کۆبوونەوەی ساڵی ڕابردووی ناتۆ پڕ لە مشتومڕ بوو، تەنانەت گۆڕا بۆ پێشبڕکێ و هەنگاونان بەرەو پڕچەکبوون. لە بەرامبەر ئەمەشدا، تەڤگەری ئازادیخوازی کورد لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا، لە ١١ـی تەمووزدا چالاکیی سووتاندنی چەکی ٣٠ گەریلای ڕێکخست، بەمەش هەڵوێستی ڕاستەقینەی گەلان و سۆسیالیستەکانی نیشانی هەمووان دا کە دەبێت چۆن بێت و چەک ناتوانێت جیهان ئازاد بکات.

ئێستا ساڵیادی هەردوو ڕووداوەکە بەڕێوەدەچێت. ئاماژە بەوە دەکرێت کە ناتۆ لە کۆبوونەوەی ئەمجارەیدا پلانێکی نوێی ڕێکخستنەوە پەسند دەکات. هەرچەندە زۆر ئاشکرای ناکەن، بەڵام دیارە کە کێشەی گرنگ و جدیی لە نێوان هاوپەیمانێتییەکەدا هەیە. ئایا ناتۆ دەتوانێت لەم کۆبوونەوەیەی تورکیادا ئەو کێشانە چارەسەر بکات؟ بە سەرنجدان لەو زانیارییانەی دوای کۆبوونەوەکە بڵاودەکرێنەوە، هەوڵدەدەین لەمە تێبگەین.

لە ئێستاوە ڕوونە، کە بۆ ئەمریکا کەمێک قورس دەبێت کە چیدیکە بە پشتبەستن بە ناتۆ هەرچییەکی خۆی بیەوێت پێداگری لێبکات و ئەنجامی بدات. ئەو ڕووداوانەی لە جەنگی ئێراندا ڕوویان دا، ئەم دۆخەیان لە هەندێک لایەنەوە نیشان دا. ڕەنگە ئەو جیاوازی و ناکۆکییانەی باسیان لێوە دەکرێت، زیاتر ئاشکرا ببن. ئەم کۆبوونەوەیەش بە شێوەیەکی سەرەکی بە دیدار و ڕێککەوتنی دووقۆڵیی نێوان دەوڵەتانی ئەندام بەڕێ دەکرێت.

بێگومان لەسەر ئاستی دەوڵەتان پێویستە هەوڵ بدرێت تێبگەین کە ناتۆ لە چی دۆخێکدایە، بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە گەلان، هێزە سۆسیالیست و دیموکراتەکان هەن. لە ڕوانگەی ئەوانیشەوە پێویستە ڕەچاو بکرێت کە چۆن پێشوازی لەم کۆبوونەوەیەی ناتۆ دەکرێت. دیارە کە پرسیارکردنی ئەم جۆرە لایەنانە لەسەر هەبوونی ناتۆ ڕوویان لە هەڵکشان کردووە و پرسیاری "ئایا بەڕاستی ناتۆ پێویستە؟" زیاتر دەخرێتە بەرباس و مشتومڕ.

وەک ئەوەی دەبینرێت، یەکێک لەو هێزانەی کە زۆرترین چاوەڕوانیی لە ناتۆ هەیە، دەسەڵاتی ئاکەپە و دەوڵەتی تورکە. دۆخی شەڕی ناو ئێران هیواکانی دەسەڵاتی ئاکەپەی لەم ڕووەوە زیاتر کردووە. ئاکەپە بە دەستێوەردان دژی جەهەپە لە ڕێگەی بڕیاری "پووچەڵکردنەوەی ڕەها" و بە خاوکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، خۆی بۆ کۆبوونەوەکەی ناتۆ ئامادە کرد. ڕوونە کە دەیەوێت بە جۆرێک لە جۆرەکان په‌سندکردنی ئەمانە لە ناتۆش وەربگرێت. هاوکات لەگەڵ دەستەبەرکردنی پاڵپشتی دەرەکی بۆ بەردەوامیی ئیدارەی تەیب ئەردۆغان، هەوڵی دەستەبەرکردنی پاڵپشتییەکی بەهێزتر بۆ نەهێشتنی تەڤگەری ئازادیی کوردیش دەدەن.

