ئەم بەیاننامەیە تەنها ڕاگەیاندنێکی کاتی نییە بەڵکو بانگەوازێکی قووڵە بۆ بنیاتنانەوەی بناغەکانی پێکەوەژیان لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی، بەڕێز ئۆجالان لەم پەیامەدا جارێکی تر پێگەی کاریزمایی و دیدگا دووربینەکەی خۆی سەلماندەوە کە چۆن توانیویەتی لە ڕێگەی تێڕوانینێکی فراوانەوە پرسەکان لە چوارچێوەی بەرتەسکدا نەهێڵێتەوە، بەڵکو قەبارەی مێژووییان بداتێ.

 سەرکردایەتی کاریزمایی لەم قۆناغەدا تەنها بریتی نییە لە ئاراستەکردنی جەماوەر بەڵکو خۆی لە توانای داڕشتنی پەیامی هاوبەش و دۆزینەوەی کلیلی چارەسەر لە ئاڵۆزترین دۆخەکاندا دەبینێتەوە، کاتێک ئۆجالان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ڕێگای هەزار کیلۆمەتری بە هەنگاوێک دەست پێدەکات ئەمە عەقڵییەتێکی پراکتیکی و مێژوویی دەردەخات کە بڕوای بە قۆناغبەندی و ڕژدی لە کارکردن هەیە بۆ گەیشتن به ئامانجە گەورەکان.

ئەو خاڵەی کە شایەنی سەرنجی تایبەتە جەختکردنەوەیە لەسەر ڕۆڵی یاسا و بڕیارە سیاسییەکان وەک کلیلی دەروازەی چارەسەر، یاسای چاوەڕوانکراو تەنها دەقێکی یاسایی نییە بەڵکو دەروازەیەکە بۆ تێپەڕبوون لە قۆناغی پێکدادان و گرژییەوە بۆ قۆناغی سیاسی و دیموکراتیک، وەک لە پەیامەکەدا هاتووە ئەم پرۆسەیە لە گرنگیی دامەزراندنی کۆمار کەمتر نییە

 چونکە لە کاتێکدا دامەزراندنی کۆمار لەسەر بنەمای جیاکاری و فەرامۆشکردن بەڕێوەچوو ئێستا ئامانج دامەزراندنی کۆماری دیموکراتیکە کە ماف و شکۆی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکات، یەکێک لە خاڵە هەرە پۆزەتیڤ و هۆشیارانەکانی ئەم پەیامە تیشکخستنەسەر ئەو ڕاستییەیە کە ئاشتی و دیموکراتیزەکردن تەنها قازانج بۆ یەک لایەن یان تەنها بۆ کورد ناگەیەنێت بەڵکو خزمەت بە سەرجەم هاووڵاتییانی وڵاتەکە دەکات بێ جیاوازی.

کاتێک باس لە خزمەتکردنی هەشتا و شەش ملیۆن کەس دەکرێت ئەمە دیدگایەکی فراوانی نیشتمانی دەگەیەنێت کە تێیدا ئاشتی و گەشەسەندنی ئابووری و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ هەمووانە، ئەمەش بەهێزترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە پرۆسەی ئاشتی هیچ هەڕەشەیەک لەسەر پێکهاتەکانی دیکە دروست ناکات بەڵکو سەرچاوەی سەقامگیری و پێشکەوتنی گشتییە.

سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە مێژووییە پێویستی بە تێڕوانینێکی ئەرێنی و هۆشیارانە هەیە لەلایەن هەموو چین و توێژەکانەوە و دەبێت ڕەتکردنەوەی نادروست و گومانی بێبنەما پشتگوێ بخڕێت. ڕێکخستنی کۆمەڵگە و بەشداریپێکردنی کارای لەم پرۆسەیەدا دەبێتە قەڵغانێکی بەهێز بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و تێپەڕاندنی ئەو کۆسپ و ئاستەنگانەی کە لەلایەن هێزە دژە-ئاشتییەکانەوە دروست دەکرێن.

کۆی ئەم گوتارە سیاسییە پشتڕاستی ئەوە دەکاتەوە کە ئێستا دەرفەتێکی مێژوویی ڕەخساوە بۆ ئەوەی پرسە سیاسییەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و بنەما دیموکراتیکەکانەوە چارەسەر بکرێن و پشتگیری کردن لەم پرۆسەیە ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانییە لە پێناو گەرەنتیکردنی داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیردا.

هـ.ح

ئەم وتارە ڕاو بۆچوونی نووسەر خۆیەتی