ئەبو مجاهید عەساف ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حزبوڵا سەبارەت بە مەرجەکانیان بۆ ڕێکخستنەوەی چەکەکانیان لە عێراق و هەڕەشەکانیان لە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، مەرجەکانی مقاومەى ئیسلامى بۆ هەر نزیکبوونهوەیەک لەگەڵ حکومەت بەمەبەستی ڕێکخستنی دۆسییەی چەک، بە چوونەدەرەوەی تەواوەتی و ڕاستەقینەی هێزەکانی ئەمریکا لە زەوی و ئاسمانی عێراق و دڵنیایی لە نەگەڕانەوەیان دەست پێ دەکات، لەگەڵ ئەوەی کە بڕیارە سیاسی و ئابوورییەکان ڕزگاربکرێن لە هەژموونی ئەمریکا.
ئاماژەى بەوەش کرد، مەرجی دووەم بریتییە لە کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە هەرێمى کوردستان و عێراق، لە مەرجی سێیەمیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کرد.
عەساف ڕەخنەی توندی ئاراستەی زەیدی کرد و وتی: زەیدی گوێی لە ئامۆژگارییە سیاسییەکان نەگرتووە و پشتی بە لایەنەکانی دیکە و تۆم باراک نێردەی ئەمریکی بەستووە، لە کاتێکدا گرووپە چەکدارەکان زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ چاوەڕێیان کرد بەو هیوایەی سەرۆکوەزیران مامەڵە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی دۆخی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتیدا بکات.
هەروەها ئاماژەی بە ئەگەری وەڵامدانەوەی ڕێکارەکانی حکومەت کرد و دەسەڵاتدارانی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی هەڵکوتانە سەر ماڵان و ترساندنی خێزانی کوژراو، بریندار و ئەندامانی گرووپە چەکدارەکان و وتی: ئارامگریمان بەرامبەر بە کردەوە بێزارکەر و نابەرپرسانە بەرەو تەواوبوون دەچێت.
عەساف لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەیدا داوای لەوانە کرد کە بە "برا گەورەکان و داناكانیان" وەسفی کردن، دەستوەردان بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەوەی ناوی نابوو "تێکچونى ئەمنی" کە سەرۆکوەزیران بووەتە هۆی و هۆشداری دا لە ڕاکێشران بەرەو پێشهاتێک کە هەڕەشە لە سەقامگیری بکات.
هـ.ئ
