ساڵانە لەگەڵ گۆڕانی وەرزکاندا، بۆ چەندین جار، تیمێکی تەندروستی بە سەرپەرشتی شارەوانی گەلی بناری قەندیل، بە مەبەستی چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی بەشێک لە ئازارەکانیان، سەردانی کۆچەرییەکان و گوندە دوورە دەستەکانی بنارەکە دەکات، لە بەرەبەیانەوە تا ئەوکاتەی هیچ کەسێک نامێنێت کە گوێ بۆ ئازار و پيویستییەکانی نەگیرێت کاردەکەن و پێداویستییە پزیشکییەکانیان بێبەرامبەر پێشکەش دەکات.

سەرەڕای کەمی دەرفەت و توانای سنوورداریان، بەڵام لە سۆنگەی هەستکردنیان بە بەرپرسیارێتی، تەندروستی گەلی بناری قەندیل ساڵانە چەندین جار تیمێکی تەندروستی شارەزا دەگەیەنێتە گوندە دوورە دەستەکان و کۆیستانە سەختەکانی بناری قەندیل و لەوێ بە بێبەرامبەر نەخۆش دەبینرێت و چارسەر وەردەگرێت، ئەمەش بووەتە جێگای ئومێدی کۆچەری و گوندنشینان و وەکو هیوایەک چاوەڕوانی دەکەن.

فاتمە سالار

سەبارەت بەو بابەتەش فاتمە سالار یەکێک لە پزیشکانی تیمە تەندرووستییەکە بۆ ڕۆژنیوز ئاماژەی بەوەکرد، وەکو تیمی تەندرووستی نەخۆشخانەی بناری قەندیل هەستاوین بە ئەنجامدانی گەڕی تەندرووستی، بۆ ئەو کۆچەرییانەی کە دێنە قەندیل و ناتوانن سەردانی نەخۆشخانەکەمان بکەن.

وتیشی: هەموو ساڵێک سەردانیان دەکەین و تاڕادەیەکی زۆریش لە کارەکەمان ڕازین، چونکە بەبێ کەموکوڕی خزمەتگوزاری تەندرووستیان پێشکەش دەکەین، بەهۆی ئەوەی کە ئەوان ناتوانن شوێنەکانیان جێبهێڵن و بێنەخوارەوە بۆ نەخۆشخانەکەمان، ئەرکی مرۆڤدۆستی خۆمان جێبەجێ دەکەین و پێداویستییە پزیشکییەکانمان کۆدەکەینەوە و سەردانیان دەکەین.

دکتۆر فاتیمە وتیشی: بەگشتی پێنج کەسین، سۆنەر و هەندێک پشکنینی سەرەتایی هەیە وەک شەکرە، زەخت و چەند جۆرە پشکنینێکی دیکە بەپێی پێویست لە ژێر ڕەشماڵەکان ئەنجامی دەدەین و ڕێژەیەکی زۆر باش لە دەرمان دەهێنین.

باسی لەوەشکرد، دکتۆری پسپۆڕ نەخۆشەکان دەبینێت و چارەسەریان بۆ دەنووسێت، ئێمەش چارەسەرەکانیان پێدەدین، سەرجەم کارەکانمان بێبەرامبەرە و خۆبەخشانە کارەکانمان دەکەین و هەموو کەسێکیش دەزانێت کە نەخۆشخانەی قەندیل بێبەرامبەر کاردەکات.

دڵشێر ئیبڕاهیم

هەروەها دڵشێر ئیبڕاهیم، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل سەبارەت بە هەمان بابەت بۆ ڕۆژنیوز وتی: وەکو شارەوانی قەندیل سەردانی کۆچەرییەکانمان کردووە و چەند مانگ جارێک گەڕی تەندرووستی ئەنجام دەدرێت، ئەو نەخۆشانەی کە هەن چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت، بەتایبەت دەچینە ئەو شوێنانەی کە زۆر لە نەخۆشخانەوە دوورن و بە ئاسانی ناتوانن بگەنە نەخۆشخانە.

هەروەها دڵشیر ئیبراهیم ئاماژەی بەوەشکرد، لێرەوە سوپاس و دەستخۆشی دەگەیەنم بەسەرجەم ستافی تەندرووستی بناری قەندیل، کە توانیویانە لە سەرجەم ئەو ڕۆژ و کاتانەی کە گەل پێویستی پێیانە خۆیان بگەیەننە لایان و خزمەتی پێویستیان بکەن.

ئەستی محەمەد

ئەستی محەمەد کۆچەرییەکی ناوچەکەیە و بۆ ڕۆژنیوز وتی: زۆر خۆشحاڵین کە ئەو تیمە تەندرووستییە سەردانمان دەکەن و خۆیان دین نەخۆشەکانمان چارەسەر دەکەن، زۆر لەگەڵمان باشن و هەرچییەک کە پێویستمان بێت بۆمان ئەنجام دەدەن.

باسی لەوەشکرد، بە هۆی ئیشوکار و دوورییەوە دەرفەتمان نابێت و ناتوانین بچین بۆ نەخۆشخانە، بەڵام ئەوان خۆیان دێنە لامان، دکتۆر دەهێنن و چارەسەری پێویستمان بۆ دەکەن زۆر سوپاسیان دەکەین.

ئـ .پـ

10 وێنە
1 / 10