زیندانی شاری ئەماسییە و سزای ١٢ ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت.

زیاندان بۆ هۆزان شوێنی سزادان نییە، بەڵکو دەبێتە شوێنی بەرگری و ئیرادە و پەروەردەی ڕێبازی ئاپۆیی، لەو ماوەیەی کە لە زیندانە دەبێتە سیمبولی خۆڕاگری بۆ سەرجەم زیندانییەکان.

دوای تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی هەر بە ئازادبوونی ڕوو لە چیا دەکات و دەچێتە هەرێمی هەفتانین و دواتر لە ئەکادیمیای مەعسوم قۆرقماز پەروەردە دەبینێت، پاشان دەچێتە ئەوروپا لەوێش پەرەی زیاتر بە بەهرەکەی دەدات و بەتەواوی خۆی پێدەگەیەنێت.

ساڵی ١٩٩٦ هۆزان سەرحەد، لە ئەورووپاوە دەگەڕێتەوە چیا سەرکەشەکانی کوردستان و دۆڵ و چیاکان پڕ دەکات لە ئاوازەکانی ساز و گیتارەکەی دوای چەند مانگێک مانەوە لە زاپ، ڕوو لە باشووری کوردستان و مەڵبەندی ڕۆشنبیریی میزۆپۆتامیا لە هەولێر دەکات، دواتر لە سلێمانی درێژە بە کارەکەی دەدات.

لە ١٦ـی ئایاری ساڵی ١٩٩٧ کاتێک لە لایەن پەدەکەوە هێرشدەکرێتە سەر مەڵبەندی ڕۆشنبیری میزۆپۆتامیا لە شاری هەولێر و چەند هونەرمەندێک شەهید دەبن، هۆزان سەرحەد، گۆرانییەکی بە ناوی (هەولێر) تۆمار کرد وەک هاوخەمییەک بۆ لە دەستدانی ئەو هونەرمەندانە.

شەهید سەرحەد، لە شاری سلێمانی، نزیکەی سێ ساڵ ماوەتەوە و لەگەڵ زۆرێک لە هونەرمەندانی وەک ئیبراهیم خەیات، تارا ڕەسوڵ، تەحسین تەها، ئەرجومەن هەورامی، نیان عەبدوڵا و بەشێک لە میوزیکژەنەکان کاری هونەری کردووە.

عەشقی هونەرەکەی هانی دەدات کە بچێتەوە چیا سەرکەشەکانی باکووری کوردستان تەنیا بۆ تۆمارکردنی کلیپێک بۆ گۆرانی و ئاوازەکانی، بۆیە لە ٢٢ـی تەمووزی ساڵی ١٩٩٩ لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێیەکانی دەچنە هەرێمی بۆتان لە باکووری کوردستان و دەکەونە بۆسەی سەربازانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە و بە شێوەیەکی دڕندانە لە هێلیکۆپتەرەوە لە بەرزییەکی زۆرەوە بەریدەدەنە خوارەوە و شەهید دەبێت.

ئەمە چیرۆکی کۆتایی جەستەی هۆزان بوو، بەڵام تا ئێستا و تا کوردستان و کوردێک بمێنێت چیرۆکی ئاوازەکانی شەهید هۆزان هەرگیز کۆتایی نایەت و دەم بەدەم، پەنجە بە پەنجە، ئامێر بە ئامێر ئاوازەکانی لێدەدرێنەوە و زیندوو دەکرێنەوە، هەر ئەم ناوە گەشە بوو، ئێستا هەزاران هۆزانی تری بە پێوە هێشووەتەوە.

هـ.ح

8 وێنە
1 / 8