کاتژمێر ٤:٢٥ خولەکی دوانیوەڕۆی ٢٨ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٧ فڕۆکەکانى ڕژێمی بەعسی عێراق، شارۆچکەی سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی بۆردوومان کرد و جەستەی پاک و بێتاوانی هەزاران هاووڵاتیی کوردی شارەکەی سووتاند.
فڕۆکەکانی ڕژێمی بەعس لەو ڕۆژەدا حەوت جار بە گازی کیمیایی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بۆردوومان کرد، دوو بۆمبیان لەناو بازاڕی شارەکەدا و دوو بۆمبی تریان لە گەڕەکەکان و سێ بۆمبیشیان لە گوندەکانی دەوورووبەری سەردەشت هەڵدایە خوارێ، ئەمە سەدان کەسی خستە ناو نەخۆشخانەکان بەجۆرێک هیچ جێگایەک نەمابوو بۆ چارەسەر.
بەپێی هەندێک ئاماری نافەرمی بەهۆی ئەم هێرشە تاوانکارییەی سەدام و ڕژێمەکەیەوە ١٥٠ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەى ٨٠٠٠ کەسیش بەو چەکە قەدەغە کراوە برینداربوون، بەڵام ژمارەکان زۆر لەوە زیاترن کە لەو کاتەدا بڵاوکرانەوە، ئەوەش بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی هەردوو ڕژێمەکەی عێراق و ئێران ئەمە کرا، هاوکات ژینگە و هەوای شاری سەردەشت و دەوروبەری بە تەواوی ژەهراویی کرد.
ڕژێمی بەعسی سەدام لە ڕۆژگارێکدا ئەم کۆمەڵکوژییەی کرد کە هەردوو ڕژێمەکەی بەغدا و تاران دژی گەلی کورد دەستیان نەدەپاراست و قوربانی جەنگی هەشت ساڵەی نێوانیان گەلی کورد بوو، بۆیە بە هەردوولا هەر کوردییان کۆمەڵکوژی دەکرد، سەدام بە بیانووی جەنگ لەگەڵ ئێران هێرشی کیمیایی کردە سەر شارۆچکەی سەردەشت و لە چاو ترووکانێکدا جەستەی هەزاران کەسی سووتان کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون.
دوای ٣٩ ساڵ لە کیمیابارانکردنى سەردەشت برینداران هێشتا بەدەست کەمی و گرانی دەرمان و پڕۆسەی چارەسەری پزیشکی دەناڵێنن و هێشتا بەشێکی زۆری قوربانیانی کیمیابارانی سەردەشت قەرەبوو نەکراونەتەوە، ژمارەیەکیان وەک قوربانی ئەو تاوانەش تۆمار نەکراون، لەکاتێکدا بەڵگەی پزیشکی پشتڕاستکراوەیان هەیە.
بریندارەکان لە دەرگای هەر دەزگا و دامەزراوەیەکی دەوڵەت دەدەیت، دەڵێن بریندارەکان خۆیان چاکبوونەتەوە، جگە لەوەش دەستکەوتنی دەرمان و پێداویستییەکانی ژیان بۆ بریندارەکان ئەستەمە، لەماوەی ئەو ٣٩ ساڵەدا ئیدی ئێستا بریندارەکان لە هەموو کات بێهیوا ترن و بەدیار ئازاری برینەکەیانەوە ڕۆژگار بەسەر دەبەن.
ئەم برینە قوڵە ئێستا ڕژێمی ئێران بە چەندین ڕێگای جۆراو جۆر بەتایبەت لەسێدارەدان و زیندانیکردن و کوشتنی کۆڵبەرو کاسبکارەکانی دەکولێنێتەوە، ئێستا زیندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵات پڕن لە گەنج و لاوی شارۆچکەی سەردەشت کە تەنیا لەسەر کوردبوون یان خۆپیشاندان زیندانی کراون و لە سێدارە دەدرێن.
تاوانەکەی سەدام تەنیا سەردەشتی نەگرتەوە و بەر لە کیمیابارانکردنی ئەو شارۆچکەیەش لە ٢٥ـی تشرینی یەکەمی ١٩٨٣ ڕژێمی بەعس گوندی باینجانی سەر بە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کیمیاباران کردبوو، پاش ١٠ ڕۆژ ناوچەی کەناری چەمی شلێری سەربە شاری بانەی کیمیاباران کرد، لەو هێرشەشدا ژمارەیەک هاوڵاتیی گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.
هەموو ئەو چەکە کیمیایانەى دژی گەلی کورد کە لە ڕابردوو و ئێستادا بەکار هاتوون سەلمێنەری ئەوەیە کە دەوڵەتانی داگیرکەر ویستوویانە و دەیانەوێت گەلی کورد لەناوبەرن، هاوکات هەموو بەڵگەیەکى حاشا هەڵنەگرن لەسەر ئەو چەکانە و قوربانییەکانی لە لای دەزگا تایبەتەکانی وڵاتانی جیهان هەن، بەڵام بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە بەکارهێنانەوەى ئەو چەکانە هیچیان پێنەکراوە و چاویان داخستووە.
هـ.ح
