بۆ نموونە، ئەگەر ئێمە لاپەڕەکانی مێژووی کورد هەڵبدەینەوە، دەبینین ژنانی کورد هێندە ئازایانە و بەجەرگانە- سەرەڕای هەموو ئەو کولتوورە پیاوسالارییەی کە ڕەگ و ڕیشەی لەناو کوردا هەبووە و هەتا ئەمڕۆش درێژەی هەیە و لە پەرەسەندندایە، کە چەندان ڕێگریی دابونەریت، ئایین و ڕەگەز بەرۆکی پێ گرتوون، بەڵام دەتوانین بڵێین هێشتا لەپەنا ئەو ئەرکە پیرۆزەشەوە، کۆی هەموو ئەمانە ڕێگر نەبوون لەبەردەم ئەرکە پیرۆزەکەی دایکایەتی و پەروەردەکردنی منداڵی تەندرووست و بەهرەمەند، بۆیە ئێمە دەبینین بەردەوام ژنانێک هەن کە هێز و بازووی خۆیان لە کۆمەڵێک ئەرکی پیرۆزی تردا دەنەخشێنن.

واتە دەبینین جیا لەوەی ژنان خاوەن بڕوانامەن، هەندێک لەو ژنانەی کە بەپێی ڕۆژگار و هەر هۆکارێک و بەربەستێکی دیکەی کۆمەڵایەتی بێت ئەگەر دەرفەتیان بۆ نەڕەخسا بێت، هێشتا ئێمە بەشێکی زۆری ژنان دەبینین لە ماڵەکەی خۆیاندا هەوڵ دەدەن برەو بە توانا، بەهرە و دەستوپەنجە ڕەنگینەکانی خۆیان بدەن، بۆ نموونە، ئەگەر تەماشا بکەین لەم ساڵانەی کۆتاییدا لە کوردستان چەندین فیستیڤاڵی کوردی و کولتووری بەڕێوە دەچن، وەک فیستیڤاڵی تایبەت بە گوندەکانی ناوچەی هەورامان و گوندەکانی کوردستان بەگشتی، کە هەر گوند و ناوچەیەک ساڵانە یاخود چەند ساڵ جارێک ئەم جۆرە فیستیڤاڵ و بۆنە کوردییانە ساز دەکەن، لێرەش دەبینین مێژووی ناو گوندەکان پڕن لە ژنانی ئازا، بەهرەدار و داهێنەر، کە چەندین ژنمان هەیە لەودیو دەرگای ماڵەکەی خۆیدا چەندین بابەت و کەرەستەی جوانی بە دەستەکانی خۆی نەخشاندووە، بۆیە کاتێک ئەم جۆرە بۆنە و فیستیڤاڵە کوردییانە ساز دەکرێن، هەمیشە ژنانی کورد دەبنە کرۆکی ئەم فیستیڤاڵانە و سوود لە تەواوی بەرهەمەکانیان دەبینرێت و پشتیان پێ دەبەسترێت بۆ زیاتر واڵاکردنی بۆنە کولتوورییەکان.

بابەتەکەی ئێمە لەسەر ئەوە نییە بۆچی کوردستان بەم دواییانە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکی و فیستیڤاڵانە لەم دۆخە نالەبارەی ئێستا کە کوردستانی تێدایە، نەخێر، بەڵکوو مەبەستمانە تیشک بخەینە سەر ئەوەی بۆچی بەشێوەیەکی زۆر ڕوون دەتوانین بڵێین، خۆشبەختانە، بەشێکی زۆری ئەم جۆرە چالاکی و فیستیڤاڵانە کچان و ژنانی کوردن، لەبەر ئەوەی ژنانی کورد بە درێژایی مێژوو ژنانی زەحمەتکێش، ئازا و قوربانیدەر بوون لەپێناو ماڵ، منداڵ، پاراستنی خێزان و هاوژینەکەی، هەروەها هەمیشە ژنانێکی بەهرەمەند و داهێنەریش بوون، وەک ئاماژەمان پێ دا، سەرەڕای هەبوونی هەموو ئەو بەربەستە ئایینی و کولتوورییانەی کە هەمیشە هەڵقوڵاوی ناو کۆمەڵگە بوون و هەتا ئەمڕۆش کاریگەرییان هەیە لەسەر ژنانی کورد.

واتە لێرەدا با ئێمە هەمیشە لە ڕووە نەرێنییەکانەوە سەیری بارودۆخەکە نەکەین، بەڵکوو ئێمە لە ئێستادا لەو لایەنەوە بڕوانین کە سەرەڕای هەر بارودۆخ و قەیرانێکی ئابووری کە لەم نیشتمانەدا بوونی هەیە، وەک ئاماژەمان پێ دا، ژنانێکی زۆر بەشێوەیەکی بەرچاو بوونەتە شادەماری هەموو فیستیڤاڵ و چالاکییە کوردییەکان، کە دەتوانن لەو ڕێگەیەوە جیا لەوەی توانا، بەهرە و دەسترەنگینییان سیمایەکی جوانی بەخشیووە، لەگەڵ ئەوەشدا قازانجێک (ئەگەر کەمیش بێت) بەدەست بێنن و لەسەر پێیەکانی خۆیان ڕاوەستن.

