بڕیاری سووتاندنی چەکەکان تەنیا ڕێکارێکی تەکنیکی نەبوو، بەڵکو پەیامێکی سیاسی بوو، بڕیاری کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری بڕیارێکی خۆبەخشانە بوو، نەک دەرئەنجامی ڕاددەستبوون یان شکستی سەربازی، لەناوبردنی چەکەکان ڕێگری دەکات لە دووبارە بەکارهێنانەوەیان، بەمەش سەنگى خۆی لە چاوی لایەنگرانیدا دەپارێزێت.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دۆزی ناسیۆنالیستی تایبەت بە ناسنامە و مافەکانی کوردەوە سەریهەڵدا، خەباتی چەکداری وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییە دیاریکراوەکان سەیر دەکرد نەک ئامانجێکى دیارکراوە، بە گۆڕانی ژینگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و کەمبوونەوەی توانای بژاردەی سەربازی، پەکەکە لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەرفەتێکی بۆ داڕشتنەوەی شێوازەکانی خەباتی خۆی بەبێ دەستبەرداربوون لە مێژوویی خۆی یان داواکارییە سیاسییەکانی خۆی دۆزییەوە.

گرنگی بەراوردکردنی گرووپە چەکدارەکان لەوەدایە کە بنەڕەت و ئەرکەکانیان لێک جیاوازن، لە زۆر حاڵەتدا، ئەو گرووپانەی لەسەر بنەمای بیروباوەڕی ئایدیۆلۆژی یان تائیفی دروست دەبن، پاش ماوەیەک دەگۆڕێن بۆ هێزی خاوەن بەرژەوەندیی گەورەی سیاسی و ئابووری، لە لای ئەوان، چەک چیتر ئامرازێکی کاتی نییە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو، بەڵکو دەبێتە هۆکارێک بۆ سەپاندنی هێز و هەژموون.

لە دۆسییەی عێراقدا، چاودێران پێیان وایە، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان چیتر تەنیا ڕۆڵی سەربازی نابینن، بەڵکو بوونەتە بەشێک لە تۆڕێکی ئاڵۆزی پێگەى سیاسی و ئابووری کە بەستراوەتەوە بە دامەزراوە فەرمییەکان و سەرچاوە داراییەکانی دەوڵەتەوە؛ ئەمە جگە لەوەی بەشدارییەکی کاریگەریشیان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئیدارەی وڵاتدا هەیە.

لەم دۆخەدا، هەر باسێک لەسەر داماڵینی چەک یان تێکەڵکردنی ئەم گرووپانە لەناو دەزگاکانی دەوڵەتدا، ئەم پرسیارە جدییە دەوروژێنێت: ئایا ئەم هەنگاوە گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەیە بۆ ئەوەی تەنیا دەوڵەت خاوەنی چەک بێت، یان تەنیا ڕێکخستنەوەی پەیوەندی نێوان ئەم گرووپانە و دەوڵەتە، بە جۆرێک کە پێگە و هێزی گرووپەکان وەک خۆی بمێنێتەوە؟

فشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت لەلایەن ئەمریکاوە، جاروبار ئەم گرووپانە ناچار دەکەن هەنگاوی ڕۆتین بنێن؛ وەک ڕادەستکردنی بەشێک لە چەکە قورسەکانیان یان گۆڕینی پێکهاتەی ڕێکخراوەییان، بەڵام ئەم ڕێوشوێنانە بە مانای کۆتاییهاتنی کاریگەریی چەکداری نایەت، ئەگەر بێتو سەرچاوە داراییەکان، توانای سەربازی و پێکهاتە بنەڕەتییەکانیان وەک خۆیان بمێننەوە، یان ئەگەر هێشتا چەک وەک کەرەستەیەک بۆ ترساندنی نەیاران و کارکردنە سەر بڕیارە سیاسییەکان بەکاربهێنرێت.

لێرەدا جیاوازییەکی ڕوون هەیە لە نێوان دوو جۆر چەکدا

چەکی کاتی: تەنیا بۆ قۆناغ و بارودۆخێکی تایبەت هەڵدەگیرێت و لەگەڵ نەمانی ئەو بارودۆخەدا کۆتایی دێت، لێرەدا دەستبەرداربوونی چەکەکە دەبێتە سەرەتایەک بۆ چوونە ناو کایەی سیاسیی مەدەنی.

چەکی هەمیشەیی: دەبێتە ئامرازێکی بەردەوام بۆ پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکان، مانەوەی ئەم جۆرە چەکە هاوسەنگی نێوان دەوڵەت و گرووپە چەکدارەکان تێکدەدات و ڕێگرە لەوەی دەوڵەت کۆنترۆڵی تەواوی هێز بکات.

بایەخ و بەهای ئەخلاقیی چەک بەو درووشمانە ناپێورێت کە لەسەری دەنووسرێت، بەڵکو بەو ئامانجە دەپێورێت کە خزمەتی دەکات، هەروەها بە ئامادەیی خاوەنەکەی بۆ دەستبەرداربوونی کاتێک کە ئیتر پاساوی هەڵگرتنی نامێنێت، کاتێک چەک دژی گەل و بۆ پاراستنی گەندەڵی یان سەپاندنی ویستی سیاسی بەسەر هاووڵاتییاندا بەکارهات، هەموو ڕەوایەتییەکی ئەخلاقی لەدەست دەدات.

لەکاتێکدا، دەستبەرداربوونی خۆبەخشانە لە چەک، بەهایەکی سیمبولی گەورە بەدەست دەهێنێت، چونکە ڕێگا خۆش دەکات بۆ بنیاتنانی ژیانێکی سیاسی لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا و دامەزراوەکان، نەک لەژێر سێبەری لوولەی تفەنگدا.

ئەم وتارە ڕا و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی

هـ.ئ