دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق سەبارەت بە دەستگیرکردنى باندێکى ساختەکاریی و چەندین مۆر و پارەى ئەو باندە، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەدواداچوونی تۆڕەکانی گەندەڵی و تاوانی ڕێکخراو، بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگریی ورد، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەری تایبەتمەند هێزەکانى دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی لە پارێزگای بەسرە، توانییان تۆڕێکی مەترسیداری تایبەت بە ساختە و فرت و فێڵ تێکبشکێنن.
ئاماژەى بەوەشکرد، سەرەتا ئۆپەراسیۆنەکە بووە هۆی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری خوێندنگەیەکى سەرەتایی، بەهۆی ئەوەی هەستاوە بە ساختەکردن و بەڕێکردنی مامەڵەى قەرەبووکردنەوەی زەوییەکانی کێڵگەی نەوتیی 'غەرب قورنە' و دەستبەسەرداگرتنی ملیاران دینار، هەروەها لەگەڵیدا ٣٦ مۆری فەرمیی لایەنە حکومی و عەشایەرییەکان و بڕێکی زۆر پارە دەستی بەسەردا گیرا، جگه لەوەی خاوەنی چەندین خانوو و باڵەخانەی نیشتەجێبوون بووە، کە لەم ساختەکارییەکانى بەدەستی هێناون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانى پەیوەست بە دۆسییەکە، دانپێدانانەکانی تۆمەتباری یەکەم بووە هۆی دیاریکردنی شوێنی دوو هاوبەشی لە کارەکەدا و دەستگیرکردنیان، کە یەکێکیان بەڕێوەبەری هۆبەیە لە یەکێک لە شارۆچکەکانى پارێزگاکەدا، بەمەش ژمارەی دەستگیرکراوان بۆ سێ تۆمەتبار بەرزبووەوە.
لە کۆتایدا باس لەوە کراوە، تۆمەتباران بەپێی ڕێکارە یاساییەکان ڕاگیراون و ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەریان.
هـ.ئ
