هەرکاتێک پێ دەخەینە نێو مانگی ئابەوە ڕاستەوخۆ دوو پرسی گرنگی میژوویی دێتەوە یادمان. گرنگە لەیادیان نەکەین، بتوانین ئەزموونی زیاتریان لێوەی وەربگرین. ئەگەرچی مانگی ئاب خۆی، لە بنەڕەتەوە مانگێکە لە ڕووی کەشوهەواوە گەرمییەکی تاقەت پڕوکێنی خۆی هەیە. کەچی لە ڕووی مێژووییشەوە بۆ کورد پڕە لە داستانی گەرموگوڕ.
١٥ ئاب سەرەتا ڕۆژێکی گرنگی مێژووییە بۆ جیهان، بەتایبەتی گەلی کوردیش، لەم ڕۆژەدا توانیویەتی دەستکەوتی هەرەگرنگ بۆ پاراستنی زمان و کولتووری خۆی خەبات بکات. لە گرنگترین ئەو گۆڕانکارییانەی لەم ڕۆژەدا ڕوویدا لە جیهانی مڕۆڤایەتی، بریتی بوو لە خۆبەدەستەوەدانی ژاپۆن و کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم. هەرچی بۆ کوردیشە لەم ڕۆژەدا ڕۆژی بەرخۆدانی ئازایەتی بوو دژی فاشیستان.
١٥ ئابی ١٩٨٤، ئەو ڕۆژە بە پێشەنگایەتی فەرماندە مەعسوم کۆرکماز ناسراو بە هەڤاڵ (عەگید) یەکەمین دەنگی گوللـەی شۆڕشی دژی داگیرکارییە بەرفراوانەکانی دەوڵەتی تورکیای فاشیست تەقاند. ئەگەرچی کەسانێک بەبێ ئاگایی ڕەخنە دەگرن و دەڵێن گوایە ئەو ڕۆژە هیچ دەستکەوتێکی ئەوتۆی نەبوو بۆ کورد، جگە لە زیان و ماڵوێرانی هیچ بەرهەمێکی لێ نەکەوتەوە. بەڵام گرنگە تۆزێک بە وردی لە ڕووداوەکانی مێژوودا بکۆڵینەوە، لە پاشان بڕیاری ڕاست و درووست بدرێت. ئەگەر بهاتبایە ئەو ڕۆژە یەکەمین دەنگی گوللـەی ئازادی نەتەقێنرابایە، ڕاستەوخۆ کورد لە باکووری کوردستان دەکەوتە بەر شاڵاوێکی گەورەی سڕینەوە لەلایەن فاشیستانی ئەوکاتی تورکیاوە. چونکە دەوڵەتی تورک دەستی بەشەپۆلێکی بەرفراوانی داگیرکاری و هەوڵی سڕینەوەی زمان و شوناسی کوردی دابوو لەو سەردەمەدا، بەدیاریکراویش لە تەواوی ناوچە کوردییەکانی باکووری کوردستان. ئەگەرچی لە ڕاستیدا دەوڵەتی تورک توانی لە خوێندنگاکان ڕێگری لە زمان و کولتووری کوردی بکات. بەڵام تاکە شت دەوڵەت کە نەیتوانی ڕێگری لێ بکات، ئەویش ئیرادەی بەهێزی گەلی کورد و شۆڕشگێڕان بوو. سەرەتا لە قارەمانێتی یەک عەگیدەوە سەرهەڵدان دەستی پێکرد، بەڵام هەرزوو بە هەزاران عەگیدی دیکە هاتنە ڕیزی گۆڕەپانی بەرخۆدانەکان و خۆیان بە عەگیدی کوردان ناساند.
پێویستە ئەم جۆرە ڕۆژانە بە گرنگییەوە تەماشا بکرێت، دەبێت بە چاوێکی نەتەوەیی لێوەی بڕوانین و باسی بکەین. تەنانەت پێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەبێ جیاوازی باس لەم ڕۆژە بکەن. هەرگیز ڕۆژێکی گرنگی وەکو ئەم ڕۆژە نەخرێتە چوارچێوەی پرسی حزبی و کەسییەوە. چونکە دواجار ئەم ڕۆژە دەستکەوتی پاراستنی شکۆی گەلی کوردی بەخۆیەوە بینی.
هەرچی ٣١ـی ئابی ١٩٩٦، دەسکەوتێکی دیکەی گەلی کوردە، ئاخۆ چی جۆرە دەستکەوتێکە بۆ کورد؟ ٣١ـی ئاب دەستکەوتێکی ڕەشی لەبیرنەکراوی مێژووی خەباتی کوردە لە نێوان یەنەکە و پەدەکەدا. ئەگەرچی گەلی کوردی باشووری کوردستان ئاواتیان خواست لەدەستی دوژمنان ڕزگاریان بێت لە کوشتاری و داگیرکاری، بتوانن بۆ ساتێک لەژێر چەتری هێزی کوردیدا بحەسێنەوە.
بەڵام وەکو ئەوەی بڵێی لە فەرهەنگی زمانەوانیدا وشەی حەسانەوە بۆ کورد قەدەغەکرابێت و نابێت هەرگیز بحەسێتەوە. چونکە دواجار یەنەکە و پەدەکە بەبێ گوێدانە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد، لولەی چەکەکانیان ئاراستەی یەکدی کران، دواجار لەم نێوەندەدا بە هەزاران ڕۆڵەی کوردی قارەمان بوونە سوتەمەنی بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەکانی ئەم دوو جووت حزبەوە. ساڵانە لە کاتی نزیکبوونەوەی ئەم ڕۆژە ڕەشەدا، دەست بە تۆمەتبارکردنی یەکدی دەکەن، جێگای داخ و شەرمەزارییە بۆ بەشێک لە سەرکردەکانی ئەو دوو حزبە کە ڕۆژێکی ڕەشی وەکو ٣١ ئاب، بە دەستکەوتی گرنگ لە قەڵەم دادەنێن و شانازی بە خراپەکاری و خیانەتەکانیانەوە دەکەن.
ئەوەی پێویستە بیڵێم بە کورتی، کە هەڤاڵانی ١٥ـی ئاب تا ڕۆژی ئەمڕۆمان، بەردەوام بوونە لە خەباتی یەکێتی کوردان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لە چوار بەشەکەی کوردستان. هەرچی برادەرانی ٣١ـی ئابە تا ئەمڕۆ جگە لەو بارگرانییەی لەسەر شانی هاووڵاتییانی کورد درووستیان کردووە، هەر ڕۆژەو قەیرانێک و شکستێکی ئەم تاقمەی ٣١ـی ئابە بە نێوچاوانیانەوە دەبینین. سەرباری هەموو شکستەکانیان، بوونەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ پەرتەوازەیی نێو ماڵی کوردی لە ئەمڕۆدا.
ئەم وتارە ڕا و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی
ب. جـ
