هێشوو شوانە

وەرزی پایز هات و لەمەودوا وەرزی سەرماو سۆڵە دەستپێدەکات، بەڵام ئەوەی نیگەرانی لای هاووڵاتییان درووستکردوە گرانی نرخی نەوتی سپییە کە لە توانای هاووڵاتییاندا نییە بیکڕن، لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوت ٢٨٠ هەزار دینارە، لەکاتێکدا دۆخی دارایی هاووڵاتییان زۆر خراپە و مووچەخۆرانیش مووچەکانیان دوادەکەوێت، لەوبارەیەوە هاووڵاتییان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

منیرە فەرەج.jpeg
منیرە فەرەج

منیرە فەرەج ژنێکی دانیشتووی شاری سلێمانییە و دەڵێت: نەوت بە ٢٩٠ هەزارە لە کوێ خەڵکی فەقیر و هەژار پێی دەکڕێت، بۆچاکردنی ئەم دۆخە دەبێت خەڵک یەک دەنگبێت و داوای مافی ڕەوای خۆی بکات، نەک کوڕی فەقیر بێتە سەرجادە و خەڵکانێکیش بێدەنگبن دۆخەکە قبوڵبکەن چونکە ئەگەر یەک دەنگ نەبین ناتوانین ئەم دۆخە چاکبکەین.

وتیشی: لەسەر خاکێک دەژین هەر هەڵیبدەینەوە نەوتی لێ دێتە دەرەوە، ئەوەندە دەوڵەمەندین بەڵام دەست بەسەر هەموویدا گیراوە و نادرێتە خەڵکی فەقیر، ئێمەش دەستەوەستانین چارەسەر لەدەستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە ئەگەر مەبەستت بێت دەتوانێت ئەم دۆخە چارەسەر بکات.

عومەر عەبدوڵا هاووڵاتییەکی دیکەی شاری سلێمانییە و دەڵێت: دڵمان بە حکومەتی کوردی خۆشە و نامانەوێت کەس قسەی پێبڵێت، بەڵام حکومەتداری ئاوا ناکرێت مووچەت نەبێ، کارەبا گرانبێ سەرەتایترین پێداویستی بەخەڵکی فەقیر نەکڕدرێت، بەرمیلێک نەوت نزیکەی بە ٣٠٠ هەزار بێت، ئیتر ئەبێ چۆن ژیانێک بێت.

عومەر عەبدوڵا.jpeg
عومەر عەبدوڵا

ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخەکە بەجۆرێک سەختبووە خەڵک ئاوات بە نەبوونی حکومەتی کوردی دەخوازێت، ئەمەش هۆکاری سەرەکی پەرتەوازەیی لایەنەکانە لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان ئاوڕ لە خەڵک نادەنەوە و خەڵکەکەش دەیەوێت بچێتەوە ژێر دەستی حکومەتی فیدڕاڵی، چونکە بەرمیلێک لای ئەوان نەوت ٣٠ هەزارە، بەنزین بە ٤٠٠ دینارە، بۆیە دەبێت حکومەت بیرلە بەرژەوەندیەکانی خەڵک بکاتەوە و ژیانیان بۆ خۆشبکات.

سەلام عومەر.jpeg
سەلام عومەر

سەلام عومەر وتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانییە و بۆ ڕۆژنیوز ئاماژە بەوە دەکات، پرۆسەی دابەشکردنی نەوت ساڵانە لە دوای مانگی ١٠ دەستپێدەکات، لە ئێستادا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم و بەغداد لە دانوستانی ئەوەدان چۆن نەوت دابینبکرێت، بۆیە لە لە چاوەڕوانی ئەوەین بگنە دەرئەنجام  تاوکو زانیاریەکان سەبارەت بەکاتی دابەشکردن و نرخ و بڕەکەی بۆ ئەمساڵ بە هاوڵاتیان ڕابگەیەنن.

وتیشی ئەگەری هەیە لەمساڵدا بڕێکی زیاتر نەوت بە هاووڵاتییانبدرێت ئەویش بۆی ئەوگۆڕانکاریانەی لەناوچەکدا ڕوویانداوە، لە ئێستاشدا ئەگەر نەوت دابەشبکرایە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی نرخی بازاڕ دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەوتی پاڵپشتیکراو دەستی پێنەکردووە نرخی نەوت لە بازاڕادا بەرزە.

داواشی لە هاووڵاتییان کرد، پەلە نەکەن لە کڕینی نەوت بەو نرخە زۆرەی لە ئێستا لەنێو بازاڕدا دەفرۆشرایت، چونکە لەگەڵ دابەشکردنی نەوتی حکومی پاڵپشتیکراو کاریگەری لەسەر بازاڕی نەوتی بازرگانی دروستدەکات و ڕاستەوخۆ نرخ دادەبەزێت.

هـ.ح