لەگەڵ دەستپێکی سەدەی بیست و یەکەمدا، مۆسیقای ژنان چووە قۆناغێکی نوێوە، بەجۆرێک ژنە هونەرمەندەکان سەکۆ ناوچەیییەکانیان تێپەڕاند و توانیان لە سەکۆ هونەرییە نێودەوڵەتییەکاندا ئامێرەکان بژەنن، هەروەها ئاوازە ڕەسەنەکانیان بە ڕیتم و ستایلە جیهانییەکانی وەک جاز، پۆپ و ڕۆک ئاوێتە بکەن.
بە گشتی، مۆسیقای ژنانی کورد، مێژووی خەباتێکی بەردەوامە دژی پەراوێزخستن و بێدەنگکردن، کە تێیدا توانیویانە بە دەنگ و هونەرەکەیان، مۆسیقا، ناسنامە و مێژووی نەتەوەکەشیان بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزن.
لەو چوارچێوەیەدا، دوو ژنە هونەرمەندی کورد جەخت لەسەر ڕۆڵی پێشەنگانەی ژنان لە پاراستنی ڕەسەنایەتی و کەلەپووری مۆسیقای کوردیدا دەکەنەوە و بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێن.
شانیا عەلی، ژەنیاری ئامێری دەف دەڵێت: ژنان هەمیشە ڕۆڵێکی پێشەنگ و دیاریان لە بواری مۆسیقادا هەبووە و توانیویانە بە شێوازێکی سەرکەوتوو و زۆر باش پارێزگاری لە مۆسیقا و هونەری ڕەسەنی کوردی بکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، ژنان سەرکەوتووانە دەنگ و ڕەنگە ڕەسەنەکەیان لەناو گۆرانییە فۆلکلۆرییەکاندا پاراستووە و هونەری کوردییان زیندوو ڕاگرتووە.
جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە ژنان پێشەنگ بوون لە بەرەوپێشبردنی مۆسیقادا و لە ئێستاشدا ئامادەییان لە کایە هونەرییەکاندا بەراورد بە ڕابردوو گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێک لە هیچ گرووپێکی مۆسیقادا نییە کە ڕۆڵ و شوێنپەنجەی ژنان دیار نەبێت.
هاوکات هونەرمەند هێرۆ جەواد، ئاماژە بە ڕەوتی ژنان لە ئێستادا دەکات کە بە ئامادەیییەکی بەهێز و بە شێوازێکی زۆر ئەکادیمی و پێشکەوتووتر کار بۆ پاراستن و گەشەپێدانی کەلەپوور و ڕەسەنایەتیی مۆسیقای کوردی دەکەن.

دەشڵێت: لە ڕابردووشدا ژنان پێگەیەکی دیاریان لە پاراستنی مۆسیقای کوردیدا هەبووە، سەرەڕای ئەوەی هونهرەکە هەندێک جار تووشی شێواندن بووەتەوە.
باس لەوەش دەکات، لەم ساڵانەی کۆتاییدا گۆڕانکاریی بەرچاو ڕووی داوە، مۆسیقای کوردی تێکەڵیی لەگەڵ مۆسیقای گەلانی ڕۆژهەڵاتدا دروست کردووە و جۆرێک لە ئاوێتەبوونی کولتووری لە نێوان هونەرمەندان و وڵاتاندا هاتووەتە ئاراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانراوە بەپێی پێویست هەوێنی ڕەسەنایەتی و کولتوورە دەوڵەمەندەکەی مۆسیقای کوردی بپارێزرێت.
سەبارەت بە بەشداریی ژنان لە گرووپە مۆسیقییەکانیشدا دەڵێت: ژنان ئەو ئەرکە نەتەوەیی و هونەرییە گرنگەیان گرتووەتە ئەستۆ، کە ئەوەش مایەی شانازی و دڵخۆشییەکی گەورەیە بۆ هەمووان.
لە کۆتایی قسەکانیدا، هێرۆ جەواد جەخت لەسەر بەرپرسیارێتیی حکومەت دەکاتەوە لە ڕێکخستنەوە و پاراستنی کەلەپووری مۆسیقای کوردیدا و دەڵێت: ئەو کولتوورە بە ساڵانێکی زۆر هەوڵی مانەوەی دراوە و لە ئێستاشدا بەهۆی پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆژیا و ئاسانکاری لە بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکاندا، کەوتووەتە بەر مەترسیی دزەپێکردن و تاڵانکردن لەلایەن وڵاتانی دیکەوە.
جەختیش دەکاتەوە، پاراستن و ڕێکخستنەوەی ئەم سامانە فەرهەنگییە، ئەرکێکی هاوبەش و نیشتیمانیی حکومەت، ڕێکخراوەکان و تەواوی هونەرمەندانە.
ب.چ
