لەتیف فاتیح فەرەج-نووسەر و ئەندامی کەنەکە
ئایە شێخ سەعیدی پیران، شێخ ڕەزای دێرسیم، سەعیدی نورەسی تیرۆریست بوون؟ كاتێك دەیانویست وا بژین وەك ئەوەی خودا ئەفراندوونی نەك وەك ئەوەی نەتەوەی سەردەست ڕێ و شوێنی ژیانیان بۆ دیاری دەكات و پێیان دەڵێت دەبێت بەو جۆرە بژین كە من دەمەوێت، دەوڵەت و بە تایبەت ئاكەپە و دواتر مەهەپەش، تایبەتتر ئەردۆغان و باخچەلی زۆر پێداگری لە توركیای بێ تیرۆر دەكەنەوە، بێئەوەی وردتر ماكی تیرۆر و بیری تیرۆریستی شیبكەنەوە و بكەرانی تیرۆر دەستنیشان بكەن، لە هەنگاوی چوارچێوەشدا دەیانەوێت وێنەكە وانیشانبدەن كە نەوە و هاوزمانەكانی ئەحمەدی خانی و مەلای جزیری و فەقێی تەیران تیرۆریستن، ئەمە شیكردنەوە و نیشاندانێكی تەواو هەڵە و ناجۆرە، تیرۆریستی ڕاستی ئەوە نییە كە بە چەكە شڕێكەوە لەو شاخانە بە كوردی گۆرانی دەڵێت و دەیەوێت زمانەكەی ئازادبێت و كەس لەسەر كورد بوون نەفرەتی لێنەكات وەك چۆن لە یەڵماز گونەی و ئەحمەد کایا كرا .
تیرۆریستی ڕاستی ئەو ئاوەزەیە كە زمان قەدەغە دەكات، كە لە جلوبەرگی كوردی دەترسێت، كە هێما کوردییەکان دەبینێت زەندقی دەچێت. تیرۆری ڕاستی هەر ئەوەیە كە نایەوێت جیاوازی نێو وڵاتەكەی ببینێت و لە وشەی كوردی دەترسێت، یانی تیرۆر ئەوەیە كە سەرەتا ڕێگری لە گۆرانی كوردی دەكات و لەسەر وشەی كوردی خەڵك سزا دەدات. پێویستە ئاكەپە ئەمە تێبگات تیرۆر كەی دەستی پێكرد، بۆ ئەوەی وڵاتی توركیا " توركیای بێ تیرۆر بێت" دەبێت زمان و گۆرانی و شاڵ و شەپك و دیلانێی كوردی ئازاد بكرێت، هەر ئەوەش توركیای بێ تیرۆرە.
پێشئەوەی كیژێ یان كوڕیژگەیەك لەو شاخانە بە كڵاشینكۆفێكەوە بە تیرۆریست ناوببرێت، دەبێت لێكۆڵینەوە لەو هەنگاوە تیرۆریستییە بكرێت داخوا چۆن كاتێك كەسێك بە دەنگی خەڵك دەبێتە سەرۆكی شارەوانی و شوێنێك لادەدرێت و قەیوومێك لە بری دادەنرێت. پێویستە ماكی تیرۆر لە بیركردنەوە و ئاوەزی تاك بە تاكی توركدا بسڕدرێتەوە كە پێی وایە توركیا یەك نەتەوە و یەك زمانە، لە كاتێكا گەلێكی گەورەی دەوڵەمەند و خاوەن ژیار و كولتوور و شارستانییەتی وەك كوردیش پاش ئەو هەموو نكوڵی لێكردن و سڕینەوە و جینۆسایدە هەیە و خۆی دەپارێزێت و لەناو پەرلەمانی توركیا نوێنەری هەیە. سڕینەوەی تیرۆر بەر لە دانانی چەكە شڕەكان و سووتاندیان، بەرلەوەی یاسای سزا بۆ عەگید و تەواری كورد دەربكرێت، سڕینەوەی ئاوەز و بیركردنەوە و نكوڵیكردنە لە بوونی ئەوی تر.
توركیای بێ تیرۆر كاتێك توركیایەكی تەواو دیموكراسی و پێشكەوتووە كە مافی ئەوی تر پارێزراو بێت، كە لەسەر ناوبردنی وشەی كوردستان خەڵك سزا نەدرێت. پێش ئەوەی ئەردۆغان و باخچەلی توركیای بێ تیرۆریان بوێت، كورد، قەندیل و ئیمرالی ئەوەیان دەوێت، لەبەر ئەوەی قوربانییەكە كوردە و جەلادەكە ئەوی تر. لەم ڕۆژانەی پێش لە دەنهاخ گوێگری دانیشتنێكی چیرۆكی ناخ هەژێنی دێرسیم بووم كە چەند پڕۆفیسۆرێك ئازارەكەیان دەگێڕایەوە. با ئەردۆغان و باخچەلی گوێ لە ئازاری دێرسیم بگرن و بپرسن كێ تیرۆریستە؟ توركیای بێ تیرۆر داننانە بەو ئازارە گەورەیەدا، هەموومان توركیای بێ تیرۆرمان دەوێت، پێویستە توركیش توركیای بێ تیرۆریان بوێت و ئاوەز و بیركردنەوەی خۆیان بگۆڕن.
هەموو هەوڵێك بۆ نكوڵی كردن لە كورد كارێكی تیرۆریستییە، هەموو بە گژاچوونەوەیەكی بوونی كورد لە كوردستانی دابەشكراو كارێكی تیرۆریستییە، دەركردنی ئەحمەد کایا لە توركیا لەسەر وتنی گۆرانی كوردی كارێكی تیرۆریستی بوو، دەبێت بەو جۆرە پێناسەی تیرۆر بكرێت، هەر دایكێك، وەرزێرێك ، گوندییەك توركی نەزانێت و لەسەر نەزانینی توركی وەك كەمتر لە تورك سەیری بكرێت كارێكی ئەو پەڕی تیرۆریستییە و دەچێتە خانەی جینۆسایدەوە، بەر لەوەی تورك توركیای بێ تیرۆری بوێت، كورد توركیای بێ تیرۆری دەوێت. لە کۆتایشدا "بەختەوەر ئەو كەسەیە دان بە مافی ئەوی تردا بنێت."
ئەم وتارە ڕا و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی
ب. جـ
