ژنانى ڕۆژنامەنووس، چالاکوانان و داكۆكیکارانی مافی مرۆڤ ڕووبەڕووی هەڵمەتی بەردەوامی ناوزڕاندن، بێزارکردن، سۆشیال میدیا و وتاری ڕقوکین دەبنەوە؛ کە هەندێک جار ژیانی تایبەتی و ناوبانگیان دەکاتە ئامانج بە مەبەستی بێدەنگکردنیان و ناچارکردنیان بە پاشەکشەیان لە ڕا و بۆچوونەکانیان، لەو بارەیەوە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

"بە ئامانجگرتنی ژنان هەوڵێکە بۆ لێدانی کەسایەتی و ژیانی تایبەتییان"

ڕوئا خەلەف

ڕوئا خەلەف چالاکوان بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت، لە دوای ساڵی ۲۰۱۹وە وتاری ڕق وکینە، هەڕەشە و ناوزڕاندن دژی ئەو ژنانەی لە کۆمەڵگەدا چالاکن ڕووی لە زیادبوونێکی بەرچاو کردووە، ئامانجى ئەم کارانە بچووککردنەوەی ڕۆڵی ژنان و سنووردارکردنی بەشدارییانە لە کۆمەڵگەدا، کرانە ئامانجەکە پەیوەندی بە هەڵوێستیان نییە، بەڵکوهەوڵێکە بۆ لێدانی کەسایەتی و ژیانی تایبەتییان.

"ژنان و چالاکوانان کەوتوونەتە بەر هەڵمەتی بەردەوامی ناوزڕاندن"

دەشڵێت، ژنان و چالاکوانان کەوتوونەتە بەر هەڵمەتی بەردەوامی ناوزڕاندن، ئەم هەڵمەتانە لە بری گفتوگۆکردن لەسەر هەڵوێست یان کاری ژنان لە بواری گشتیدا، ناوبانگ و ژیانی تایبەتییان دەکەنە ئامانج، مەترسیی ئەم ڕەفتارانە لە کاریگەریی ڕاستەوخۆیاندا دەردەکەوێت لەسەر توانای ژنان بۆ بەردەوامبوون لە چالاکییەکانیان، سەرباری کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانیان، بەتایبەتی کاتێک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە ژینگەیەکى بەربڵاو بۆ دووبارە بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکارانە یان تۆمەت و ناوزڕاندن.

"پێویستە وەک دۆسیەیەکی کۆمەڵایەتی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت"

ڕوئا خەلەف چالاکوان جەخت لەوە دەکاتەوە، پاراستنی ئەو ژنانەی لە کۆمەڵگەدا کار دەکەن، نابێت ببێتە کێشەیەکی کەسی کە قوربانییەکە بە تەنیا هەموو بارەکە هەڵبگرێت، بەڵکو دەبێت وەک دۆسیەیەکی کۆمەڵایەتی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کە پێویستی بە ڕێکاری یاسایی و دامەزراوەیی ڕوون هەیە.

"لە دەستووری عێراقدا ئازادیی ڕادەبڕینی دەستەبەر کراوە"

تبارک مەجید

هاوکات هەر سەبارەت بەو پرسە، تبارک مەجید ڕۆژنامەنووس بۆ ڕۆژنیوز ئاماژە بەوە دەکات، دەستووری عێراق لە ماددەی ۳۸دا ئازادیی ڕادەبڕین دەستەبەر کراوە، بە ڕۆژنامەگەری، چاپ و بڵاوکردنەوەشەوە، بە ڕەچاوکردنی سیستەمی گشتی و ئاداب، واقیعەکە ئاستەنگی دووبارە دەسەپێنێت بەسەر ئەو ژنانەی لە بواری ڕۆژنامەگەری، چالاکیی مەدەنی و سیاسی کار دەکەن، بەراورد بە هاوکارە پیاوەکانیان، ئەوان ڕووبەڕووی هێرشی ئەلیکترۆنی، توندوتیژیی دیجیتاڵی، بێزارکردن، هەڵمەتی ناوزڕاندن و هەڕەشەکردن لە ناوبانگیان دەبنەوە.

"دەبێت یاسای مافی پاراستن بۆ ڕۆژنامەنوسان دەستەبەر بکرێت"

باس لەوە دەکات، ئەم ڕەفتارانە دەکرێت ببنە هۆی سەپاندنی سانسۆری بەسەر ڕۆژنامەنوسان و چالاکواناندا، ڕەنگە هەندێکیان بەرەو پاشەکشەکردن لە ڕاپەڕاندنی چالاکییەکانیان یان دوورکەوتنەوە لە باسکردنی هەندێک دۆسیەی تایبەت ببات لە ترسی کرانە ئامانج، یاسای عێراقی تاوانەکانی تەشهیر کردن، تۆمەتبەخشین و ناوزڕاندنی لە چوارچێوەی یاسای سزاکانی ژمارە ۱۱۱ی ساڵی ۱۹٦۹دا چارەسەر کردووە، هەروەها دەبێت یاسای مافی پاراستن بۆ ڕۆژنامەنوسان دەستەبەر بکرێت.

"پێویستە میکانیزمی کاریگەرتر هەبێت بۆ وەرگرتنی سکاڵاکان"

تبارک مەجید ڕۆژنامەنووس جەخت لەوە دەکاتەوە، کێشەکە تەنیا بە یاساوە بەستراوە نییە، بەڵکو ئاستی متمانەی ژنانیش بەو دامەزراوانەی بەرپرسن لە دەستەبەرکردنی پاراستن دەگرێتەوە، هەندێک لە ژنان پەنایان بۆ لایەنە حکومی و ئەمنییەکان بردووە بۆ داواکردنی پاراستن، بەڵام چارەسەرکردنی هەندێک لە حاڵەتەکان لە ئاستی پێویستدا نەبووە، پێویستە میکانیزمی کاریگەرتر هەبێت بۆ وەرگرتنی سکاڵاکان و بەدواداچوونیان.

"داوا لە پەرلەمان دەکرێت یاسادانانەکان پەرە پێبدات"

دووپاتی دەکاتەوە، بەرپەرسیارێتیی پاراستنی ژنان لەسەر شانی یەک لایەن نییە، بەڵکو پێویستی بە ته‌واوکاریی نێوان دامەزراوە یاسادانەر، جێبەجێکار، ئەمنییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە، داوا لە پەرلەمان دەکرێت یاسادانانەکان پەرە پێبدات بۆ هاوشانبوون لەگەڵ ئاستەنگە نوێیەکاندا، بەتایبەتی ئەوانەی بە ژینگەى دیجیتاڵییەوە بەستراونەتەوە.

"ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێت ڕۆڵێکی گەورەتر بگێڕن"

ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسە ڕوونی دەکاتەوە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەندیکا و یەکێتییەکان دەبێت ڕۆڵێکی گەورەتر بگێڕن لە پاراستنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان، دابینکردنی پاڵپشتیی یاسایی، پیشەیی و پشتیوانیکردنی ئەو ژنانەی دەکرێنە ئامانج.

هـ.ئ