وەزارەتی کارەبای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی لە بارەی کوژاندنەوەی کارەبای نیشتیمانی لە پارێزگای دهۆک بڵاوکردەوە.

وەزارەتەکە هاووڵاتییانی ئاگادارکردووەتەوە، کە بەهۆی كێشەیەكی تەکنیکی لە هێڵەكانی گواستنەوەی كارەبا گرفتی كوژانەوەی کارەبا لە بەشێکی پارێزگای دهۆک ڕوویدا.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا تیمەكانی وەزارەتی كارەبا سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لە هۆكاری كێشەکە بۆ ئەوەی بەزووترین كات چارەسەری بكەن و لە چەند كاتژمێری داهاتوودا كارەبا بۆ هاووڵاتییان بگەڕێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی پرۆژەی ڕووناکی، کە حکومەتی هەرێم بانگەشەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ دەکات، دۆخی کارەبا لە پارێزگای دهۆک و چەندین ناوچەی دیکەش خراپە و بەتایبەت هاووڵاتییان لەم وەرزی گەرمایەدا هیچ هۆکارێکیان نییە بۆ فێنکبوونەوە و ڕاییکردنی کاروباری ڕۆژانەیان.

هاووڵاتییان ئێستا وێرای ئەوەی کە پارەیەکی زۆریان لێدەچێت لە پڕۆژەی ڕووناکیدا؛ ناچارن پارەی ئەمێرەکانی کارەبای مۆلیدەش بدەن، ئەمەش لەڕووی داراییەوە بارگرانی تەواوەتی بۆ دروستکردوون لەم بێ مووچەییەدا.

 

ب. جـ