تەعریب لەناوچە دابڕێندراوەکان
تەعریب لە ناوچە دابڕێندراوەکان بریتییە لە (داگیرکردنی زەوی، ڕاگواستن، هێنانی عەرەبی هاوردە، دەرکردنی زۆرەملێ، قەدەغەکردنی زمان، قەدەغەکردنی چالاکییە کەلتوورییەکان، هەراسانکردن و ناچارکردن بە کۆچ)، بەڵام ئەم سیاسەتە بە هاتنی بە لێشاوی هاووڵاتییانی بیانیى بۆ پارێزگاکانی هەرێم سیمایەکی تری پۆشیوە و فراوانتر لە تەعریب شێوەی گرتووە.
ئێستا لە پارێزگاکانی (کەرکووک، دیالە، نەینەوا، سەڵاحەدین) ماڵ و موڵکی کوردان داگیر دەکرێت و عەرەبی شۆڤێنیزم لە شوێنیان بەزۆرەملێ جێگیر دەکرێن، بەتایبەت زەوییە کشتوکاڵییەکان لەلایەن عەرەبی هاوردەوە، بە پشتیوانی سوپای عێراق و دامەزراوەکانی دەوڵەت لە کورد دەسەندرێنەوە، لەکاتێکدا جووتیار و هاووڵاتییانی کورد بە تاپۆی ڕەش خاوەندارییەتی زەییەکانیان دەسەلمێنن.
ئەم تەعریب و داگیرکردنە تەنیا لە گوندەکاندا نەماوەتەوە، کە عەرەبی هاوردە پەیڕەوی دەکات، بەڵکو گواستراوەتەوە بۆ ناو خودی شار و شارۆچکەکانیش، بۆ نموونە شارۆچکەیەکی وەک حەویجە و ڕەشاد و سەعدییە و جەلەولا بەتەواوی کوردی تێدا نەماوە یان بۆ کەمتر لە ٥٪ دابەزیوە، شارۆچکەیەکی وەک دووزخورماتوو؛ کە زۆرینەی کورد بوو، ئێستا لە ٤٠٪ـی دانیشتوانی کورد کەمی کردووە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی ڕۆژنیوز لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر و بە دیاریکراوی لە دوای ساڵی ٢٠٢٢ ـوەوە سەدان هەزار عەرەب بە لێشاو ڕوویان لە ناوچە دابڕێندراوەکان کردووە و ناسنامە و فۆڕمی خۆراکیشیان لە ناوچەکانی خۆیانەوە بۆ شوێنی ئێستایان گواستووەتەوە، ئەوانەی لە شەڕی چەتەکانی داعش ئاوارەی کەرکووک بوون، ئێستا ئامادە نین بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
تەعریب لە شارێکی وەکو کەرکووک تەنیا لە چوارچێوە کلاسیکەکەیدا نەماوەتەوە، بەڵکو ئیستا لە بەرگێکی نوێی ئابووریدا کە بە "تەعریبی نەرم" ناودەبرێت جێبەجێ دەکرێت، بەجۆرێک لە ڕێگای پڕۆژەی وەبەرهێنان و بازرگانی و خوێندن و نیشتەجێبوون و کارکردنەوە خۆی دەنوێنێت.
هاوکات بە شێوەیەکی نا ئاسایی و نادادپەروەرانە هەرچی پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژییە دەدرێت بە سەرمایەدار و بازرگان و بەڵێندەر و ئەو کۆمپانیایانەی کە لەلایەن عەرەبی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە خاوەندارێتی دەکرێن، هاوکات کۆنترۆڵی کۆمپانیا نەوتییەکان و وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە و فەرمانگەکان و دامەزراوە ئەمنییەکانیان کردووە، ئەمەش وای کردووە هەزاران گەنجی کورد بۆ کارکردن بەرەو هەولێرو سلێمانی کۆچیان کردووە.