واتە جیاواز لە هەموو ئەو قازانجانەی لەڕووی مێژوویی و ئابوورییەوە بەدەستی دەهێنن، دەبینین ژنانی کورد لە کۆنەوە هەتا ئەمڕۆ بەشێک بوون لە مێژووی سەردەمی ئاڵوگۆڕ، بۆ نموونە، وەک وتمان، ژنان بە دەست و بازووی خۆیان کەلوپەل و پێداویستیی خۆیان درووست کردووە و پاشانیش لە ماڵەکانی خۆیان هاتونەتە دەرەوە و برەویان بە کارەکەیان داوە و بازرگانییان بە شمەکەکانیان و تواناکانی خۆیان کردووە، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین ژنانی کوردیش بازرگان بوون و بازرگانییان بە کاڵاکانیانەوە کردووە.

پێتان وانییە سەرەڕای هەر ڕەخنە و گلەیییەک کە لە دڵی تاک بە تاکی کوردا لەم دۆخەی ئێستای کوردستاندا هەستی پێ دەکرێت، دەتوانین وەک خاڵێکی ئەرێنی بڕوانینە ئەم جۆرە چالاکی و فیستیڤاڵانە؟ چونکە خۆشبەختانە ژنانێک زۆر ئازایانە، بە هێزێکی زۆر و بە بڕوابەخۆبوونێکی تەواوەوە لەسەر پێیەکانی خۆیان وەستاون و، سەرەڕای هەر ڕێگرییەکی کۆمەڵگە، هەوڵ دەدەن ژیانێکی شایستە و ئابوورییەکی سەربەخۆ بەدەست بخەن.

لەم جۆرە فیستیڤاڵ و بۆنە کولتوورییانەدا ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، هەموو بەرهەمەکان خۆماڵی و کوردین و ژنانی کورد پشکی شێریان بەردەکەوێت لەوەی بەرهەم، هەوڵ و ماندووبوونەکانی خۆیان بخەنە ڕوو، بە خۆشحاڵییەوە خەڵکانێکی زۆر بە ڕێژەیەکی بەرچاو ئەمڕۆ گەڕاونەتەوە بۆ دەستخستنی بەرهەمە خۆماڵی و تەواو کوردییەکان، ئەوەشی جێگەی سەرنجە، دیاردەی مەسرەفگەرییش زۆر کەم هەستی پێ دەکرێت و دەبینرێت، چونکە سەرەڕای هەر قەیرانێکی ئابووری کە پێشتر ئاماژەمان پێ دا، ئێستا کۆمەڵگەی کوردی بە خۆشحاڵییەوە چاوکراوەتر و ڕۆشنبیرترن، ڕاستە مرۆڤ هەمیشە حەزی ئەوەی تێدا زیندووە کە شتانێکی نوێ تاقیبکاتەوە، بەڵام لێرە لەم جۆرە بۆنە و فیستیڤاڵانەدا بەپێی پێویست بەرهەمەکان بەدەست دەهێنرێن و چێژیان لێ وەردەگیرێت.

تەواوی بەرهەمەکان خۆماڵی و کوردین و ژنان و کچانی کورد تەواوی هێز و بەهرەی خۆیان لێرە دەخەنە ڕوو، بۆ نموونە، چەندین چیرۆکمان هەیە لەنێو ئەم فیستیڤاڵ و بۆنە کوردییانەدا کە ژنانێک دەبینین بەشێکیان کەرەستە و پێداویستیی ڕۆژانەیان دروستکردووە، بەشێکیان چایخانەیان هەیە کە میوانێکی زۆر بە خۆشحاڵییەوە دەچنە نێو چایخانەکەیان و چایەک بە دەستی ژنە کوردێک دەخۆنەوە، یاخود نموونەیەکی تر، ژنانێک دەبینین بەرهەمێکی تەواو کوردی و خۆماڵییان بە دەستوپەنجە ڕەنگینەکانی خۆیان بەرهەم هێناوە و وەک براندێکی کوردی ناساندوویانە و خواستێکی باشی لەسەرە، ئەمانە و چەندین نموونەی دیکە لێرە دەبینرێن کە جێگەی خۆشحاڵییە کە هەمیشە ژنانی کورد بەشێک بوون لە مێژووی خەبات و داهێنانی کورد.

بێگومان سازدان و ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکی و فیستیڤاڵانە گرنگ و پێویستن، چونکە گۆڕانکارییەکی باش لەڕووی ئابووری و هەلیکارەوە دەڕەخسێنن، وە زەمینەیەکی باشیشە بۆ دەرکەوتن و پیشاندانی بەهرە و تواناکانی ژنانی کورد.

ئەم وتارە ڕا و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی

س.خ