لەگەڵ هێوربوونەوەی ئاگری جەنگەکە، سەرنجەکان لە ناوەوەی عێراق گواسترانەوە بۆ داهاتووی ئەم گرووپانە و چەکەکانیان، بەتایبەتی لەگەڵ زیادبوونی گوشارەکانی ئەمریکا و جووڵەی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی پلانی کۆنترۆڵی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، هەروەها لایەنە حکومی و سیاسییەکان پەیوەندییەکانیان چڕتر کردووەتەوە بۆ خۆدەربازکردن لە قەیرانێکی ئەمنى نوێ، لە کاتێکدا وڵات ڕووبەڕووی ئاستەنگی ئابووری، ناکۆکی سیاسی و دابەزینی ئاستی خزمەتگوزارییەکان بووەتەوە.

عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانى عێراق لە ئەنجامی ڕێککەوتنێکی سیاسی هاتە سەر دەسەڵات، کە هێزە بەشداربووەکانی حکومەتی کۆکردەوە، بەڵام وتارێکی ڕوونتر لە بەرامبەر بڕگەکانی گەندەڵی، چەک و پەیوەندییە دەرەکییەکان هەڵبژارد، کە ئەمانەش دۆسیەیەکن دواخستنیان لە قۆناغی ئێستادا ئەستەمە.

حکومەتەکەی زەیدی بەپێی پلانێک کار لەسەر بنەمای فراوانکردنی وەبەرهێنان ، ڕەخساندنی دەرفەتی ئابووری نوێ، ڕێکخستنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتە کاریگەرەکاندا دامەزراوە دەکات، حکومەت پێی وایە سەرکەوتنی ئەم پلانە پێویستی بە سەقامگیریی ئاسایش و بڕیارێکی سەربازیی یەکگرتوو هەیە، کە خاوەنی ملکەچ بوون بێت بۆ دامەزراوە ڕەسمییەکان.

دۆسیەی چەک بە یەکێک لە دیارترین ئاستەنگەکانی بەردەم ڕاکێشانی وەبەرهێنان دادەنرێت، چونکە کۆمپانیا بیانییەکان بەدوای ژینگەیەکی سەقامگیر، یاسای کارا و دامەزراوەی تواناداردا دەگەڕێن بۆ پاراستنی پروژەکان و کارمەندەکانیان، بەم هۆیەوە حکومەت هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی چەک وەک بەشێک لە چاکسازیی ئابووری بخاتە ڕوو، نەک تەنیا وەک ڕێکارێکی ئەمنى.

عێراقییەکان چاوەڕوانی ڕێکارێک دەکەن، کە متمانەیان بۆ دەوڵەت بگەڕێنێتەوە دوای ساڵانێک لە قەیران، نەبوونى خزمەتگوزاریی و گەندەڵی، هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ژمارەیەک بەرپرسی تۆمەتبار بە گەندەڵی سەرنجی جەماوەری ڕاکێشا، هەروەها قسەکردنی ڕاشکاوانە لەبارەی کۆنترۆڵی چەک پشتیوانیی ئەو توێژانەوە بەدەسهێناوە، کە پێیان وایە سەقامگیری لە ملکەچبوونی هەمووان بۆ یاساوە دەست پێ دەکات.

ئەم پشتیوانییە بە بەردەوامی بە جدیی جێبەجێکردن و دادپەروەرییەکەیەوە بەستراوەتەوە، چونکە هاووڵاتی دەیەوێت ڕێکارێک ببێنێت کە تەواوی لایەنەکان بگرێتەوە و لەسەر لایەنە بێهێزەکان یان کەسایەتییە کەمتواناکان نەوەستێت، هەروەها چاوەڕێی ئەنجامی ڕوون دەکات.

لە بەرامبەردا، حکومەت جەخت لەسەر بەردەوامبوونی دەکاتەوە لە جێبەجێکردنی پلانی کۆنترۆڵی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، بەتایبەى لەگەڵ نزیکبوونی ٣٠ـى ئەیلوول، کە وادەی دیاریکراوە بۆ کۆتاییهێنان بە هەر چالاکییەکی چەکداری لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکان.

لەگەڵ بەردەوامبوونی هەندێک گرووپی ناو حەشدی شەعبی لە دەستگرتن بە چەکەکانیانەوە و ڕانەگەیاندنی هەڵوێستێکی ڕوون لەسەر میکانیزمی ڕادەستکردن و تێکەڵبوون، مەترسییەکان ڕوو لە زیادبوون دەکەن، کە ئەمەش دەرگا لەسەر ئەگەری سیاسی و ئاسایشی جۆراوجۆر دەکاتەوە.

