مێژوونووس پڕۆفیسۆر سوسەن بابایی ڕایگەیاند، ئەکتەری بەناوبانگی سینەمایی جیهان، بە ناوی زێندایا لە نمایشی فیلمی (ئۆدیسە)ـدا بە گوارەیەک دەرکەوتووە لە زێڕی دێرینی قەڵای (زیویە) لە شارۆچکەی سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دزراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمە دەستبەسەرداگرتنی کەلەپوورە و ڕەخنەی توندی لە بەکارهێنانی ئاسەوارە مێژوویییەکان وەک خشڵی ئارایش بۆ ڕێکلامی فیلمی هۆڵیوود گرت.

باسی لەوەش کرد، ئەو جووتە گوارەیەی کە زێندیا  بەکاریهێناوە مێژووەکەیان بۆ ٧٠٠ ساڵ پێش زایین و گەنجینەی سێ هەزار ساڵەی زیویە لە شاری سەقز دەگەڕێتەوە.

جێی ئاماژەیە، گوارەکان هی گالەری (بارۆن لەندەن)ـن، کە لە ساڵی ٢٠٢٥ کڕدراون و پەیوەندیدارن بە گەنجینەی (زیویە)، ئەم گەنجینەیە لە ساڵی ١٩٤٧ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆزرایەوە و دواتر بەشێک لە پارچەکانی تاڵان کران و بۆ موزەخانە و کۆکەرەوە تایبەتەکانی جیهان گواسترانەوە.

ئەمە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە ناوەندە ڕۆژئاواییەکان بەهۆی ڕاگرتن و نمایشکردنی ئاسەوارە تاڵانکراوەکانی گەلانی جیهانەوە، بەردەوام ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی نێودەوڵەتیی دەبنەوە.

ب.چ