بۆنموونە لە سەرەتای ئەم مانگەدا هاووڵاتییانی گەڕەکێکی کوردنشینی کەرکووک خۆپیشاندانیان کرد، لە دژی بازرگانێکی عەرەب، کە دەیویست گەڕەکەکە تێکبدات و دانیشتوانەکەی دەرپەڕێنێت و بیکاتە یەکەی نیشتەجێبوون، بۆ ئەوەش سوپا و هێزە ئەمنییەکان پشتیوانیان دەکرد، بەڵام لەلایەن هاووڵاتیانی کوردەوە ڕێگری لێکرا، بۆیە جیاوازییەکی زۆر دەکرێت لە نیوان کورد و عەرەب.
کۆچی پێچەوانە و گۆڕینی دیموگرافیا
چەند ساڵێکە بە هەزاران هاووڵاتیی بیانی بە لێشاو ڕوویان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، بە جۆرێک کۆچی پێچەوانە لە شارە گەورەکان و ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بۆ هەرێم دەستی پێکردووە، بە ناوی بازرگانی و بیناسازی و کارو خوێندنەوە نیشتەجێبوون، لێرە ئەم هاووڵاتییە بیانیانە جێگیر دەبن و ناگەڕێنەوە، هەندێکیان شوێنی نیشتەجێبوون (نفووس) و کۆبۆنی خۆراکیشیان دەگوازنەوە، بۆ ئەو شوێنەی بۆی هاتوون، ئەمەش بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان مەترسییەکی ڕاستەقینەیە، کە دەبنە هۆی گۆڕینی دیموگرافیا و سڕینەوەی زمان و ناسنامە و کەلتوور.
بەپێی ئامارێک، کە دەست ڕۆژنیوز کەوتووە، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتیی بیانی دەژین، ئەم ژمارەیە دەتوانێت زۆر هاوکێشەی سیاسی و ئابووری یەکلایی بکەنەوە، بە جۆرێک لە داهاتوودا ئەو دوو ملیۆن هاووڵاتییە بیانییە ڕۆڵی گۆڕینی ئەنجامی ڕاپرسی و سەرژمێرییان دەبێت و تەنانەت لە ڕووی سیاسیشەوە دوور نییە داوای پشک و دەسەڵات بکەن.
مەترسییەکە تەنیا بەوە کۆتایی نایەت، بەڵکو گواستنەوەی ناسنامە و شوێنی نیشتەجێبوون و فۆڕمی خۆراک، دەستگرتن بەسەر بازاڕ و پرۆژەکانی وەبەرهێنان و ناوەندە پزیشکی و پەروەردەییەکان و کشتوکاڵییەکان ئامڕازی سەرەکی گۆڕینی دیموگرافیا و هاوسەنگی دانیشتوانە، هاوکات ئەمانە دەبنە بارگرانییەک بەسەر هەرێمەوە کە پێویستییەکانیان دابینکردنی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی کارەبا و ئاو و چارەسەر و خوێندن هەیە.
ئیستا هاووڵاتییانی بیانی کۆنترۆڵی بازاڕ و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت و هەلی کار و ناوچە گەشتییەکارییەکانیشیان کردووە، ئەمەش گەنجانی لە هەرێمەکە تۆراندووە و ناچار بەرەو ئەورووپا کۆچ دەکەن.
لە بەرامبەر ئەم مەترسییە گەورەیەی گۆڕینی دیمۆگرافیای هەرێم، هیچ یاسا و چاودێرییەک نییە، هاوکات بەهۆی بێباکیی حکومەت و مەرامی تایبەتی دەسەڵاتداران و بازرگانانیشەوە نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتیی بیانی؛ کە زۆرینەیان هاووڵاتیی شارەکانی عێراقن، لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و هەموو خزمەتگوزاریی و پێداویستییەکانی وەک ئاو و کارەبا و ئاسایش و خوێندن و تەندرووستی و هەلی کار و نیشتەجێبوونیشیان بۆ دابینکراوە، کەچی حکومەتى عێراق ڕەچاوی ئەو ڕاستییە ناکات و سزای ئابووریی و سیاسیی دەسەپێنێت بەسەر کورددا و ئامادە نییە ماف و شایستەکانی هەرێم بدات.
هـ.ح
