پەیامنێرمان لە بەغداد سەبارەت بە هۆکارى دەستپێکردنى خۆپیشاندانى ئەمڕۆى فەرمانبەران و داواکارییەکانیان، زانیارى نوێی خستەڕوو.
پەیامنێرمان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە مەیدانی تەحریر بە ئامادەبوونى دەیان کەس لە ناوەڕاستی بەغدادی پایتەخت خۆپیشاندانیان دەستیپێکرد، خۆپیشاندەران داوایان کرد پێداچوونەوە بە مووچەی سێ سەرۆکایەتییەکە، بەرپرسان، پلە تایبەتەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بکرێت و جیاوازیی نێوان ئەوان و مووچەی فەرمانبەران کەم بكرێتەوە.
خۆپیشاندەران داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، خێرا بکەن لە پەسەندکردنی شێوازێکى نوێی مووچە کە مافی فەرمانبەران مسۆگەر بکات و هاوسەنگی لە نێوان دامەزراوە جیاوازەکانی عێراقدا بەدی بێنێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەچەند ڕۆژى ڕابردوو سەدان دەرچووى بەشە پزیشکییەکانی زانکۆکانى عێراق هاتنە سەر شەقام و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داواى دامەزراندن و هەلی کاریان دەکرد.
هـ.ئ
