حکومەت دوای ناکۆکییەکی درێژخایەنى چوارچێوەى هەماهەنگى حکومەتى نوێ درووست کرا، عەلی زەیدی لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونیەوە ڕووبەڕووی ناکۆکی نوێ بووەوە سەبارەت بە دیاریکردنی وەزیرەکان، بەتایبەتی کاندیدانی ئەو وەزارەتانەی کە دەکەونە ناو پشکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، دوای ئەوەی نەیانتوانی متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنن.
بەردەوامی بەتاڵبوونی پۆستەکان بووە هۆی ئەوەی عەلی زەیدی سەرۆکی حکومەت ڕێنمایی بداتە بریکارانی وەزارەتەکان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، تا ئەو کاتەی کابینەی وەزاری تەواو دەکرێت.
زوحا بەهادلی پەرلەمانتارى عێراق بە ڕۆژنیوزى ڕاگەیاند، دواکەوتنی تەواوکردنی کابینەی وەزاری پەیوەندی بە سووربوونی هەندێک لە لایەن نییە لەسەر پێشکەشکردنەوەی هەمان ئەو ناوانەی پێشتر ڕەتکراونەتەوە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری تر، چونکە ئەم دۆسیەیە پێویستی بە ڕێککەوتنی سیاسی هەیە بۆ تەواوکردنی پێكهاتەی حکومەت.

ئاماژەى بەوەشکرد، یەکلاکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان دوای مانگی ئەیلول دەبێت، ئەم بابەتەش دەکەوێتە ژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە سیاسییەکان، چونکە بە دوور دەزانرێت لەم مانگەدا دەنگ لەسەر کاندیدانی ئەم وەزارەتانە بیدرێت، لایەنە سیاسییەکان بەردەوامن لە گفتوگۆ و تاوتوێکردنی کابینەی وەزاری، هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ گەیشتن بە شێوازێکی کۆتایی کە ڕێگە بدات دەنگ لەسەر کاندیدانی وەزارەتەکانی تر بیدرێت.
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا حەیدەر عەبوودی وتەبێژی حکومەتی عێراق جەختی کردبووەوە، دیالۆگەکانی پەیوەست بە تەواوکردنی کابینەی حکومەت لە ئاستی خواستەکاندا نین، ئەمەش وای لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کرد ڕێنمایی بداتە بریکارانی وەزارەتە بەتاڵەکان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی حکومەت.
موجاشع تەمیمی شرۆڤەکارى سیاسی بە ڕۆژنیوزى ڕاگەیاند، بەردەوامی بەڕێوەبردنی نۆ وەزارەت بە وەکالەت، کە لە نێویاندا وەزارەتی سیادی هەیە، نوێنەرایەتی پێشێلکارییەکی ڕوونی چەمکی دەستووری بۆ سەقامگیری دەوڵەت دەکات، توانای حکومەت بۆ دەرکردنى بڕیاری ستراتیژی و یەکلاکەرەوە لاواز دەکات.

باسی لەوەشکرد، هۆکارەکان بە پلەی یەکەم دەگەڕێنەوە بۆ قووڵیی پشکپشکێنەی حزبی، ململانێ لەسەر دەسەڵات و دابەشکردنی دەستکەوتەکان لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا.
سەبارەت بە لێکەوتەکانی دواکەوتنی یەکلاکردنەوەی وەزارەتەکان، تەمیمی ڕوونی کردەوە، ئەم دۆخە ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر پەکخستنی چاودێرى، بەهەدەردانی سامانی گشتی و زیاتربوونی گەندەڵی کارگێڕی، جگه لە لاوازکردنی پێگەی دەرەکیی عێراق، ناکرێت دەوڵەتی دامەزراوەیی بە عەقڵییەتی کاتی بنیات بنرێت، دەبێت دەستبەجێ کابینەکە یەکلا بكرێتەوە و وەزیرەکان بە دیاری بکرێن.
جەختی کردەوە، وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری گرنگییەکی جدیان هەیە، بەهۆی پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە دۆسیەی چەک و گرووپە چەکدارەکانەوە، کە یەکێکە لە هەستیارترین دۆسییەکان لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆندا، جگە لە کاریگەرییەکەی لەسەر هاوسەنگی هێز لە ناو ماڵی شیعدا.
بەپێی زانیارییە سیاسییەکان، دابەشکردنی وەزارەتەکان بەپێی هاوسەنگییەکی ورد لە نێوان پێکهاتەکاندا ئەنجامدراوە، بەجۆرێک کورد وەزارەتەکانی دەرەوە، داد و ژینگەی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا سوننە پێنج وەزارەتی بەرکەوتووە، چوارچێوەى هەماهەنگى چەند وەزارەتێکى گرنگى وەک نەوت، دارایی وەرگرتووە.
هـ.ئ