تەواو ڕوونە کە هەڵکشانی ئەم دواییەی پڕوپاگەندە سەبارەت بە 'یاسایەکی چوارچێوە' لە نەبوونی هیچ هەنگاوێکی پراکتیکییەوە سەرچاوە دەگرێت. دیسان سەردانە درێژخایەن و فرە لایەنەکەی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت بۆ عێراق لەم چوارچێوەیەدا ئەنجام دراوە. هیچ گومانمان لەوە نییە: ئامانجی سەرکەوتوانە درێژەدان بە جینۆسایدی کورد وەک ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی ئاکەپە دەمێنێتەوە. هەموو هەوڵەکانیان لەسەر زیاتر بەهێزکردنی ڕەزامەندی ناتۆ لەم ڕووەوە چڕ بووەتەوە.

ئەگەر دەسەڵاتی ئاکەپە پشتیوانیی ناتۆ لەسەر پرسی کۆمەڵکوژیی کوردان بە بەهێزی بەدەستبهێنێت، هیچ داواکارییەکی ناتۆ نابێت کە جێبەجێی نەکات. لە دۆخێکی لەوشێوەیەدا، هەم هەژموونی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قبووڵ دەکات و هەمیش دروستبوونی فیدراڵی لە باکووری قوبرس. لەسەر ئەم بنەمایە، هیچ سازشێک نییە کە دەسەڵاتی ئاکەپە نەیکات و هیچ بەهایەک نییە لە تورکیادا کە نەیخاتە بازاڕی فرۆشتنەوە. لەم چوارچێوەیەدا کەس نییە پەیوەندیی لەگەڵدا نەبەستێت و ڕێککەوتنی لەگەڵدا نەکات. پێویستە ئەم ڕاستییە کورد و هێزە دیموکراتەکانی تورکیا هیچ کاتێک فەرامۆشی نەکەن.

ئایا ناتۆ پشتیوانییەکی لەم ئاستە پێشکەشی دەسەڵاتی ئاکەپە دەکات؟ بێگومان ئەم پرسیارە گرنگە و پێویستە کار بۆ زانین یان تێگەیشتن لە وەڵامەکەی بکرێت. لەمەش گرنگتر، چڕکردنەوەی هەوڵەکان و یەکخستنی هێزەکانە بۆ تێپەڕاندنی دەسەڵاتی ئێستای ئاکەپە. واتە کارکردنی پێکەوەیی و دەستلەناودەستە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و نەدانی هیچ دەرفەتێکە بە دەسەڵاتی ئاکەپە بۆ تێکدان، خاوکردنەوە یان شێواندن و بێناوەڕۆککردنی پرۆسەکە.

دیارە کە لەم بابەتەدا دەسەڵاتی ئاکەپە یاری بە چەندین لایەن دەکات و شەڕی دەروونیی تایبەتی فرەڕەهەندی بەکاردەهێنێت. پێویستە هەمووان ئاگاداری ئەمە بن و نەکەونە ناو تەڵەی یارییەکانی شەڕی دەروونیی تایبەتەوە. لەوەش زیاتر، ئەرکی ئەوەشمان لەسەر شانە کە یارییەکانی شەڕی تایبەت پووچەڵ و بێکاریگەر بکەین. ڕوونە کە دەبێت لەمەشدا سەرکەوتوو بین. ئەگەر هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەو ڕاگەیاندراوەی بڵاویکردەوە ئەم یارییەی تێکنەدابایە، دیار بوو کە زۆرێک لە لایەنەکان دەکەوتنە داوی یارییەکانی ئەو شەڕە تایبەتەوە و بە پێچەوانەوە ڕۆڵیان دەگێڕا. زۆر ئاشکرایە کە هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە کاتی خۆیدا دەستێوەردانی کرد و یارییەکی مەترسیداری شەڕی تایبەتی تێکدا. لەم چوارچێوەیەدا هۆشدارییەکی جددیشی دایە چەندین هێز بۆ ئەوەی بە وریاییەوە ڕەفتار بکەن. پێویستە هەمووان سەرنج بدەنە ئەو هۆشدارییانە و بە هیچ شێوەیەک نەبنە ئامرازی یارییەکانی شەڕی تایبەت؛ چونکە لایەنەکانی دەسەڵات یارییەکی مەترسیدار دەکەن و هەوڵ دەدەن لایەنە وڵاتپارێز و دیموکراتەکانیش بکەنە ئامرازی یارییەکانی خۆیان.

ئەگەر سەرنج بدەن، نزیکەی ٤٥ ڕۆژە ڕێگا بە هیچ دیدارێک لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نادرێت و گۆشەگیرییەکی ڕەها لە ئیمراڵی پەیڕەو دەکرێت. لە کاتێکدا بەپێی ڕاگەیاندراوی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، بڕیار وابوو سێ ڕۆژ دوای جەژنی قوربان بچنە ئیمراڵی و لەوێ ڕەشنووسی هاوبەشی "یاسای بنەڕەتی" یان "یاسای چوارچێوە" لەگەڵ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندا گەنگەشە بکەن. لە ئەنجامدا، دەبوو نامەیەکی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ببرێتە قەندیل و بۆچوونی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیخوازیش لەسەر یاساکە وەربگیرێت. ئەم ڕەشنووسەش دەبوو پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووەوە، بکرێتە یاسا.