پێشتر هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت جەختی کردبووەوە، هەر چالاکییەکی چەکداری لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت دوای ٣٠ـى ئەیلوولی ٢٠٢٦، بەپێی یاسای دژە تیرۆر ڕووبەڕووی دەبێتەوە،  جەختی لەسەر ڕێگری لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و قۆرخکردنی بڕیاری جەنگ و ئاشتی لە دامەزراوە دەستوورییەکاندا کردبووەوە.

ئەم هەڵوێستە ئاماژەیە بۆ گواستنەوە لە داواکارییە سیاسییەکانەوە بۆ دیاریکردنی مۆڵەتێکی دیاریکراو کە ڕێکاری یاسایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەروەها حکومەت دەخاتە بەرامبەر بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنی ئەوەی ڕایگەیاندووە و گرووپەکان دەخاتە بەرامبەر بژاردەی دیاریکردنی داهاتوویان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.

ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ گرووپەکان ڕەنگە ببێتە هۆی تێکچوونی ئەمنى، کە کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەم بێت، بەتایبەتی کە ئەم گرووپانە خاوەنی چەکدار و هەژموونی سیاسی و کۆمەڵایەتین لە ژمارەیەک پارێزگادا، بەردەوامبوونی دۆخی ئێستاش واتە هێشتنەوەی بڕیاری چەک بە دابەشکراوی لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان و بەردەوامبوونی ئەگەری بەکارهێنانی خاکی عێراق لە ململانێ هەرێمییەکاندا، کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی وڵات ناکات، لەبەر ئەوە هیچ چارەسەرێکی کرداری دیار نییە جگە لە تێکەڵکردنی چەکدارانی گرووپەکان لە دامەزراوە ئەمنى و سەربازییەکاندا.

هەروەها تێکەڵکردن بە مانای گۆڕینی ناوی گرووپەکان یان پێدانی سیفەتی فەرمى بەوان لەگەڵ هێشتنەوەی سەرکردایەتی، چەک و بڕیارە سەربەخۆکانیان نایەت، تێکەڵکردنی ڕاستەقینە پێویستی بە کۆتاییهێنان بە گرووپە چەکدارە جیاوازەکان، ڕادەستکردنی چەکەکانیان بۆ دەوڵەت و ملکەچکردنی ئەندامەکانیان بۆ یەک فەرماندەییە.

ئەم ڕێڕەوە پێویستی بە وردبینی لە دۆسیەی ئەندامان، دیاریکردنی کەسانی شیاو بۆ خزمەتکردن و دووبارە ڕاهێنانیان، دەستەبەرکردنی مافە یاسایی و داراییەکان هەیە، حکومەت پێویستی بە دیالۆگێکی ڕوون لەگەڵ سەرکردەی گرووپەکان، خشتەیەکی کاتیی ڕاگەیەندراو و دەستەبەری یاسایی هەیە، کە ڕێگری لە تۆڵەسەندنی سیاسی یان بەئامانجگرتن بکات، هەروەها پێویستی بە پشتیوانی هێزە سیاسییەکان، مەرجەعە ئایینییەکان و دامەزراوە دەستوورییەکان هەیە تاوەکو دۆسیەکە نەبێتە ڕووبەڕووبوونەوەی حزبی.

سەرکەوتنی پلانی تێکەڵکردن هەلێک دەداتە حکومەت بۆ کۆتاییهێنان بە دووفاقیی بڕیاری سەربازی بێ ئەوەی وڵات ئاڕاستەی پێکدادانی بەربڵاو بکات، هەروەها مافی ئەو چەکدارانە دەپارێزێت، کە بەشدارییان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا کردووە و ڕێگری لە بەردەوامبوونی گرووپە چەکدار دەکات، کە لە دەرەوەی فەرمانی دەوڵەتدا کار دەکەن.

٣٠ـى ئەیلوول وەک وێستگەیەکی گرنگ لە دیاریکردنی ئاڕاستەی ئەم دۆسیەیەدا دەمێنێتەوە، یان پرۆسەیەکی تێکەڵبوونی واقیعی و ڕێکخراو دەست پێ دەکات، یان چەک وەک هۆکارێکی بەردەوام بۆ گرژیی ناوخۆیی، گوشاری دەرەکی و پەکخستنی پروژەکانی سەقامگیری و گەشەپێدان دەمێنێتەوە.

ئەم وتارە ڕا و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی

هـ.ئ