هونەرمەند زولفەقار موتەیری سەبارەت بە گەیاندنى پەیام لە ڕێگای فیلمەکانەوە بە جەماوەر و شێوازى کاریگەرى فیلمى، هەروەها فیلمەکەى خۆى بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێت.

زولفەقار موتەیری ڕایگەیاند، فیلمی 'هۆشیار'ى بەرهەم هێناوە، ئەم فیلمە تەنیا چیرۆکی کەسێک نییە، بەڵکو بەرجەستەکردنی مەینەتییەکانی تەواوی نەوەیەکە کە بەدەست لێکەوتەکانی جەنگ، مینی چێنراو و ئەو کارەساتە مرۆییانەی لێیان کەوتووەتەوە، ناڵاندوویانە.

ڕوونیشی کردەوە، پاڵەوانی فیلمەکە بەشێک لە جەستەی و چەند ئەندامێکی خێزانەکەی لەدەستداوە، بەڵام ڕادەستى ئەو کارەساتە نەبووە، بەڵکو کردوویەتی بە پاڵنەرێک بۆ بەردەوامبوون لە ژیان و خزمەتکردنی کەسانی تر.

وتیشی:  فیلمەکە تەنیا چیرۆکی کەسێک نییە کە لە بواری پووچەڵکردنەوەی میندا کار دەکات، بەڵکو تیشک دەخاتە سەر توانای مرۆڤ بۆ گۆڕینی ئازارەکان بۆ پەیامێکی پڕ لە ئومێد و ڕزگارکردنی ئەوانی تر.

ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەش کرد، گرنگیی فیلمەکە بریتییە لە، (دۆکیۆمێنتکردنی بیرەوەریی قوربانیانی مین، ناساندنی ئەو مەترسییانە بە جیهان کە هێشتا لە چەندین ناوچەدا هەڕەشە لە ژیانی مەدەنییەکان دەکەن و دەرخستنی ئەو هەوڵانەی کارمەندانی بواری پاککردنەوەی مین کە بە بێدەنگی لە پێناو ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکیدا ئەنجامی دەدەن.

جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی سەرەکی لە بەرهەمهێنانی ئەم کارە، گەیاندنی دەنگی ئەم پاڵەوانانەیە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تیشکخستنە سەر قوربانییەکانیان، بەو ئومێدەی هۆشیاریی کۆمەڵگە سەبارەت بە مەترسییەکانی مین بەرزتر بێتەوە و پاڵپشتیی زیاتری هەوڵەکانی پاراستنی مەدەنییەکان بکرێت.

لە کۆتاییدا ئەو هونەرمەندە ئەوەی خستەڕوو، بڕیاری داوە ڕوو لە بەرهەمهێنانی فیلمی کورت بکات؛ چونکە فیلمی کورت خێراترین و کاریگەرترین هۆکارە بۆ گەیاندنی پەیامە مرۆییەکان بە جەماوەر، جگە لەوەی تێچووشیی لە کارە سینەماییە درێژەکان زۆر کەمترە.

ھۆشیار عەلی دانیشتووى پارێزگاى هەڵەبجەیە و ماوەی ٣٣ ساڵە کاری ھەڵگرتنەوە و پووچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنییە لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بە گشتی و سنووری ھەڵەبجە، بەتایبەتی لە سەردەمی جەنگی عێراق و ئێراندا لە ساڵی ١٩٨٠ ـ ١٩٨٨ چێندراون، ئەو ژیانی خۆی کردووەتە قوربانی لە پێناو پاراستنی گیانی کەسانی تر و ھەردوو قاچی لەو پێناوەدا لەدەستداوە.

هـ.ئ