لە هەرێمی کوردستان سەدان هەزار کرێکار هەیە لە کەرتی گشتیی و تایبەتدا کار دەکەن، زۆرینەیان لە ماف و شایستە و بیمە بێبەشن، ئەوەی دەبێت چەتری

کۆکەرەوەی ئەوان بێت سەندیکای کرێکارانی کوردستانە، بەڵام هێشتا بەشێک لە کرێکاران نازانن شوێنێک هەیە ناوی سەندیکای کرێکارانە، هەندێکیشیان ئەندامن و نیگەرانن لە ئەدای ڕێکخراوەکەیان، سەندیکای کرێکاران خۆشیان سێ دەیەیە بەهۆی ناکۆکی و ململانێی حزبییەوە کۆنگرەییان نەکردوە و شەرعییەتیان نەماوە.
بەیانییە و شۆڕش عومەر، کرێکارێکە لە شەقامێکی شاری سلێمانی وەستاوە و چاوەڕێی یەکێکە بێت لەگەڵ خۆیدا بیبات بۆ کارکردن، بەر لەوەی بچێت بۆ کار بۆ پەیامنێری ڕۆژنیوز دەڵێت: لەبەرئەوەی ئیشێکی بەردەواممان نییە، ئەندامی سەندیکا نین، داهاتمان دیاریکراو نییە تاوەکو دڵنیابین مانگی ٦٠٠ هەزارمان دەست دەکەوێت تا ببیینە ئەندامی سەندیکا و پاشەکەوتمان هەبێت.
بابەتەکە ئەوەیە کرێکاران توێژێکی بەشخوراوی بێ مافن، ئەرکی سەندیکای کرێکارانە بەرگریکاری ڕاستەقینەیان

بێت، بەشێکی تری کێشەکە ئەوەیە کە سەندیکا کەوتووەتە ناو گێژاوی ململانێ و ناکۆکی حزبییەوە، بەو هۆیەشەوە ڕەوایەتی لەدەستداوە، ئەمە کێشەی ئەدا و کارایی سەندیکاکە درووست کردوە، لە ئەنجامیشدا کرێکاران قوربانی ئەم ناکۆکی و ناکاراییەی سەندیکاکەیانن.
ئەوەتا ستار عەبدوڵا کە لە ١٧ ساڵییەوە کرێکاری دەکات و پێشتر ئەندامی سەندیکای کرێکاران بووە، بەڵام ئێستا لە سەندیکاکە دابڕاوە، چونکە بەوتەی خۆی هیچ کاتێک بە هانایەوە نەچوون.
ئەم کرێکارەیان بەناوی جەبار نوری ساڵانێکی زۆرە کرێکاری دەکات، بەڵام هێشتا نازانێت کە سەندیکایەکیان هەیە و شوێنەکەی لە کوێییە، وەک خۆی دەڵێت: دەڵێن

سەندیکایەک هەیە مووچە بە کرێکاران دەدات و هاوکارییان دەکات، بەڵام من شوێنەکەیان نازانم و تا ئێستاش سەردانم نەکردوون.
پاراستنی کرێکاران و مافە یاساییەکان
لە هەرێمی کوردستان دوو یاسای تایبەت بە مافی کرێکاران هەیە، یەکێکیان یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی (ژمارە ٣٩ی ساڵی ١٩٧١) یە و ئەوتریان یاسای کاری (ژمارە ٧١ی ساڵی ١٩٨٧)ە، بەڵام هێشتا حکومەتى هەرێم ئەو یاسایانە وەک خۆی جێبەجێ ناکات و ئەوەی ئاگای لێی نەبێت توێژی کرێکارانن.
کرێکاران هێندە بێبەشن لە مافەکانیان تەنانەت حکومەتی هەرێم گیانلەدەستدان و برینداربوونیشیان ئامار ناکات، بەنموونە

