کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، سەبارەت بە قۆناغی داهاتووی پڕۆسەکە و چەندین پرسی دیکە بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات دوا.
بایندر ئاماژەی ڕایگەیاند، گەل دەیەوێت بەشداری لە میکانیزمی بڕیارداندا بکات، کۆمەڵگە ئاشتی دەوێت، لە هەمان کاتدا دەیەوێت بزانێت ئاشتی چی کاریگەرییەکی لەسەر ژیانی دەبێت.
وتیشی: هەندێک مەرجی پڕۆسەکە بەجێهاتوون، لە ڕووی بێدەنگکردنی چەک و هەمووارکردنەوەی یاساییەوە قۆناغێکی گرنگمان تێپەڕاندووە، بەڵام ئەوەی کە داخوازییە سیاسی و دیموکراتیکەکانی کۆمەڵگەی کوردی بە چی میکانیزمێک پێشوازی لێ بکرێت، هێشتا چوارچێوەکەی دیارینەکراوە.
باسی لەوەشکرد، لە سێ ڕووەوە دەڕوانینە پڕۆسەکە، بە بۆچوونی من سێ کێشەی سەرەکی هەن؛ پێشبینیکردن، بەشداربوون و ئاسایش، مەبەستم لە پێشبینیکردن ئەوەیە کە پێویستە نەخشەڕێی پڕۆسەکە لەلایەن کۆمەڵگەوە درکی پێ بکرێت، ئێمە لە چی قۆناغێکداین، قۆناغی داهاتوو چییە، هەر دامەزراوەیەک چی دەکات، کام هەموارکردنەوە یاساییە دەکەوێتە بەرنامەی کارەوە؟ پێویستە ئەمانە ڕوون بن.
وتیشی: دووەم، بەشداربوون؛ ئێمە دەڵێین کە پێویستە کورد لە "بابەتبوونی"ـی پڕۆسەکە تێپەڕێت و ببێتە بکەر، بەڵام بوونە بکەر تەنها بۆ وەرگرتنی بۆچوونی نییە، بوونە بکەر بە مانای ئەوە دێت کە لە بڕیارداندا کاریگەری هەبێت و کۆنترۆڵی دەرئەنجامی بڕیارەکان بکات، ئەگەر ئێوە گوێ لە گەل دەگرن، بەڵام میکانیزمەکانی بڕیاردان بەداخراوی دەهێڵنەوە، ئەوکات بەشداربوون بوونی نییە، تەنها ڕاوێژ بوونی هەیە.
بایندر ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە میکانیزمەکانی ئەو دامەزراوانە بڕەخسێنرێت کە پارتە سیاسییەکان، شارەوانی، ڕێخکراوەکانی ژنان، ڕێکخراوەکانی گەنجان، ڕێخکراوە ڕەنجدەرەکان، ژوورە پیشەییەکان، ئەکادیمییەکان، ڕۆشنبیر و کۆمەڵگەی مەدەنی تێیدا بەشداری دەکەن، کێشەی سێیەم بریتییە لە ئاساییش؛ بەبێ مسۆگەرکردنی دەستووری و یاسایی، هیچ دەستکەوتێکی دیموکراتیک هەمیشەیی نابێت.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دیموکراسیی خۆجێیی مانای ئەوە نییە کە هاووڵاتییان دژی دەوڵەت بن، بەڵکو بریتییە لە خۆبەڕێوەبردن وەکو بەشێک لە دەوڵەت، لەبەرئەوە، ناتوانین دوورخستنەوەی سەرۆکێکی شارەوانی وەکو دوورخستنەوەی کەسێکی ئاسایی ببینین.
ئەوەشی خستەڕوو، کە ناتوانین ئاشتی تەنها لە سیاسەتە ئەمنییەکاندا کورت بکەینەوە، خەڵکی شتێکی زۆر گرنگمان پێ دەڵێن؛ 'بەناوی ئێمەوە بڕیار مەدەن؛ لەگەڵ ئێمەدا بڕیار بدەن'، بە بۆچوونی من ئەم ڕستەیە جوانترین گوزارشتە لە داخوازییەکانی کۆمەڵگە، خەڵک نایەوێت تەنها ئەنجامەکانی پێ ڕابگەیەندرێت؛ دەیەوێت بەشداری لە پڕۆسەی بڕیارداندا بکات.
لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند، دەرفەتێکی ڕاستەقینەی مێژوویمان لەبەردەمە، بەڵام دەرفەت و ئەنجام هەمان شت نین، دەرفەتی مێژوویی ئەوکاتە دەگۆڕێت بۆ دەرئەنجامی مێژوویی، کە ئیرادەی سیاسی لەسەر بنەمای ڕاستەقینە بنیاد بنرێت، لەبەرئەوە بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان، بەڵام بەرپرسیارێتیی دەوڵەت و دەسەڵات جیاوازە، بەشێکی زۆری ئەو بێمتمانەییەی لە ڕابردووەوە دێت، بەهۆی پەیوەندییەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگەوەیە.
وتیشی: هەنگاوەکانی دەوڵەت دەبنە هۆی دروستکردنی متمانە، جێبەجێکردنی داخوازییە دیموکراتیکەکانی کورد سازش نییە، هاووڵاتیبوونی یەکسان سازش نییە، داننان بە مافی زمانی دایک سازش نییە، دیموکراسیی خۆجێیی سازش نییە، مسۆگەرکردنی ئیرادەی هەڵبژێردراوان سازش نییە، ئازادیی ڕادەربڕین و ڕێکخراوبوون سازش نییە، ئەمانە هەموویان کاری ئاسایی کۆماری دیموکراتیکن، بێدەنگکردنی چەکەکان ڕاستە ئەنجامەکەی بریتییە لە کۆتاییهاتنی شەڕ و پێکدادانەکان؛ بەڵام سەرەتای ئاشتییە.
ڤ.م
