ئەمڕۆ لە مەزاری ئەنفالکراوەکان لە گوندی دێبنەی سەر بە شارۆچکەی ڕزگاری لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، بە بۆنەی ٢٠ـەمین ساڵڕۆژی یەکەم دانیشتنی دادگای تاوانەکانی عێراق سەبارەت بە جینۆسایدی ئەنفال، کەسوکاری ئەنفالکراوەکانی گەرمیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

لە کۆنگرەکەدا ئەحمەد مەجید، بەرپرسی ڕێکخراوی چاودێری کوردۆساید ڕایگەیاند، لە ڕێککەوتی لە ٢١ـی ٨ـی ٢٠٢١ یەکەمین دادگایی تاوانبارانی ئەنفال بەڕێوەچوو، کە ڕۆژێکی مێژوویی گرنگ بوو، خواستی قوربانیانی جینۆساید لەو ڕۆژەدا ئەوەبوو بکەرانی جینۆسایدی ئەنفال لە دادگایەکی نێودەوڵەتی یان دادگایەکی هاوبەش، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت و پڕۆسەی ناساندنی جینۆسایدی سەر گەلی کورد بە جیهانی بکرێت.
وتیشی: تاوەکو ئێستا ئەو داوایەی کەسوکاری ئەنفالکراوان نەهاتووەتە دی، بەڵام دادگاکە گەلێک بڕیاری گرنگی دا، یەکێک لەو بڕیارانەش ئەوەبوو کە چوار کەیسی کۆمەڵکووژی خەڵکی کوردستانی بە جینۆساید ناساند، کە لە ماوەی نۆ ساڵدا بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجامدرابوو.
جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، بە داخەوە بڕیارەکانی دادگای تاوانەکانی عێراق لە دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەنفال جێبەجێنەکراوە، هەروەها پارتە سیاسییەکان و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، داڵدەی تاوانبارانیان دا و فشاریان خستە سەر دەزگاکانی دادوەریی و ڕێگریانکرد لە بڕیاری دەستگیرکردنی ٤٢٣ تۆمەتباری ئەنفال، کە زیاتر لە ٦١٪یان کورد بوون، کە دەکاتە ٢٥٨ تاوانبار، تاوەکو ئێستاش لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەپارێزرێن و هەندێکیان پۆستیان پێدراوە.
باسی لەوەشکرد، ناوی "نزار خەزرەجی" لە نێو تاوانباراندا نەبوو، کە دانپێدانانی خۆی هەیە سەرپەرشتی چوار قۆناغی ئەنفالی کردووە و کە گرنگترینیان قۆناغی سێ و قۆناغی هەشت بوون، ناوبراو لە تاوانی ئەنفالدا لە دوای سەددام حسێن، عەدنان خەیروڵا و عەلی حەسەن مەجیدەوە دێت.
ئەحمەد مەجید ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لە ڕۆژی دادپەروەری تاوانکاریی لە کوردستان ئەم داواکاریانەمان هەیە:
١- تەواوی ئەوانەی ناویان لە لیستی تاوانبارانی ئەنفالدایە دەستگیربکرێن. ٢- لیستی ناوی تاوانباران بدرێتە پۆلیسی ئینتەرپۆڵ، بۆ ئەوەی تاوانباران لە وڵاتانی دەرەوەدا دەستگیر بکرێن.
٣- لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە ڕۆژی ٢١ـی ٨ وەکو ڕۆژی دادپەروەری بناسێندرێت.
٤- پێویستە دادگای تاوانەکانی عێراق سکاڵای تاوانباران لە دژی "حەجاج" وەربگرێت.
٥- دەبێت ڕووفاتی ئەنفاکراوان بهێنرێنەوە بۆ کوردستان.
٦- نابێت ڕێگە بە تاوانبارانی ئەنفال بدرێت، لەڕێگەی پۆستی سەرۆکی عەشیرەتەوە دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن بەسەر خەڵکدا.
٧- ڕێگە نەدرێت مەراسیم بۆ ئەو تاوانبارانەی داواکراون ئەنجام بدرێت و کاتێک دەمرن وەکو پاڵەوان نیمایش بکرێت.
س. ع
