دوو ژنە چالاکوانی باشووری کوردستان سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی لە قۆناغی ئێستادا و ڕۆڵی ژنان لە بەرەوپێشبردنی پڕۆسەکە و لە پاراستنی پێگەی کورد بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

"پرۆسەی ئاشتی لە یەک هەنگاودا گۆڕانکارییەکی بەرچاو بەدی نایەت" 

شاتو محەمەد

شاتو محەمەد، چالاکوان دەڵێت: ڕاگەیاندنی پڕۆسەی ئاشتی و دیموکراتیک لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە بۆ گەلی کورد هەنگاوێکی دڵخۆشکەر بووە، بە تایبەتی دوای سەدان ساڵ داگیرکاری و کۆمەڵکوژی بەرامبەر بە کورد، هەرچەندە یاسای چوارچێوە سەرەڕای ئەوەی کەموکوڕی تێدایە و جێگەی ڕەخنەیە، بەڵام دەرچوونی هەنگاوێکی جێگەی خۆشحاڵییە بۆ پرسی کورد، لەبەرئەوەی دەوڵەتی تورکیا لەسەر مێژوویەکی درێژی داگیرکاری و سیاسیی نادادپەروەرانە بنیات نراوە، گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە یەک هەنگاودا ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە پرۆسەیەکی بەردەوام و هەنگاو بە هەنگاو هەیە.

"تورکیا ناچار بووە دانوستان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بکات"

سەبارەت بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، ئازادیی جەستەیی ئەو یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکانی ئەم پرۆسەیە بۆ بەشدارییکردنی لە پڕۆژە و گفتوگۆکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتیک، هەرچەندە ڕێبەر ئاپۆ ماوەیەکی درێژە لە زیندانە و پەیوەندییەکەی لەگەڵ گەلەکەی سنووردار کراوە، بەڵام لە کۆتاییدا دەوڵەتی تورکیا ناچار بووە بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ئاشتی و دیموکراتیک، دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بکات، لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورک لەوە تێگەشتووە کە پرسی کورد چارەسەر نەکات بەرژەوەندییەکانی لەناو دەچێت.

"ئەرکی ژنان پەروەردە و پاراستنی ناسنامەی کوردە"

شاتو محەمەد چالاکوان لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت، ژنان لە دەستپێکی دامەزراندنی پەکەکەوە تا ئێستا ڕۆڵێکی گرنگ و بەهێزیان لە خەباتدا هەبووە و لە پڕۆسەی ئێستاشدا ئەم پێشەنگایەتییان پێشخستووە، لەگەڵ ئەوەشدا، دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی نابێتە هۆی ئەوەی ژنان لە خەبات و تێکۆشان دوور بکەونەوە، بەڵکو ئەرکیان لە بواری پەروەردە و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەدا زیاتر و گرنگتر دەبێت، ئەگەر ژنان پێشتر لە شاخ و شارەکاندا بە شێوە جۆراوجۆر بەشدارییان کردووە، لە قۆناغی ئێستادا پەروەردە و پاراستنی مێژوو و ناسنامەی گەلەکەیان دەبێتە بەشێکی گرنگ لە ئەرکەکانیان.

"هەنگاوی یەکەمی پرۆسەکە دەکرێت دەستپێکێک بێت بۆ هەنگاوە گەورەکان"

ژینۆ ڕەشید

هاوکات هەر سەبارەت بەم پرسە ژینۆ ڕەشید چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان دەڵێت، هەنگاوی یەکەمی ئەم پڕۆسەیە هەرچەندە بچووک بوو، بەڵام دەکرێت دەستپێکێک بێت بۆ هەنگاوە گەورەترەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، داواکارییەکانی گەلی کورد زۆر لەوە گەورەترە کە بە یاسایەکی سنووردار جێبەجێ بکرێن، چونکە پرسی کورد پرسێکی مێژوویی و سیاسییە و پێویستی بە داننان بە کورد وەک گەلێکی خاوەن ناسنامە، کولتوور و فەرهەنگ و مافەکانی خۆی هەیە.

"چارەسەری پرسی کورد بە ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی نییە"

هەروەها ڕەخنە لە ناوەڕۆکی یاساکە دەگرێت و دەشڵێت، چارەسەری پرسی کورد نابێت تەنها بە ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانی سیاسی یان داننان بە بوونی کورد کورت بکرێتەوە، بەڵکو پێویستە هەموو زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکرێن و سەرکردە و نوێنەرانی کورد بتوانن بە هاوبەشی لەگەڵ گەلان و پێکهاتەکانی دیکە لە پەرلەمانی تورکیا کار و خەبات بکەن.

"ئەرکی ژنان بەشدارییەکی چالاکترە بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە"

ژینۆ ڕەشید چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان سەبارەت بە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئازادیی جەستەیی یەکێکە لە گرنگترین بنەماکانی پرۆسەی ئاشتی، ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ بە جەستە ئازاد نەبێت و نەکرێت بە ئازادی لەگەڵ گەلەکەی دابنیشێت و گفتوگۆ لەسەر پرۆسەکە و یاساکان بکات، ئەوا ناتوانرێت بە هەنگاوێکی تەواو و جدی لە پرۆسەکە بڕوانرێت، پاشان لەم قۆناغەدا ئەرکی ژنان زیاتر دەبێت و پێویستە بەشدارییەکی چالاکتر لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە و یاساکاندا هەبێت، هەروەها هەنگاوی جدیتر بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کورد بنێن.

س.خ