پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، جوتیارانی شارۆچکەی کەلار، چەمچەماڵ و شارەزوور لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان گردبوونەوە و داوای خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان کرد.
عوسمان ئەمین، یەکێک لە جوتیارەکان ڕایگەیاند، سبەینێ لە بەردەم وەزارەتی دارایی عێراق خۆپیشاندانێکی فراوان ئەنجام دەدەین، ئێمەش وەکو نوێنەری جوتیارانی کوردستان بەشدار دەبین بۆ ئەوەی مافەکانی ساڵی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦ـمان بۆ بگەڕێننەوە.
وتیشی: لە خۆپیشاندانەکان بەشدار دەبین، بۆ ئەوەی نەڵێن جوتیارانی کوردستان لە داواکردنی مافەکانیان کەمترەخەمن، هەر بۆیە ئێمەش دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ جوتیارانی دیکە، ئێمە تەنها لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا ١٤٠ ملیار دینارمان لای حکومەتی عێراق ماوە.
ئەو جوتیارە ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە وەکو نوێنەری جوتیارانی کوردستان دەچین داوای مافی جوتیارانی کوردستان و عێراقیش دەکەین، تەنها لە ئەمساڵدا سێ ترلیۆن و نیو پارەی سەرجەم جوتیارانی عێراق لای حکومەت ماوە و خەرج نەکراوە، بۆ ئەوەی جوتیاران بێدەنگ بکەن، دەنگۆیەک هەیە بۆ ئەوەی جوتیاران بەشداری خۆپیشاندانەکانی بەغداد نەکەن، دەڵێن ٣٥٠ ملیار دینار خەرجکراوە.
ڤ.م