کرێکارانی سەر شەقامەکان کە لای حکومەت تۆمار نین و بەشێک نین لە ئامارەکانی وەزارەتى پلاندانان و کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی.
هەڵشۆ عەبدولفەتاح، چالاکوانی مافی مرۆڤ لەسەر بێبەشبوونی مافی کرێکارانی ڕۆژانە دەڵێت: کرێکارانی بیناسازی و شەقامەکان بەهۆی نەبوونی خاوەنکاری هەمیشەیی، یاسای کاریان بەسەردا جێبەجێ نابێت و لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بێبەشن، بەتایبەت لە کاتی ڕووداوەکانی کاردا وەک کەوتنەخوارەوە، هەرچەندە ڕەشنووسی هەموارکردنەوەی یاساکە ئامادە کرابوو تا ئەم توێژانەش بگرێتەوە، بەڵام پەککەوتنی پەرلەمانی کوردستان ڕێگر بوو و نەتوانرا لە ڕووی یاساییەوە مافی کرێکرانی سەرشەقام دەستەبەر بکرێت.
وتیشی:سەندیکاکانی کرێکاران بەپێی یاسای ژمارە ٥٢ی ساڵی ١٩٨٧ نوێنەری یاسایی کرێکارانن بۆ بەرگری کردن لە مافەکانیان، لە سەندیکاکانی هەرێمی کوردستاندا نەتوانراوە بەپێی یاسا کاربکرێت، بەهۆی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و پەککەوتنی پڕۆسەی دیموکراسی لە ناوەندەکاندا، حزبە دەسەڵاتدارەکان دەستیان بەسەردا گرتوون، ئەمەش وایکردووە نەتوانن ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان لە داکۆکیکردن لە مافی کرێکاران ببێنن.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستبەری کۆمەڵایەتی، زیاتر لە ٣٠٩ هەزار کرێکار لە هەرێمی کوردستان ئەندامی سەندیکان و دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە، لەو ژمارەیەش هەزار و ١٠کرێکار خانەنشین کراون، ماف و شایستەکانی ئەم کرێکارانەش تاوەکو ئێستا بەپێی یاسای کاری ساڵی ١٩٨٧ـی یاسای خانەنشینی ساڵی ١٩٧١ـی عێراق ڕێکدەخرێت کەتەنیا دەستەبەری بۆ ئەو کرێکارانە دابین دەکات کە لە کۆمپانیان و شەریکاتەکاندا کارادەکەن.
هەنگاوەکانی خانەنشینبوونی کرێکاران لە کەرتی تایبەت لە تەمەنی ٦٠ساڵ بۆ پیاوان و تەمەنی ٥٥ساڵ بۆ ژنان کە مەرجە هەردوو ڕەگەز زیاتر لە ٢٠ساڵ خزمەتیان هەبێت، بڕی مووچەی خانەنشینی کرێکاران لە نێوان ٥٠٠هەزار بۆ دوو ملیۆن دیناردایە.
ئەو کرێکارانەی لەسەر شەقام یان بە ڕۆژانە کاردەکەن دەبێت خۆیان ئەو بڕە پارەی کە پێوستە بۆ دەستەبەری و خانەنیشینبوونی کە لە ١٢٪ لەسەر خاوەنکار و لە ٥٪ لەسەر کرێکار ئەوا دەتوانێت ببێتە ئەندام و دەستەبری خۆی دابین بکات بەڵام سەڕەی ئەمەش بە فەرمی ئەم هەناگاوەش لە یاساکاندا جێبەجێ نەکراوە واتا یاسا کرێکار ناچار بەم هەنگاوە ناکات و بەڵکو ئاروزومەندانەیە.
ڕێکخراوی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ دامەزراوە ئەم ڕێکخراوە پێکدێت لە پێنج حزب کە بریتین لە( پارتی، یەکێتی، شوعی، زەحمەت کێشان، کریستیان)، زیاتر لە ٣٠٠هەزار ئەندامیان هەیە، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم ڕێکخراوە ٣٤ ساڵە بەهۆی ناکۆکییەکانی ئەو حزبانەوە کۆنگرەی نەبەستووە.

سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستانە، بۆ رۆژنیوز ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجی سەندیکای کرێکاران داکۆکی کردنە لە کرێکاران لە هەموو بوارەکاندا، بەڵام تاوەکو ئێستا سەدیکاکانی کرێکاران هیچ کۆنگرەیەکیان ئەنجام نەداوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم ڕێکخراوە بە ڕێکەوتنی سیاسی و حزبی دامەزراوە،
ڕوونیشدەکاتەوە، دابەشکاری سەندیکای کرێکارانیش بۆ سەردەمی ٥٠ بە ٥٠ دەگەڕێتەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیکە لایەنێک قوبڵی نیە هاوسەنگی هێز بۆ لایەنێکی دیکە بەگەڕێتەوە، بۆیە دابەشکار تەنیا لە پۆستە باڵاکانی حکومەتدا نیە بەڵکو شۆڕبۆتەوە بۆ خوارەوەش.
دەروون ڕزگار دان بەوەدا دەنێت کە سەندیکای کرێکاران لە ئاستی بەرپرسیاریەتی ئەوەدا نەبوون کە داکۆکی لە کرێکاران بکەن و دەڵێت: ئەمەش بۆ بێتوانای سەندیکا دەگەڕێتەوە، چونکە لە یاسای دەستەبەردا لە ١٪ـی داهاتی دەستەبەر بۆ هۆشیارکردنەوەی سەندیکاکانە، ئەو داهاتەی ئێستا لەبەر دەستمانە ناتوانین موچەی خۆشمانی پێدابین بکەین.
بەپێی ئاماری شەش مانگی ئەمساڵی بەڕێوبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی سلێمانی هەزارو ٢٣٠ کرێکاری بیانی و خۆماڵی سودمەند بوون لە پاداشتی کۆتایی خزمەت کە بڕەکەی چوار ملیار و ٥٦٢ ملیۆن و ٧٥٤ هەزار ٣٥٠ دینار پاداشت دراوەتەوە بە کرێکاران،
هەر لەم شەش مانگەدا لە لایەن بەڕێوبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی سلێمانی هەزارو ٧١٧ سەردان بۆ پرۆژەکان کراوە لەو ژماریەش ١١ پرۆژەر لەسەر کێشەکانی تایبەت بە دەستەبەرکردنی کرێکار دراوە بە دادگاکان، بۆ ئەمەساڵیش ٣١٥ کرێکارخانەنشین کراون و ٢٠ مەماڵەی کرێکار تۆمار کراوە.

شیروان مەجید بەڕێوبەری دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارانە و بۆ ڕۆژنیوز ڕایگەیاند، بە پێی یاسای ژمارە ٣٩ـی ساڵی ١٩٧١ یاسای خانەنشینی دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەر کرێکارێک لە پرۆژەیەکدا کاربکات، لە چایخانەیەکەوە تا دەگاتە کۆمپانیاکان پێویستە دەستەبەری بۆ بکرێت، بەم دەستە بەرکردنە کرێکار کۆمەڵێک ماف وەردەگرێت گرنگترینیان خانەنشینکردنی کرێکارانە.
شێروان مەجید ڕوونیدەکاتەوە، بە پێی یاساکە کرێکار ئەگەر کرێکارێک لەو شوێنەی کاریتێدا دەکات دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆکرابێت دەتوانێت ئەو خزمەتەی بگوازێتەوە بۆ ئەرکە نوێیەکەی ئەگەر کرێکار بێکار بوو لە دوای ساڵێک دەتوانێت داوای پاداشتی خزمەت بکات، بەڵام باشترە کرێکار بەردەوام بێت تا لە ئایندەدا سودمەندبێت.
هـ.ح
