فەرماندەیی پۆلیسی بابل سەبارەت بە ڕوودانى تاوانێکى گەورەى نامرۆڤانەى کوشتنى ژنێک لەلایەن کوڕەکەیەوە، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

 لەڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، دوای گەیشتنی زانیاری لە ژووری ئۆپراسیۆنەکانەوە سەبارەت بە ڕووداوێکی سووتان، مەفرەزەکانی هۆبەی نەهێشتنی تاوانی چوونە شوێنی ڕووداوەکە، لەوێ ماڵێکی بچووکیان دۆزییەوە کە بە تەواوی ئاگر گرتبوو، لەو کاتەدا ژنێک لە ناوماڵەکەدا دەسووتا.

ئاماژە بەوەشکرا، دوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەى مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیس ڕاستییەکان ئاشکرا بوون، لەێکۆڵینەوەکان دەرچوو کە کوڕەکەى خۆی سوتاندوویەتى، ئەو کوڕە کەسێک پێشنەدارە و پێشتر تاوانى دیکەى ئەنجامداوە و ئیستاش دایکى خۆی سووتاندووە.

ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبارەکە بەپێی دانپێدانانەکانی، نەوتی هێناوە و کردوویەتی بە سەر دایکی و گۆشەکانی ناو ماڵەکەدا، پاشان ئاگری تێبەردابوو و شوێنەکەی جێهێشتبوو، دواترلە دەرەوە دەستى کردووە بە هاوارکردن تا وای نیشان بدات داوای یارمەتی دەکات، کە دەیویست لە ڕێگەیەوە تاوانەکەی بشارێتەوە.

لە کۆتایدا باس لەوەشکرواە، وتەی تۆمەتبارەکە بۆ دانپێدانان تۆمارکراوە و لەلایەن دادگاوە پەسەندکراوە، ڕێکاری یاسایی پێویستی لە دژ گیراوەتە بەر.

هـ.ئ