ڕوونە کە هیچکام لەمانە لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپەوە ئەنجام نەدران. نەک هەر ئەمانە نەکران، بەڵکو لەلایەن باڵاترین بەرپرسانی ئاکەپەوە، لە سەروویانەوە تەیب ئەردۆغان و نوعمان کورتولموش، بە بەردەوامی پروپاگەندەی ئەوە دەکرا کە "پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت". دیسان لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە پروپاگەندەی ئەوە کرا کە "یاسای چوارچێوە دەردەچێت". دیارە هەموو ئەمانە درۆ و فێڵن. لە ڕاستیدا هێشتا ڕوون و دیار نییە کە ئایا لە بنەڕەتدا ڕەشنووسێکی یاسایی لە ئارادایە یاخود نا. تەنانەت ئەگەر ڕەشنووسێکی ئاوهاش هەبێت، تەنها دەبێتە ڕەشنووسی خودی ئاکەپە و ئاکەپە دەیەوێت بۆچوونەکانی خۆی بکاتە یاسا و بەسەر کورداندا بیسەپێنێت؛ ئەوانەشی جێبەجێی ناکەن، لەکەداریان بکات و بەمەش زەمینە بۆ هێرشکردنە سەر گەریلا خۆش بکات.

لە کاتێکدا کۆبوونەوەیەکی نوێی ناتۆ بەڕێوەدەچێت و یەکەمین ساڵیادی چالاکیی سووتاندنی چەک لە ١١ـی تەمووزدا تێدەپەڕێت، نیشاندەری ئەوەیە کە تێڕوانینی دەسەڵاتی ئاکەپە بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەم شێوەیەیە. ئەی ئەو "باشی و پێشکەوتنە ئاساییەی" کە بەردەوام پروپاگەندەی بۆ دەکرێت، لە کوێی ئەم دۆخەدایە؟ دیارە ئاکەپە هەوڵ دەدات کات بکوژێت تاوەکو کۆبوونەوەکەی ناتۆ کۆتایی دێت و دواتریش بەپێی ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی ناتۆ دەست بە جووڵە دەکات.

باشە، ئایا ئەو ئەنجامەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی ناتۆوە بەدەست دێت؟ زۆر ڕوونە کە بەدەستهێنانی ئەو ئەنجامانەی دەسەڵاتی ئاکەپە هیوای بۆ دەخوازێت قورسە، تەنانەت مەحاڵیشە؛ چونکە بەپێی سیاسەتی سیستەمی ناتۆ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستە دەوڵەتی تورک وەک یەکەمین دەوڵەت-نەتەوەی ناوچەکە، لە چوارچێوەی "ڕێککەوتنی ئیبراهیم"ـدا گۆڕانکاریی بەسەردا بێت. واتە ئەو دۆخە سیاسی و سەربازییەی کە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی خوڵقاندووە، بە شێوەیەکی ڕوو لە زیادبوون بەردەوامە و دەوڵەتی تورک زیاتر دەخاتە ژێر هەڕەشەوە. لەبەر ئەم هۆکارەش، مەحاڵە ئاکەپە ئەوەی لە کۆبوونەوەی ناتۆدا چاوەڕێی دەکات، دەستی بکەوێت.

ئایا لەبەر ئەوەی دۆخەکە بەم شێوەیەیە، گرنگی و کاریگەریی چالاکیی سووتاندنی چەک لە ١١ـی تەمووزی ٢٠٢٥ـدا کەم دەبێتەوە؟ بێگومان نەخێر! ئەو چالاکییە خاوەن بەهایەکی ئایدۆلۆژی و ستراتیژییە، هەر بۆیەش کاریگەرییەکەی بەردەوام دەبێت و تەنانەت گەورەتریش دەبێت؛ چونکە ئەو چالاکییە هێمای هەڵوێست و پێداگریی تەڤگەری ئازادیخوازی کوردە. لەبەر ئەوە، لەگەڵ پێشڕەویکردنی پرۆسەکەدا، مانا و کاریگەریی چالاکییەکە کەم نابێتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە زیاتریش دەبێت.

سەرچاوە/ یەنی ئۆزگور پۆلەتیکا

ب. جـ