میدیاکانی ژاپۆن بڵاویان کردەوە، وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەیان داوای ٨.٩ تریلیۆن یەن (نزیکەی ٥٦ ملیار دۆلار)ـى بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو کردووە، کە هەموو ژمارە مێژووییەکان تێدەپەڕێنێت.

ئاماژە بەوەشکراوە حکومەتەکەی سانای تاکایچی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن کار لەسەر پێداچوونەوە بە ستراتیژی بەرگری و پرسی هەناردەکردنی چەک و بەهێزکردنی هاوکارییە سەربازییەکان لەگەڵ ئەمریکا و بڵاوکردنەوەی سیستەمی مووشەکی دەکات.

لە بەرامبەردا ئاژانسی فەرمی کۆریای باکوور داواکارییەکەی وەزارەتی بەرگری ژاپۆن بۆ زیادکردنی بودجەکەی بە "بەرزبوونەوەیەکی مەترسیداری بودجەی جەنگ" ناوبرد کە دەبێتە هۆی قەیرانی نوێ لە ناوچەکەدا.

هەروەها پیۆنگیانگ پێی وایە زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکان تەنها بۆ ئەوەیە کە ژاپۆن ئامادەکارییەکانی بۆ جەنگێکی دەستدرێژکارانە تەواو بکات.

ئــ.ع