کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان( کەنەکە)، سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکە بەم شێوەیەیە:
"کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هێرشە مووشەکی درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بە توندی شەمەرزار دەکات و بە پێشێلکردنی سەروەری و قەوارەی دەستووریی هەرێم دەزانێت.
ئەو هێرشانە قبوڵنەکراوە و هێرشکردنە بۆ سەر ئیرادەی گەلی کورد بە گشتی و بەتایبەتی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان و قەوارەی هەرێم، کە قەوارەیەکی فەرمی و سەرەکییە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵدا.
ناکرێت خاکی هەرێمی کوردستان بکرێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسیی وسەربازییە هەرێمیی و جیهانییەکان لە ناوچەکەدا، ماوەیەکی زۆرە ئەم هێرشانە درێژەیان هەیە.
جارێک بە بیانووی هێرشکردنە سەر پارت و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جاری دیکەش بە بیانووی بوونی هێز و دەزگای بیانی لە باشووری کوردستان، ئەم پاساوانە بۆ هێرشەکردنە سەر هەرێمی کوردستان و دامودەزگاکانی بێ بنەمان و قبوڵ ناکرێن و جێگای هەلوەستەکردنی جدیین.
لەم قۆناغە هەستیارەدا، پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و وەگەڕخستنی پەرلەمان و دام و دەزگا یاساییەکان دەبێتە پێشینەی هەموو شتێک؛ چونکە هەرێم تەنها بە یەکڕیزی نەتەوەیی، حکومەتی کارا و دامەزراوەی بەهێز دەتوانێت سەروەری، ئاسایش و قەوارەی دەستووری خۆی بپارێزێت.
دەبێت ئەم پێشهاتانە ببنە هۆی بەهێزکردنی یەکڕیزی نەتەوەیی و هەڵوێستی هاوبەشی هەموو هێزە سیاسییەکان.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، بانگەوازی هەموو لایەنە کوردستانییەکان دەکات بۆ یەکڕیزیی لە پێناو پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو مەترسییە دەرەکی و ناوخۆییەکان."
ڤ.م
